حەمەئازاد بەرزنجی: نواندن یان خۆنواندن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەندێ جار هەندێ دیاردە و هەڵسوکەوت هەیە، زۆر ئاساییەو جێگەی شانازیە. هەندێ جار هەمان ڕەفتار جیگەی ڕەخنەو سەرنجدانە. جاران پینەی جل و بەرگ و دڕاوی ئاسایی بو. کەسانی نەدار و کەم دەرامەت کە جلەکانیان دەدڕا ئاسایی بو پینەیان دەکرد و دوبارە لەبەریان دەکردەوە. زۆر جار پینەکەش لەهەمان جۆر و لە هەمان ڕەنگی قوماشەکەش نەبو. یان هەر بەدڕاوی لەبەردەکرایەوە. یان شڕوالەکە لەڕەنگێ بو مراخانی، یان چۆغەکە لە ڕە نگێکی دیکە بو. چونکە شڕواڵ زیاتر دەدڕاو و زیاتر لەبەر دەکراو کاری پێوە دەکرا. زۆر کەس جلی ئیش و ماڵەوە و هاتنە دەرەوە و شەونوستنی هەر یەکێ بو. ئەمانە حاڵەتێکی زۆر ئاسایی بون. زۆر نەنگو شورەیش بو بۆ ئەو کەسانەی کە گاڵتەیان پێکردون و یان توانجیان لێداون. لە و بڕوایەدام کەم کەسیش هەبوە لەو کاتەدا بە چاوی نزم سەیریان بکات، بەڵکو ئەوانە زۆر جار ئیشکەر و جێگەی متمانەی بازرگانە دەوڵەمەندەکانی ناو شاریش بون.
بەڵام سەرنجت دەدا لەم کۆتاییانەدا جلی پینە کراو دو ڕەنگ و دڕاوی بوبو بە مۆدێل. بە تایبەتی لە پانتۆڵدا و بە تایبەتتر لە پانتۆڵی کاوبوی دا ( هەر چەندە ئەو مۆدێلانە خوازراو و وەرگیراو بون و زادە و لەدایکبوی ناو کۆمەڵی کوردەواری نەبون ). ئەمەیان بۆ خۆ دەرخستن بو. بەڵام ئەوی پێشو زادەی نەبونی و واقعی کەمدەرامەتی ناو کۆمەڵگاکە بو. تازەکەیان نەک لە نەبونی و هەژاری بو بەڵکو نواندنی حاڵەتی هە ژاری بو لە لایەن داراو دەوڵەمانەکانەوە. واتە تەمسیلی هەژاریان دەکرد، هەژار نەبون نواندنی هەژاریان دەکردە مۆدێل و خۆیان دەنواند.
هەرچەندە نواندن ( تەمسیل ) هونەرە و ئەوی کارەکەش دەکات هونەرمەندەو چەندان هونەرمەندی هەڵکەوتو و بەڕێزمان هەیە لەو بوارەدا. بەلام ئەم بەڕێزانە خۆیان دەزانن کە نواندن دەکەن و نواندندنەکەشیان بۆ دەربڕینی حاڵەتێک و هەڵسوکەوتی کەسانیک دەکەن کە ئەمان دەیانەوی تەمسیلی ئەو کەسە یان ئەو شەخسیەتەی ناو دەقەکە بکەن و بە خەڵکی بناسێنن. چاکترین نواندنەریش ( ئەکتەر ) ئەو کەسەیە کە بتوانێ بەرجەستەی کەسی ناو دەقەبکات وەک خۆی. کەسایەتیەکە ئەرێنی و باش بێ وا لە بینەر و تەماشاکەر بکات خۆشی بوێت و کەسایەتیەکە نەرێنی وخراپ بی وا لە تەماشاکەر بکات ڕقی لێبێتەوە و لە و کاتەدا لەبەردەستیدا بێ بیفلیقێنێتەوە. واتە ئەمان کاری هونەری نواندن دەکەن نەک خۆیان بنوێنن . واتە ئەو شەخسیەتەی ڕۆڵی دەبینن خۆیان نین و گەر شەخسیەتەکە خراپ بێ و وەک وتمان نەرێنی بێت کەسیان حەز ناکەن کەس وایان تەماشا بکات.
ئیستا ئەم خۆنواندنە پەڕیوەتە ناو سیاسەت و ئیدارە و بەڕێوەبردنەوە. خودی کاربەدەستەکە خۆی بودەڵە، گەندەڵە، ترسنۆکە، بەلام خۆی پڤ دەکاتەوەو. فو دەکاتە خۆی و دەمێک دەیەوێ وەک سەرکردەیەک و وەک فریاد ڕەسێک خۆی بنوێنێ، دەمیکی دیکە دەیەوێ وەک خزمەتکارێکی ئەم کۆمەڵگەیەو وەک دڵسۆزێک و وەک دەستپاکێک خۆی بنوێنێ. کاربەدەستێکی باڵای حزب و حکومەتە، وەزیرێکە، بەڕێوە بەرێکە، خاکەنازێکی گرتوە بەدەستیەوە، چاڵ هەڵدەکەنێ، کۆنکریت تێدەکات، نەمام دەنێژێ. بە قات و بۆینباخ و جلیی کوردی دوا مۆدێلەوە، ئوتوی کراسەکەی نە ژاکاوە، یەخەی کراسەکەی نەک چڵکن نەبوە و تۆزی لەسەر نەنیشتوە و بەڵکە بریقەی دێ، عارەق مەعنا بە ناوچەوانیەوە نیە. دەیەوێ ڕۆڵی کرێکارێ یان جوتیارێ ببینێت، بەڵام لێیان نایەت و فاشیلن لە تەمسیلکردنەکانیاندا.
ئائەمە خۆنواندن نەبێ چیە! ئاخر بەڕێز تۆ دەتوانی نەک ڕۆژێ، بەڵکو تەنها یەک سەعات وەک کرێکارەکە ئیش بکەی؟ ناڵێین مەچۆرە سەرئیش بچۆ، بەڵام تەمسیلی چینی کرێکار و جوتیار مەکە و خۆت مەنوێنە و لێت نایە، چونکە تۆ درۆ دەکەیت کرێکار نیت و کرێکاریت پێناکرێ و هەستی خزمەتکردنی کرێکارو جوتیارەکەشت تیا نیە. گەر یەکێ لەوانە بیەوێ بتان بینێ بە دە ئیستعلامات ناگاتە لاتان. گەر ڕاست دەکەی لە شوێنی ئیش و نوسینگەکەی خۆتەوە پاداشتیان بکە لە کاتی ماندو بونا، غەدریان لێ مەکە، موچەکەیان لەکاتی خۆیدا بدەرێ.
یان کاربەدەستێکی سەربازی هەربۆ کامێراکە، خۆی دەدا بە عەرزاو تەقە دەکات و لە ژیانیدا نە چۆتە سەنگەرەکانی پێشەوە. یان کاربەدەستێکی باڵایە خۆی دەکا بە چاخانەیەکداو لە شوێنە گشتیەکاندا دەردەکەوێ ئەمە تەنها بۆ سەر شاشەی تەلەفزیۆن و بەر زومی کامیرایە و بۆ ڕیکلام پێویستتانە و کۆمەڵێ کەس و هاوبیری پێشتر ئامادەکراوی خۆتان و، لە شونێکی پێشتر دەستنشانکراوی خودی خۆتاندا کۆدەکەنەوە، لە ژێر پاسەوانیەکی چری شاراوەدا . بەحساب چونەتە ناو جەماوەر و دەتانەوێ لە کێشەو معاناتەکایان تێبگەن.
دوبارە گەر ڕاست دەکەی دەتەوێ هاوکاریان بکەیت هەر لە ژورەکەی خۆتەوە دەتوانی فەرمان دەکەیت، سەرە موچەکانیان بۆ هەژمار بکرێتەوە ، موچە بەندکراو و پاشەکەوتەکانیان بۆ بگێڕدرێتەوە، یان هەر هیچ نەبێ لەبری قەرزی ئاو و کارەبا، یان هەر قەرزێکی دیکەی حکومی کەلایانە بۆیان بەربژێر بکەی. عەقدی ژێر بەژیری نەوت ‌هە‌ڵوەشێنیتەوە لە کاتی خۆیدا موچە بدەیت و واز لە قۆرغکاری ناوبازاڕ بهێنن. پارەی میلەت مەدەن بە ڤێلاو کۆشک و پاپۆرو ئەسپی گران بەها . منداڵەکانتان بۆ (عیدالمیلاد ) ێ مەنێرنە دەرەوە مەیان خەنە زانکۆی تایبەتەکانی خۆتان و بابە دەشیان خەن، بەزۆر و بە ڕیز مەیان کەن بە یەکەم و دوەم با هەر وەک خەڵکە ئاساییەکە بن. لاسایی ( المرحوم ) کاکە عودەی مەکەنەوە، کە (أیام زمان ) پۆلی شەشی ئامادەیی تەواوکرد ( 99.99 ) هێنابو، لە وە دەچو لەو یەکەی دوای فاریزەکە غەدریان لێکردبێت، گەر نا سەدی دەهێنا. هیوای دوا ڕۆژێکی پرشنگدارتان بۆ دەخوازین ، گەر خوا بە نسیبتانی بکات. ئەی کەلە خۆتان ڕازی و میلەت لێتان ناڕازی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت