دکتۆر نازەنین عوسمان: حەریدیمەکانی ئیسرائیل.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حەریدی بۆ تاک و حەریدیم بۆ کۆ؛ ئەو گرووپانەن لە جووی ئەرسەدۆکس کە توندڕەون و زۆر وابەستەن بە ئایینەکەیانەوە، یاسا ئایینییەکانیان کە بە “هالاخا” دەناسرێت، لە تەوراتی نووسراو و شەریعەتی زارەکی پێک هاتووە. حەریدی، بە زمانی عیبری مانای “لەخواترس” دەگەیەنێت. چەندین گرووپی جووی ئەرسەدۆکس هەن، لەوانە: حەریدیم، حەسیدیم، لیتڤاک یاخود یاشیڤاس، میسناگدیم، سفاریدیم، ماسۆریتم، مزراحیم و… هتد. (بەهۆی ئەوەی زمانی عیبری نازانم بە شێوەی ئینگلیزی یاخود فەرەنسی ناوەکانم نووسیوە و رەنگبێ بە عیبری فۆنەتیکەکەیان جیاواز بێت).
حەریدیمەکانی ئیسرائیل لە هەندێک گەڕەکی تایبەتی لە هەندێک شارەکانی ئیسرائیل دەژین، دوورن لە دامودەزگاکانی حکومەتی ئیسرائیل و سەربەخۆیی خۆیان هەیە لە بەڕێوەبردنی کاروباریان و خوێندنیان. لەژێر چاودێریی حاخامەکاندان و تاکە دەسەڵات دەسەڵاتە شەرعییەکانیانە. بڕوایان وایە هەر جوویەک بەرپرسە لە کار و هەڵوێستی جوویەکی تر، چونکە بەهۆی یەکترەوە دەکەونە بەر غەزەبی خوا و خوا تووڕەیی خۆی بەسەر هەمویاندا دەڕژێنێت.
گۆڕانکاریی گەورە بەسەر ئایینی جوودا هاتووە، بەتایبەتی لە سەدەی نۆزدەدا، ئەو بزووتنەوەیە زیاتر لە ئەڵمانیا دەستی پێ کرد تا چاو بە تەلموددا بخشێننەوە، هەروەها بە دیدیاندا بۆ دەسەڵات و دەوڵەت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان تا بیگونجێنن لەگەڵ سەردەم، بەڵام هەندێک لایەن ئەو گۆڕانکارییانەیان رەتکردەوە و بە دژەدینیان لەقەڵەمدان و وابەستەییان بە شەریعەتەکەیاندا و هەموو تازەگەرییەکانی وەک: سایۆنیزم، سۆشیالیست، رۆشەنگەری و سیکۆلاریان رەتکردەوەو لایان وایە هیچ رێگەیەک نییە جگە لە دەقەکانی تەورات، تەنیا تەورات سەرچاوەی هەموو یاسایەکە و تەنیا تەورات تاکە رێگەی رەهایە بۆ بەڕێوەبردنی ژیان. دەستوور دەستووری تەوراتە.
ئەم گرووپانە، لە هەر شوێنێک بن وەک گیتۆ لە نێو خۆیاندا دەژین و تێکەڵ بە دەوروبەر نابن. ئەمانە دژی ئازادی و دیموکراتیی خەڵکی غەیرە جوو نین و قبووڵیانە، بەڵام لە نێو خۆیاندا نا. لە نێو ئەو گرووپەدا، حاخام کارەکتەری سەرەکییانە لە بەڕێوەبردنی ژیانی تاک لە بچووکترین شتەوە تا گەورەترین رووداوی ژیانی تاکەکانیان. هەندێک لەو گرووپانە تاکەکانیان بەدوای یەکێک لە مورشیدەکانیان دەکەون هەروەک چۆن لە نێو شیعەدا هەیە.
ئەندامانی ئەو گرووپانە ژیانێکی دەروێشانە دەژین، رێژەی هەژارییان زۆرە و لەسەر یارمەتی حکومەت و خێرخوازان دەژین. نە سەیری تەلەڤزیۆن دەکەن و نە رۆژنامە دەخوێننەوە، منداڵیان نانێرنە قوتابخانە و تەنیا لە قوتابخانە ئایینییەکانیاندا فەرموودەکانی تەورات دەخوێنن، تاکوتەرا دەرچووی زانکۆیان هەیە، هەر زانستێک نەگونجێت لەگەڵ تەوراتدا، رەتی دەکەنەوە. تەلەڤزیۆن بە سەرچاوەی بەدڕەوشتی دادەنێن، ئەو تابلۆی ریکلامانەی وێنەی ژنی رووتیان تێدایە، رێگە نادەن لە گەڕەکەکانیان دابنرێت یاخود رۆژنامە، یان گۆڤار بفرۆشێت کە وێنەی “شەیتانی” تێدابێت.
پیاوەکانیان رەشپۆشن و کڵاوی خڕی تایبەتیان لەسەردایە و بسکیان درێژ دەکەنەوە. ژنەکانیان جلی ئاودامەن لەبەر دەکەن، سەرپۆش دەکەن و هەندێک جار بە نیقابیش رووی خۆیان دادەپۆشن. خۆ ئەگەر سەرپۆش دانەنێن، ئەوا باڕۆکەی قژ دادەنێن و نابێت قژی خۆیان بەدەرەوە بێت. کچ و کوڕیان زۆر زوو هاوسەرگیری دەکەن و لە رێگەی بەربووک و بە رێککەوتنی خێزان ئەو پێکگەیشتنە ئەنجام دەدرێت. بەگشتی وەچە زۆر دەخەنەوە و ژمارەی خێزانیان زۆرە. لە سەرەتای دروستبوونی ئیسرائیلدا رێژەیان لە سەدا یەک بوو، بەهۆی وابەستەیەییان بە ئایینەکەیان و کەمیی ژمارەیان، کنێسێتی ئەو کاتە بڕیاری دابوو لە خزمەتی سەربازی چاوپۆشییان لێ بکرێت، هەرچەندە خزمەتی سەربازیی لە ئیسرائیل زۆرەملێیە بۆ هەموو ئیسرائیلیەک بە ژن و پیاوەوە، بەڵام ئەندامانی ئەو گرووپە بانگ نەدەکران بۆ سەربازی. بەهۆی ئەوەی ژمارەی منداڵبوونیان زۆرە، ئێستا رێژەیان گەیشتووەتە نزیکەی لە سەدا پازدەی دانیشتوانی ئیسرائیل، هەر بۆیە لەئێستادا خزمەتی سەربازیی حەریدیمەکان بووەتە باسوخواسی نێوان ئیسرائیلیەکان و بە رەوای نازانن ببخەشرێن لە خزمەتی سەربازی و پێویستە ئەوانیش وڵات بپارێزن و قوربانیی بدەنە ئەو گرووپە، لە ئێستادا، سێیەم گرووپی دانیشتوانی ئیسرائیلە.
لاى حەریدیمەکان، ژن کەمترین مافی هەیە، کچ لەژێر دەسەڵاتی باوکدایە تا شوو دەکات، پاشان دەچێتە ژێر رکێفی مێردەوە، بۆ نموونە؛ بۆ دەنگدان لە هەڵبژاردنەکان، دەبێت دەنگ بەو کەسە بدات کە هاوسەرەکەی هەڵیدەبژێرێت نەک باوکی. قەدەغەیە لایان ژنێکی نامەحرەم بەتەنیا لەگەڵ پیاوێک بێت، زۆربەی شەقامی گەڕەکەکانیان دوو رێڕەوە، رێڕەوێک بۆ پیاوان و رێڕەوێکیش بۆ ژنان، تا بەر یەک نەکەون. لەناو پاسدا دواوە دانراوە بۆ ژنان و پێشەوەش بۆ پیاوان. چوونەدەرەوەی ژن کێشەی زۆرە، جا چ بۆ ئیش بێت یاخود بۆ کاروباری تایبەتی. هەرچەندە ژن و پیاویان کەم ئیش دەکەن، بەڵام ژنەکانیان زیاتر هەلی ئیشکردنیان هەیە، بەهۆی ئەوەی پیاوەکانیان زیاتر خەریکی خوێندنی تەلمودن. ئەو ئیشەی ژنەکە دەیکات، دەبێت تێکەڵیی لەگەڵ پیاو تێدا نەبێت و ئەمەش هەڵبژاردنی کارکردنیان بەرتەسک دەکاتەوە. جگە لەمە، بەشێک لە حەریدیمەکان دژی ئیشکردنی ژنن و لایان وایە ژن دەبێت منداڵ دروست بکات و بەخێویان بکات.
ئەم گرووپانە بە زمانی عیبری نادوێن، زمانی عیبری بە زمانی عەلمانییەکان دەزانن و بە زمانی یەدیش یاخود ئیدیش دەدوێن. ئەگەر بەروارد بکرێن بە هەندێک گرووپی ئەرسەدۆکسیی تر، وەک: گرووپی “ئەمەش”، حەریدیمەکان پێشکەوتووترن، بەڵام ئەمەش هەموو جۆرە پێشکەوتنێکی وەک: کارەبا، ئۆتۆمبێل، فڕۆکە و کۆمپیوتەر رەت دەکەنەوە.
گرووپی حەریدیم، لە نێو خۆیاندا بە یەک جۆر بیر ناکەنەوە و پێک هاتوون لە رەوتی جیاجیا و دید و روانگەیان جیاوازە لەسەر ئایین، دەوڵەت و حکومەت، خوێندنی کچان و دەرکەوتن لە تەلەڤزیۆن، هەر بۆیە دەنگدانیان بەیەک شێوە نییە. هەندێک لەو جیاوازییانەیان وای کردووە لە نێوان خۆیاندا ناکۆک بن تا رادەی لێدانی یەکتر، بۆ نموونە؛ ئەشکەنازەکان زۆر پارێزگارن و ناکۆکن لەگەڵ سەفاردییەکان و لەو گەڕەکانەی تێیدا دەژین هەندێک جار دیواریان لە نێوان هەردوو قوتابخانە دروست کردووە، تاکوو خوێندکارەکان یەکتر نەبینن. هاوسەرگیری لە نێوان هەردوولا، هەرچەندە قەدەغە نییە، بەڵام حەریدیمی ئەشکەنازەکان (لە رۆژهەڵاتی ئەوروپاوە هاتوون) بە نەنگیی دەزانن گەر هاوسەرگیری لەگەڵ حەریدیمی رۆژهەڵاتی بکەن.
لەدوای ساڵانی هەشتاکانەوەو دوای شکستی هێزە چەپەکانی جوو، گرووپی ئەرسەدۆکسیی توندڕەو بەرەو هەڵکشان چوون و ژمارەو کردەوەکانیان زیاتر بوون دژ بە ئیسرائیلییە عەلمانییەکان. ئیسرائیل لەسەر بنەمای دیموکراسیەت دروست بووە، بەڵام گەشەکردنی ئەو هێزانە هەندێک یاسای ئیسرائیلی خستووەتە مەترسییەوە.
هەرچەندە ئەم گرووپانە گرنگیی بە سیاسەت نادەن و ئایینەکەیان خەمی سەرەکییانە و بڕیاردانی سیاسییان بە رێنمایی حاخاماکانیانە و بەگوێرەی فەرمانی ئەوان دەکەن، لەگەڵ ئەوەش، چەند پارتێک دروست بوون کە لە بەرژەوەندیی ئەم گرووپانە کار دەکەن، لەوانە: پارتی ئاگودات ئیسرائیل، لە 1922 دامەزراوە، زۆر لێکترازانی تێدا رووی داوە و پارتی تازەی لێ دروست بووە؛ پارتی شاس، کە لایەنگرانیان لە حەریدیم و سەفاریدیمن و لە 1984 دامەزرا و لە 1999 زۆرترین دەنگیان بوو، ئێستا خاوەنی 11 کورسین لە کۆی 120 کورسی کنێسێت (پەرلەمانی ئیسرائیل)، هەروەها پارتی دینی زایۆنیست و هاوپەیمانی پارتی ئاگوداتی ئیسرائیل لەگەڵ دیگەل هاتورا. بە کۆی گشتی، ئەو پارتانە نزیکەى 25 بۆ 30 کورسییان هەیە لە کنێسێتدا.
ئەم پارتانە هەرچەندە بچووکن و ژمارەی کورسییەکانیان کەمە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی ئیسرئیلدا هیچ هێزێک لەدوای ساڵانی حەفتاکانەوە نەیتوانیوە زۆرینەی دەنگ بهێنێت، ئەو پارتانەی کورسیی زۆر دەهێنن پێویستیان بەوەیە هاوپەیمانیی لەگەڵ ئەو هێزە بچووکانە بکەن تا ببن بە زۆرینە و حکومەت پێک بهێنن. لەو رێگەیەوە ئەو هێزە بچووکانە هەندێک لە داواکارییەکانیان بەسەر حکومەتدا دەسەپێنن و هەندێک یاسا دەگۆڕن بەجۆرێک کە لە بەرژەوەندیی ئەو گرووپە تووندڕەوانەدا بێت.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت