بەختیار نامیق & سەرکەوتی جیهاز: دوا قۆناغی متمانە بە حیزب.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حیزب وەک زانستی سیاسی بریتیە لە کۆبونەوەی گروپێک بۆ ئامانجێکی دیاریکراو کە بەرنامەیەکی گشتگیری هەیە، لە گشتدا خاوەنی هەیکەلی ڕێکخستن و ئامانجە گشتییەکانە و وەک چالاکیەکی سیاسی کاریی لەسەر دەکات و فراوانکردن و ئاڕاستەکردنی توانا مرۆییەکانە بۆ ئەوەی بتوانێ بە بەرنامەیەکی ناسراوەوە بگاتە دەستەڵات و سیاسەتی هەم حیزبی هەم حکومڕانی بۆ ڕێکخستنی کۆمەڵگا و پەیوەندی هاوڵاتی بە دامەزراوە حکومییەکانەوە جێبەجێ بکات.
‎واتا بێ بونی حیزب کۆمەڵگا و گروپەکانیش ناتوانن بگەنە ئامانجێکی دیاریکراو، ئەگەر چی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی لەسەر ئاستی پیشەکان زۆر کات لە کۆمەڵگا تەندروستەکاندا ڕۆڵی گەورە دەبینن، بەڵام حیزب دیسانەوە وەک ڕێکخستن و پێشڕەوی کۆمەڵ ڕۆڵی سەرەکی هەیە، لێرەوە حیزب کە هەمو بوارەکانی کۆمەڵایەتی و ئابوری و سیاسی و حکومداری دەگرێتەوە دەبێتە ناوەندی کۆبونەوە و بڕیاردان، هەمو حیزبێک خاوەنی هەیکەلی ڕێکخستن و کۆمەڵێک ئامانجی گشتی دیاریکراوە لەڕێگەی کادرەکانیەوە و پێگەی حکومڕانی ئەم بەرنامانە دەخاتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بۆ ئەوەی حیزبێک بچێتە دەستەڵات، یان بەشێکی دەستەڵاتەوە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە خۆی نمایش دەکات، ئەو هاوکێشەیەی پەیوەندی نێوان هاوڵاتی و حیزب ڕادەگرێ و پێشی دەخات و گەورەی دەکات متمانەیە، وە متمانە بەرزبونەوە و دابەزینی ئاستی حیزب دیاری دەکات.
‎لێرەوە ئەگەر باشوری کوردستان لە خێراترین پێناسەدا لە ئێستادا بخەینە ژێر ئەم پیودانگانەی حیزبەوە، ئەوا ئەوە ڕوونە کە حیزب بە مانا گشتیەکەی جێی قبوڵی خەڵک بێت، نیە و هەڵبژاردن ئەو وێنەیەی داینێ کە 74٪ هاوڵاتی متمانەی بەهیچ حیزبێکی کوردی نەماوە، ئەوەشی دەنگی داوە 26٪ نە لەبەر بەرنامە بوە، نە لەبەر فکر و چالاکی سیاسی بوە، بەڵکو بەرژەوەندی کەسی و کۆمەڵایەتی بوە. چونکە ئەوەی ناودەبرێت بە هەڵبژاردن و دەستاودەست کردنی دەستەڵات و قبوڵ کردنی جیاوازی و فرەدەنگی و فرەڕەنگی متمانەی نەماوە، ئەمەش لە ئەنجامی هەڵڕشتنی دنیایەک دروشم و بەڵێن و جێبەجێنەکردنیان بوە. تا ئەو ئاستەی ئێستا لە باشوری کوردستان هیچ متمانەیەک بە حیزبی کوردی نەماوە و مانا هەقیقەکەی حیزب غائیبە و حیزب بوەتە درۆیەکی گەورە. لە پەنای میکیاجی دروشمەکاندا حیزبی کوردی وێنەیەکی تری بەرهەمهێناوە، وێنەی حیزبی سەپێنراوی ئێرانی و تورکی، حیزبی بنەماڵەکان و کودەتای باڵادەستی حیزب و بەرهەمهێنانی دنیایەک جیاوازی چینایەتی لە نێوان ژیانی هاوڵاتی و خانەوادەی بەرپرسانی حیزبی و دنیایەک ناشیرینی تریان بەرهەم هێناوە. ئیتر ئەوەی پێی دەوترێت حیزب دەبێت ڕەنگدانەوەی بەرنامەکانی بێت و کاتێک چوە دەستەڵات دەبێ حکومداری و دەستەڵاتەکان نیشتمانی بێت تەواو غایبە و حکومێکی ناوچەیی و خێڵەکی هەیە و تەمسیلی حیزبی مۆدێرن دەکات بە شکڵێکی کارتۆنی. ئەم مۆدێلە، گەیشتوەتە ئاستێک حیزبی ئۆپۆزسیۆن کە بنەمای چاودێری و حکومدارییەکی تەندروستە نەماوە و جیاوازی نێوانیان کۆتایی هاتوە. لێرەوە مادام حیزب بە گشتی یەکسانە بە لەدەستدانی متمانەی جەماوەر، ئیتر هەر جۆرە مۆدێلێک بێت، ئەگەر ژیانی هاوڵاتیش لەچاو پێشینەی خۆیدا باش بێت. مادام متمانە نیەو میللەت نابێتە هێزی بەرگری و مانەوەی ئەم حیزبانە، ئەوا لە ئاسانترین ڕوداودا ئەو دەستەڵاتە دەڕوخێ و بە وێنەی دەستەڵاتی ئەفغانستانی لێدێ و ئەگاتە ئاستی پیرۆزکردنی نۆکەرایەتی بێگانە. نەبونی متمانە بۆ ئەم حیزبانە تەنها کاریگەری بۆ نوخبەی سەرەوەی حیزبەکان نیە، بگرە لە گەورەتردا کاریگەری لەسەر متمانە بە خاک و نیشتمان و پیرۆزییەکانیش دەبێ، کاریگەری لەسەر داهاتوی دووری نەتەوایەتی دەبێ، تاکی کوردی وا لێکردوە کە ببێتە داردەستی بێگانە و بەها نیشتمانییەکان خاڵی ببنەوە لە پیرۆزی خۆیان.
‎ئەم درۆی حیزبییەی کوردی گەشتوەتە ئاستێک حیزبە کوردییەکان لە نێوان کادر و سەرکردایەتی و بەرنامەکانیاندا دنیایەک جیاوازی هەیە،لەبەرامبەریشدا حیزبە کارتۆنیە ئۆپۆزسیۆنەکانیش متمانەیان نەماوە، خەڵک لەوە گەشتوە کە هەڵبژاردن بەهۆی ساختەکاریەوە درۆیەکی باوەڕ پێنەکراوە و حیزبەکانی تریش وەک تەواوکاری و کارتی وڵاتانی زلهێزی ناوچەیین و مانەوەیان بەندە بەبەرژەوەندی ئەوانەوە، لێرەوە سپەیسێک و جیاوازیەک و بێ متمانەییەکی گەورە لە نێوان خەڵک و حیزب و هەر پێنج دەستەڵاتەکەدا دروست بوە، بۆیە ئەم بۆشاییە گشتگیریە پێویستی بە لیدەرێک و حیزبێکی ڕاستەقینە هەیە تا مێژوو دوبارە نەبێتەوە و نەبینەوە بە ژێر هەرەسێکی تری گەورەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت