سەرکەوتی جیهاز & بەختیار نامیق: تەوافقی سایسی یان ڕێککەوتنی وڵاتانی زل هێزی ناوچەیی لە عێراقدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەمو ئەم دۆسیانە کە ئێستە هەن, جگە لە ململانێی هیزە لۆکاڵییەکانی ناو عێراق هیجی تر نیە. دۆسیەکانی نەوت و بودجە و دادگای فیدڕاڵی و پەرلەمان و هەمو ئەم باسانە کە لەسەر شاشەکاندا ڕۆژانە مێشکی هاوڵاتی عێراقی و هەرێمی پێوە سەرقاڵ دەکرێت ڕوداوی سیناریۆ ئاسای سەر شانۆ و سەر ڕوی تیڤییەکانە. ئەوەی دەگوزەرێ لە عێراقی دوای سەدامدا، جگە لە گواستنەوەی سەکۆی ململانێکانی هەرێمی و جیهانی بۆ سەر ساحەی عێراقی، هیچی تر نیە. دوای سەدام عێراق بەدەست کۆمەڵیک هێزەوەیە کە هەر یەکێکیان سەر بە ئەجێندای وڵاتێکی زل هێزی ناوچەییە، بە تایبەت ئێران و تورکیا بە گڵۆپی سەوزی وڵاتانی زل هێزی جیهانیەوە. ئەوەشی هەیە لە عێراقدا ناویان ناوە، سازانی سیاسی ( تەوافقی سیاسی ) کە لە مەجلیسی حکومەوە دەستی پێ کرد، ئەم تەوافقە زادەی بیری عێراقی نەبوە. واتا بەرهەمی عەقڵی سیاسی حیزبە عێراقییەکان نەبوە، بەڵکو ڕێککەوتنی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیی بوە لەسەر عێراق و هەندی وڵاتی تر، هێزە عێراقیەکانیش ئەوەی سەر بە یەکێ لەم هێڵانە نەبوبێت، ئەوا هەر زوو سفر کراوەتەوە. ئەگەر زۆر نیشتمانیش بوبێت ( سەدر و نەوشیروان مستەفا)، لە هەرێمیش ڕێککەوتنی ستراتیژی هەیە لە نێوان تورکیا و ئێراندا بە گڵۆپی سەوزی وڵاتە زل هێزەکانەوە کە بنەماڵەکانی ( مەلایی و جەلالی ) نمایندەی دەکەن.
تەوافقی سیاسی حکوم لەسەر هەمو دۆسیەکان دەکات، ئیتر ئەوەی ناو دەنرێت پەرلەمان و داداگای فیدڕاڵی و سەرۆکایەتی و حکومەت لەسەر ئەم نەخشە دابەشکارییە بە پێێ بەرژەوەندی هاوبەشی بە پلەی یەکەم تورکیا و ئێران و بە پلەی دوەم وڵاتانی زل هێز ڕەسم کراوە. ئیتر هەمو دامەزراوەکان لەسەر ئەم ڕەسمە دابەش کراوە، هەر لە مەجلیسی حوکمەوە تا ئێستا تەوافق دەستەڵاتی یەکەم ( سەرۆکایەتی بۆ کورد، حکومەت شیعە و پەرلەمان سونە ). ئەم دابەشکاریە ڕەگێکی مێژویی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ڕێککەوتنە کۆنەکان، واتا بڕیارەکان لە عێراقدا لۆکاڵی نین و لە دەرەوە بڕیار لەسەر دۆسیەکان دەدرێت.
لە کوردستانیشدا هەمان دابەشکاریە و (ڕێککەوتنی ستراتیژی) پەنجا بە پەنجا لەهەمو ئاستەکاندا هەیە بە دابەشکاری جوگرافی و بودجەشەوە، بۆ دۆسیە گەورەکان، ئەنقەرە و تاران بە پێی بەرژەوەندی هاوبەشیان بڕیار دەدەن. تەنها بۆ کارە خزمەتگوزارییەکانیان دەتوانن بڕیار بدەن، حیزبەکانی تریش هەر یەکەیان سەر بە یەکێ لەم زۆنانەیە، یان سەر پشکیان هەیە لە هەردولا. هەرێمیش بە حوکمی ژینگەی سیاسی و ئابوری شوێنێکە، بوەتە سەکۆی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان وڵاتە زل هێزەکانی ناوچەیی و جیهانی.
تەوافقی سیاسی عێراقی و ڕێککەوتنی ستراتیژی هەرێم دوو دیوی یەک دراون، کە بۆ هەرێم و عێراق دانراوە و کۆنتڕۆڵەکەی لە ئەنقەرە و تارانە، لە گەورەتریشدا (کارت بە کارت ) سوریا بۆ تورکیا و عێراقیش بۆ ئێران و بە پاراستنی بەرژەوەندی هەر یەکێکیان لەو وڵاتەی بەری دەکەوێ و بێدەنگی ئەوی تریان ( بوردمان کردنی هەولێر لەلایەن درۆنەکانی ئێرانەوە و بێدەنگی تورکیا و گرتنی عەفرین لەلایەن تورکیا و بێدەنگی ئێران ).
ئیتر ئەوەی دەگوزەرێ کە گوایە پەرلەمانی عێراقی فڵان بڕیاریدا و دادگا فڵان بڕیاریدا، یان فلان هێز دەیەوێ فڵان هێز بسڕێتەوە و یان عێراق دەیەوێ هەرێم لەسەر نەخشە نەهێڵێت، جگە لە سیناریویەک وەک بەرنامەی کارتۆنی منداڵاکان لە تیڤییەکانەوە هیچی تر نیە. کاتێک ئەمانە گۆڕانکاری بەسەردا دێت کە لە سەنتەرەوە واتا ئەنقەرە و تاران ململانێکایان ببێت بە جەنگ و بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان تێک بچێت، لە پشتی ئەمانەوە هیزی دادگا و دەستور و سیستەمی وڵات ئەو گەمژاندنەیە کە خەڵکی پێوە سەرقاڵ دەکەن و گەندەڵێش بۆ وڵاتانی داگیرکەر ژینگەیەکی باشە تا سەرکردەکانی پێ بکەن بە کۆیلەی ئەجێندای خۆیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت