عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و دوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

2022.11.18
لەم ڕۆژانە دلێرى برام دەستی خۆش بێ لە کۆیەوە دەبەیەک شێلم بەترشی بۆ ناردبووم. پێم وابێ قاپێک لەو شێلم بەترشەتان بۆ دانێم، ڕەنگە خۆش بێ.
دڵی دایک: هەرچى لەبارەى گەورەیی دایکەوە بگوترێ کەمە, چونکە ئەو ئافەریدەیەى خوایە هەتا بڵێی گەورەیە و مەزنیی ئەو لەباس کردن نایە. بەو دەمە جوانەى چەند بە کوڵ دەڵێ: ئۆۆۆ ڕۆڵە مەرگم بەپێش مەرگت کەوێ. کە ئەمە دەنووسم بەم تەمەنە دایکمم دێتەوە بیر، چاوم فرمێسکی تێ دەزێ و قوڵپی گریان قوڕگم دەگرێ. دە توخوا سەبارەت بە گەورەیی دایک ئەم سەرگوزەشتەیە بخوێننەوە. کوڕێک ویستى گاڵتەیەک لەگەڵ دایکى بکات. دەنگی خۆى گۆڕى و تەلەفۆنی بۆ کرد و پێی گوت کوڕەکەت مرد و ئیدى بێ دەنگ بوو. دواى ئەوە تەلەفۆنی کرد، دایکی وەڵامی نەبوو. ترسا بە پەلە چووەوە ماڵەوە تا بە دایکی بڵێ گاڵتەم لەگەڵ کردووى, بەڵام سەیری کرد دایکى لەتاو ئەو مردووە.
پاکی و بەڕائەتی منداڵ: پیاوێک ژنەکەى مرد, منداڵێکی پێنج شەش ساڵانی هەبوو. کابرا ژنی هێنایەوە. ڕۆژێک پیاوەکە لە کوڕەکەى پرسی, ئەم دایکەت باشترە، یان دایکەکەى دیکەت؟ کوڕەکە گوتی ئەمەیان باشترە, چونکە ئەوى دیکە هەمیشە درۆى لەگەڵ دەکردم، بەڵام ئەمەیان ڕاستگۆیە و درۆ ناکات. باوکەکە بەسەرسوڕمانەوە گوتی چۆن؟ منداڵەکە گوتی: ئەوى دیکە ئەگەر لە کۆڵان یاریم بکردایە بانگی دەکردم و دەیگوت ئەگەر واز لەو سەرکێشی بزێوییەت نەهێنی نانت نادەمێ. بەڵام من گوێم نەدەدایە, چونکە دەمزانی دێت و بەزۆر دەمباتەوە بۆ ماڵەوە و نانەکەم دەداتێ. کەچی ئەمەیان ئەگەر بانگی کردم و بە قسەم نەکرد, دەڵێ نانت نادەمێ, بۆیە ئێستا برسیمە، چونکە ئەوە دوو ڕۆژە هیچم نەخواردووە.
لە ڕاستیشدا هەندێک زڕدایک ( باوەژن ) هەن ئەوەى بەزەیی بێ بەرانبەر بە زڕمنداڵەکانیان نیانەوەو زۆر دڵڕەقانە لەگەڵیان دەجووڵێنەوە و سزاى قورسیان دەدەن, بۆیە زۆر جار منداڵ هەترە و دەربەدەردەبێ و ژیانی دەشێوێ و زۆر جاریش لەبەر ئەوەى باوک هەر بەقسەى ژنەکەى دەکات و گوێ لە منداڵەکەی ناگرێ, ئەو منداڵە لەڕێی ڕاست لادەدات و تووشی چەندان چورتمى ژیان دەبێ و هەندێکجار ژیانی بە کارەسات کۆتایی دێت و نموونەش گەڵێک زۆرە و ڕەنگە هەریەک لە ئێوە چەندان نموونەى دیبێ، یان بیستبێتی.
نە چاکە بیردەچێ، نە خراپە. بەتایبەتی چاکەو پیاوەتی، هەرگیز لەبیر ناکرێن، تەنیا مەگەر لەکن پیاوى سپڵە و پێ نەزان نەبێ. پەندێکی کوردی دەڵێ ( چاکە بکە و بەئاوێی دادە ). دێڕە شیعرێکم خوێندەوە لەبارەى هاندانی چاکە کردنەوەو منیش یەهەندێک زیادە کردنەوە، بەم شێوەیە سەروگوێلاکیم شکاند و ئەمەشم لە ئەنجامی خویندنەوەى نووسینێکی شێخ سەردارى گوڵەوە بوو کە لەبارەى چاکە کردنەوە نووسیبووى دەستى خۆش بێ.
تۆوى چاکەو پیاوەتی بچێنە بۆخۆى شین دەبێ
دەشت و مەزراى بەخشینەکەت سەوز و جوان و ڕەنگین دەبێ
چاکە بکە قەت بیر ناچێ هەمیشە هەر لەبەر چاوە
هەم خوداداد پێی دەزانێ و هەم لەلاى خوداش نووسراوە
چاکە بکەو خەمت نەبێ ڕۆژێکی هەر دێتەوە ڕێت
بڕوا بکە پاداشتەکەى لەوەى خۆت زۆر زێتر دەبێت
چاکە بکە و بەئاوێی دادە پەندێکی کوردیی خۆمانە
پاداشتەکەى گەلێک زۆرە سەلماندوویەتی زەمانە
لەم بارەیەوە با ئەم چیرۆکەتان بۆ بگێڕمەوە کە لە وڵاتێکی دیکە ڕووى داوە. پیاوێکی پیر دەڵێ: کچەکەم کە تەمەنی دەورى 10 ساڵە نەخۆش بوو. بردم بۆ نەخۆشخانە. گوتیان دەبێ بیبەیت بۆ نەخۆشخانە لە پایتەخت و ناوى نەخۆشخانەکەشیان پێ گوتم. زۆر بە گران و بەئەرک و ماندوو بوونێکی زۆرگەیاندمە نەخۆشخانە, بەڵام نەیانهێشت ئەو تاکسییەى بردبوومی زۆر بچێتە ناوەوە. شەکەت و ماندوو لە شوێنێک دانیشتم کە دیار بوو جێگەى وەستانی ئۆتۆموبیل بوو. دانیشتم زۆر ماندوو بووم و هێلینگم لێ بڕابوو. لەو شوێنەوە تا نەخۆشخانە ماوەیەکی زۆر بوو. لەو کاتەدا ئۆتۆموبیلێک لەنزیکمەوە وەستا و وا پێ دەچوو بیەوێ لەو شوێنە ڕایگرێ. ئەفەندییەکی شیکپۆش دابەزى و سەیرێکی کردم و گوتی ئەوە بۆ لێرە دانیشتووى؟ گوتم کچەکەم نەخۆشە و هێناومە، بەڵام زۆر کفت و ماندووم. کەمێک لێم ورد بووەوە و گوتی: ناسنامەت پێیە؟ گوتم بەڵێ. کە سەیری ناسنامەکەى کردم, گوتی هەستە و کچەکەمی کردە باوەشی و پێشم کەوت, بەڵام زۆر خیرا دەڕۆیی و نەیدەگەیشتمێ. هەرچی چۆنێک بوو گەیشتینە ناو نەخۆشخانە و هەر ئەوەندەم زانی کچەکەیان خستە سەر عەڕەبانە و ئەم ژوور ئەو ژووریان پێ دەکرد بۆ تیشک گرتن و پشکنینى خوێن و شتی دیکە. ئێوارەیەکی درەنگ ئەو ئەفەندییە هات بۆ لام و گوتی نەشتەرگەریمان بۆ کچەکەت کردووە و نەشتەرگەرییەکەى لەسایەى خواوە سەرکەوتووە و هیچ خەمت نەبێ. سێ ڕۆژ لە نەخۆشخانە ماینەوە, بەڵام من هیچم نەکرد و تەنیا ئەو ئەفەندییە کە دەرکەوت دکتۆرێکی دەستڕۆیشتووە هەموو کارێکی بۆ کردبوو. دواى سێ ڕۆژ ئیزنیان داین و دکتۆر هەموو خەرجی و تیچوویەکی ئەو نەشتەرگەرییەى دابوو. لە دڵی خۆمدا دەمگوت, من ئەو کەسە ناناسم, خوایە ئەو فربشتەیە لەکوێ بۆ من ناردووە. کە لە نەخۆشخانە هاتینە دەر نیازم وابوو بچمەوە بۆ گوندەکەى خۆمان, بەڵام دکتۆر گوتی جارێ زووە و پێویستى بە ئاگاداریی هەیە, بۆیە دەتانبەمەوە ماڵی خۆمان و تا دڵنیا دەبم کە بە تەواوى چاک بۆتەوە ئینجا بڕۆنەوە. بەم شێوەیە حەفتەیەک لەو ماڵە ماینەوە و دکتۆر چەند خزمەتی دەکردین ماڵ و منداڵەکەى زیاتر بە دەورماندا دەهاتن و دەچوون. من لەو ماوەیەدا هەر لە سێ و دووى دڵی خومدا بووم و نەمدەزانی ئەو پیاوە لە کوێ پەیدابوو و بۆ ئەوەندە لە خەمی ئێمەدایە. ئیوارەى حەوتەم نانیان دانا و فەرمووى کرد. من گوتم تۆ ئەوە چوند ڕۆژێکە لە نەخۆشخانەو لە ماڵەوە خزمەتی ئێمە دەکەیت و من ناتناسم, بۆیە هەتا پێم نەڵێی تۆ کێیت و بۆ ئەوەندە بەتەنگ ئێمەوەیت نان ناچێتە سەردەمم. گوتی تۆ نانەکەت بخۆ دوایی پێت دەڵێم. گوتم بەو خوایەى خوایەتی دەکات و کەس لە ڕەنگی نییە هەتا پێم نەڵێی لە برسانیش بمرم هیچ ناخۆم. گوتی باشە پێت دەڵێم. نزیکەى 25 ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ چەند هاوڕێیەکمدا لەناو ئۆتۆموبیل دانبشتبووین و دوو سێ پیاو لە پێش ئیمە دانیشتبوون. هاوڕێکەم گوتی بۆ نایەیتەوە بۆ قوتابخانە؟ گوتم ئەمساڵ بێ بارانی بوو و بەروبوومی زەوییەکەمان کەم بوو بۆیە باوکم بۆى ناڕەخسێ خەرجیی قوتابخانەم بۆ دابین بکات. ئیستا من پێویستم بە پێنج دینارە بۆ کڕینی کەلوپەلی پێویستى قوتابحانە و باوکم نیەتی. ئەوەندەم زانی تۆ هەستایت و لێت پرسیم کوڕی کێی؟ کە پێم گوتی وا دیار بوو باوکمت باش دەناسی, پینج دینارت دەرهێنا و گوتت ها ڕۆڵە ئەوە پێنج دینار. من وەرمنەگرت. گوتت بۆ وەریناگرى, گوتم دەترسم باوکم وابزانێ دزیومە. تۆ گوتت پێی بڵێ فڵان کەس پێی داوم. ئەو پێنج دینارەى تۆ بوو منی کرد بەو دکتۆرەى دەیبینى. من بە ژیانم قەرزارى تۆم و هەرچی بۆت بکەم ناتوانم ئەو قەرزەت بدەمەوە. شێخي سەعدى( سعدى شیرازی) کە بە ڕەچەڵەک کوردە دەڵێ: ( نازانم ئەوانەى خراپە دەکەن چاکە چ زیانێکی پێ گەیاندوون!) . خواتان لەگەڵ تا خرتکەیەکی دیکە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت