عەبدولکەریم شێخانی: پێم وایە ئەم جارەش هەناری مێخۆش هەر خۆشە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتکە و پرتکە/ 14- 11- 2022
لە کوردەواریی خۆمان دەڵێن ئادەمیزاد شەڕ و تڕ بەدەست خۆى نییە, بەڵام من دەڵێم خەونیش هەر وایە. چونكە كەس خەون بە خواستي خۆی نابينێ و ڕەنگە بە کەمێک خۆڕاگرى خۆى لە یەکەم و دووەم ڕزگار بکات. بەڵام خەون بینین کەس بەدەست خۆی نییە. من یەک لەبارەخۆم کەمتر خەونم بیر دەمێنێ, بەڵام هەندێک خەون خۆیان لە مێشکمدا دەنەخشێنن و پێوەى دەنووسێن. خەونى ئەم جارەمم باش لەبیرە. بڕوابکەن خەونی ڕاستییەو وەکو(لەخەوما)کەى جەمیل صائیب نییە کە باسى کەموکووڕییەکان دەکات و دواتر وەکو دەڵێن پیرەمێردیشی تێوە گلا و شیخی نەمر دڵێ لێی ئێشا، ئەویش ئەو شیعرە بەرزەى ( ئەبێ بەخشندە مل کەچ کا) ى بۆ نووسی:
ئەبێ بەخشندە مل کەچ کا، لە عاستی مووچەخۆرى خۆى
سوراحی بۆ پیاڵە سەرفرۆ دێنێ، کە تێکا بۆى
کە ئاو دارى لەسەر سەر گرتووە، ئەزانێ چی تیایە
لەلاى نەنگە کە پەروەردەى نقووم کا، گەورەیی وایە
مەبەستم ئەوەیە بڵێم پیاوى گەورە دەبێ (بارقووڵ) بێت، واتە ( حلیم ) بێت و زوو تووڕە نەبێت، چونکە ئەو وەکو خەڵکی دیکە نییە کە تەنیا مامەڵە و هەڵسوکەوتی لەگەڵ چەند کەسێکی دیاری کراودا هەبێ. بەڵکە ئەو پیاوە گەورە دەسەڵاتدارە بەرپرسی میللەتێکە کە ڕا و بۆچوونی جیاوازیان هەیە و دەبێ هەوڵ بدات دڵی هەموویان ڕاگرێ. چونکە گەر تەنیا بە دڵی خۆى بکات حوکمداریی دادپەروەرانەى بۆ ناکرێ و واى لێ دێ میللەت و سەرۆک هەر یەکە لە ئاوازێکی لێک جیا دەخوێنن. وەکو گوتم من خەونەکەم بۆ مەبەستێک دروست نەکردووە, بەڵکو بەڕاستى ئەو خەونەم دیوە.
شەو لە خەونمدا, خوا خێران کا, ( نزار قبانی) شاعیرى بەرزو ناودارى عەڕەبم بینى، هەر وەک جاران کە دەردەکەوت شیکپۆش و ڕووگەش, ڕاوەستابوو. منبش سڵاوم لێ کرد و بە زەردەخەنەیەکەوە گوتم: (( أستاذى ما رأیک فی قصیدة تکون بمثابة ( مدقة ) تدق بها رؤوس الطغاة ) ؟ کەمێک گرژیەوە و سەیرێکی کردم و قسەى نەکرد. لەولاوە چەند کەسێک ڕاوەستابوون نەمدەناسین, یەکێکیان گوتی: کوڕە ئەوە تۆ دەڵێی چى؟ ئێستا بۆتە باو سەرۆکی وڵاتان منداڵەکانی خۆیان هەر زوو فێری حوکمدارى دەکەن بۆ ئەوەى ئەگەر ( خوانەخواستە ) ئەوان مردن, منداڵەکانیان جێیان بگرنەوە و میللەت و وڵات بێ سەرۆک نەبن. ئیدى لێرە خەبەرم بووەوە.
(مدقة) واتە کوتک ( کوتەک). کوتەکیش چەند جۆرێکە گەورەو بچووک. لە هەموویان گەورەتر کوتکی ساوار کوتانەوەیە کە ئێستا نەماوە، چونکە ساوار بە مەکینە دەکوترێتەوە. ساوار کوتانەوەش چەند جۆرێک بوو, خوا یار بێ لە دەرفەتێکدا باسی ئەوجۆرەتان بۆ دەکەم کە خۆم دیومە و ڕەنگە لە شوێنی دیکە بە جورێکی دی بووبێ.
ماوەیەک پێش ئێستا ئەمەم خوێندۆتەوە ودەمەوێ بۆتانی باس کەم. پیاوێکی ڕەنجدەر عەڕەبانەیەکی لە کەرەکەى بەستبوو شتومەکی پێ دەگواستەوە, دەڵێ کوڕەکەم لە قوتابخانە زۆر زیرەک بوو, کە لە پۆلی شەش دەرچوو نمرەکانی زۆر باڵا بوون لو قوتابخانەیەک وەرگیرا کە تایبەت بوو بە منداڵانی پیاوى دەوڵەمەند و باڵادەست. زراوم چوو بوو لەوەى کە کوڕەکەی من لە هەموو شتێک لەخوار ئەوانەوەیە, لە جل و بەرگ و کەلوپەلی قوتابخانە و خواردن و هاتوچۆ .. ئەو تەنیا لە خویندنەکە لەوان باڵاتر بوو. لەوە دەترسام گاڵتەى پێ بکەن و ئەویش کاردانەوەى هەبێ و تووشی سەرئێشەیەکم بکات. ئەوەى لێی دەترسام ڕووىدا. ڕۆژێکیان لە قوتابخانە بانگ كرام. لەدڵی خۆمدا چەندان شتم لێک دایەوەو دەمگوت خوایە ئەو کوڕەى من دەبێ چ کەتنێکی کردبێ! کە چووم بەڕیوەبەر پێشوازیی لی کردم و بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: ئەو کوڕەی تۆ قوتابخانەکەى تێکداوە و خووى منداڵەکانی خراپ کردووە. گوتم چی کردووە؟ گوتی مندالەکان گوتوویانە ئێمە بە ئۆتۆموبیل دێین بۆ قوتابخانە و تۆ بە سوارى کەر دێیت. ئەویش گوتوویەتی کەرەکەى باوکم لە ئۆتۆموبیلی باوکتان باشترە, چونکە بەنزینى ناوى و بەمستێک جۆ و هەندێک نانەوردە و دوو مست کا ئیش دەکا. بەڵام ئەوەى ئێوە کە بەنزینی لێ برا دەبێ پاڵی پیوەنێن. ئیدى واى لە هاوڕێکانی کردووە کە داوا لە باوکیان بکەن ئەوانیش عەرەبانەیەکیان هەبی و کەر ڕایبکێشێ. باوکەکانیان گیریان خواردووە و نازانن چی بکەن و ئەو منداڵە واى بردۆتە مێشکیان کە کەر لە ئۆتۆموبیل باشترە. ئەو مندالە زیرەکە لە جیاتی ئەوەى بەخۆیدا بشکێتەوە, خۆى بالادەستتر و گەورەیی باوکی پیشان داوە.کابرا دەڵێ کە لە قوتابخانە هاتمە دەر زیاتر شانازیم بە کوڕەکەمەوە دەکرد.
+ ئەو کەسەى کە شتێکی لێ ون دەبێ لە ڕۆژنامەکاندا بڵاوى دەکاتەوە, بە عەڕەبی دەنووسن ( فقدان). عەڕەبییەکە کەسەکەو شتەکەش دەگرێتەوە, بەڵام لە ڕۆژنامە کوردییەکان دەنووسن ( ون بوون ) و ئەمە تەنیا کەسەکە دەگرێتەوە نەک شتەکە, چونکە خۆ شتەکە خۆى بزر نەکردووە. بەڕاى من واباشترە بنووسن ( لێ ون بوون ) یان ناوى شتە ون بووەکە بڵێن. هەروەها بە عەڕەبی دەڵێن ( إنه شخص اجتماعی), ئەوانەى ئیمە یەکسەر دەڵێن ( ئەو کەسێکی کۆمەڵایەتییە ) و ئەمە هەرگیز مەبەستەکە نادات بە دەستەوە. ئەگەر من بە تۆ بڵێم تۆکەسێکی کۆمەڵایەتیت بەماناى إجتماعی, ڕاست نییەو دەبێ بڵێین (تۆکەسێکی کۆمەڵایەتیخوازى )، واتە حەز بە کۆمەڵایەتی دەکەیت.
+ دوو وشە بە هەڵە بەکاردەهێنن, ئاگربڕ و ئاگربەست. ئەگەر شوێنێک ئاگری لێ بکەوێتەوە, بۆ ئەوەى ئاگرەکە بڵاو نەبێتەوە. بۆ ئاگربڕ شوێنی نزیک لە ئاگرەکە دەپارێزن و وا دەکەن کە دوورە ئاگر بێت بۆ ئەوەى ئاگرەکە زیاتر نەتەنێتەوە و کە گەیشتە ئەو شوێنە ئاگرەکە ببڕێتەوە و واتە ئاگرەکە لە خۆیان و لە شوێنەکە دوور دەخەنەوە و ئەمە پێی دەڵێن ئاگربڕ. بەڵام ئاگربەست واتە شەڕ ڕاگرتن. بە فارسیش هەر دەڵێن ( آتش بست ) و بە عەڕەبی دەڵێن ( وقف إطلاق النار ). بێ گومان مەبەست لەوە تەقە نەکردنە, دەنا خۆ ئاگرى پێوە نانێ. خوشک و برایانى ئازیز توخوا با ئەم قسە خۆشەشتان لۆ بگێڕمەوە:
ئاشکرایە فەرمانبەرانی باڵاى حکوومەت لە قەزاو ناحیەکان خزمەتکار و کارەکەریان هەیە. لە یەکێک لەو ناحییانە, ماڵێ جەنابی بەڕێوەبەر کارەکەرێکی جوانکیلەیان لایە کە خزمەتی خانم دەکات. بەڕێوەبەر پۆلێسێکیشی تەرخان کردووە بۆ خزمەت و ئاگاداریی ماڵەکە. پۆلیسەکە پیاوێکە تەمەن دەورى چل ساڵی بەڕەوشت و بەخزمەتە و بەڕیوەبەر زۆر لێی ڕازییە. پۆلیسەکە هەڵسوکەوتی ئەو کارەکەرەى بەدڵ نییە، چونکە کەمێک ڕووبازاڕییە و پۆلیسەکانی دیکە ناو بەناو هەندێک گاڵتەى بێ پەردەى لەگەڵ دەکەن و ئەویش بەڕوویان پێدەکەنێ. پۆلیسەکە ئەوەى پێ ناخۆشە و بۆ شان و شەوکەت و ناوى بەڕێوەبەر باش نییە. ڕۆژێک بە جەنابی بەڕێوەبەر دەلێ ڕەفتارى ئەو ئافرەتەم بەدڵ نییە و بۆ ناو و ناوباگی ئێوە باش نییە. بەڕێوەر دەڵێ بۆ, چی کردووە؟ پۆلیسەکە دەڵێ: گەورەم کەمێک ڕووبازاڕییە. پۆلیسەکان گەمەو گاڵتەی لەگەڵ دەکەن. پۆلیسەکە هەر بە پێچ و پەنا بۆی باس دەکا. سەرەنجام بەڕێوەبەر تووڕە دەبێ و دەڵێ: یەعنی تەقریبەن من گەوادم؟! پۆلیسەکە دەڵێ گەورەم تەقریبەنەکەى لێ لابە. ئینجا ئێوەش ئەگەر تەقریبەن پێتان خۆش بوو, تەقریبەنەکەی لێ لابەن. ئیدى خواو دەگەڵ هەتا خرتکەیەکی دیکە و هیواى شادى خۆشی و لەشساغیتان بۆ دەخوازم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت