فرمان محەمەد: پریگۆژین و یاریکردنی بەئاگر، لەمتمانەوە بۆ خیانەت.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

یڤگنی ڤیکتۆروڤیچ پریگۆژین سەرکردەیەکی بەکرێگیراو و متمانەپێکراوی پێشووی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بوو.

پریگۆژین کێ بوو بۆ پوتین؟
‎ئەو کەسێکی متمانەپێکراوی ڤلادیمێر پوتین سەرۆکی ڕووسیا بوو تا لە مانگی حوزەیرانی 2023 یاخیبوونی دەستپێکرد، هەندێک جار بە “چێشتلێنەری پوتین” ناودەبرا پریگۆژین، چونکە خاوەنی چێشتخانە و کۆمپانیای خواردن و خواردنەوە بوو کە خزمەتگوزاری پێشکەش بە کرێملین دەکرد.
ناو و ناوبانگ و ھەلاتنی ئەستێرەی یڤگێنی پریگۆژین، سەرۆکی کۆمپانیای ڤاگنەر گروپی سەربازی تایبەتی روسی لەگەل دەستپێکی شەری روسیا ئۆکرانیا زیاتر گەشایەوە، بووە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکرانیا. ڕەخنە توند و بێ وێنەکانی لە فەرماندەیی سەربازیی ڕووسیا وایکردبوو کە وەک هەڕەشەیەکی ئەگەری بۆ سەر ڤلادیمێر پوتین سەرۆک کۆماری ڕووسیا سەیر بکریت.

سەرکێشی، متمانەی ھاورێیەتی و خیانەت
‎لە 24ی حوزەیران، پریگۆژین فەرمانی بە هێزەکانی کرد بۆ سەر مۆسکۆ پێشرەوی بکەن و داوای یاخیبوونی چەکداری کرد بۆ دەرکردنی سەرکردایەتی سەربازیی ڕووسیا. شەڕڤانانی ڤاگنەر شوێنە سەربازییە سەرەکییەکانی شاری ڕۆستۆڤ ئۆن دۆن لە باشووری ڕووسیایان داگیرکرد، کە ناوەندێکی گرنگی فەرماندەیی و لۆجستیکی سوپای ڕووسیا و لەشکرکێشییەکەی بۆ سەر ئۆکرانیایە. لەبەرامبەردا سوپای ڕووسیا خەریکی خۆپاراستن و پاراستنی پایتەختی ڕووسیا بوو. پوتین بەڵێنیدا دەرئەنجامە توندەکانی “خیانەت” betrayal و “ناپاکی”treason ی پریگۆژینی بەدوادا بێت. بەڵام دوای چەند کاتژمێرێک، دیمیتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملین ڕایگەیاند کە پریگۆژین ڕازی بووە بە ڕێکەوتنێک بۆ ئەوەی بچێتە وڵاتی بیلاڕووسی دراوسێی وڵاتەکەی کە پشتیوانی لە داگیرکردنی ئۆکرانیای ڕووسیا کردوە.
ڤلادیمێر پوتین بێدەنگی خۆی شکاند لەسەر مردنی یڤگنی پریگۆژین – دوای نزیکەی 24کاتژمێر لە کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە تایبەتەکەی سەرۆکی ڤاگنەر.
‎سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند، سەرۆکی ئەو گرووپە “کەسێکی بەهرەمەندە”و بەلام “هەڵەی گەورەی لە ژیاندا کردووە. هەروەها پوتین پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری هەر 10 کەسەکەی کردووە کە دەوترێت لەناو فڕۆکەکەدا بوون کە ئێوارەی چوارشەممە لە باکووری ڕۆژئاوای مۆسکۆ دا تێکشکا. بەڵام ئەوەی جێی سەرنج بو، پۆتین لەکاتی قسەکردن لەسەر تێکشانی فرۆکەکەی ڤاگنەر وەستا لە پشتڕاستکردنەوەی بە ڕوونی مردنی پریگۆژین.
لە ئیستاد قسە و باسێکی هێمنانە لەسەر ئەوە دروست بووە کە هۆکاری کەوتنەخوارەوە کوشندەکەی چییە و ئایا بەڕاستی پریگۆژین لەناو فڕۆکەکەدا بووە، یان نا. وەک لە لیستی سەرنشینەکاندا هاتووە.
‎ڕۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتەبێژی پنتاگۆن ڕایگەیاند کە ئەمریکا پێی وایە سەرۆک ڤاگنەر بە ئەگەرێکی زۆرەوە لە ڕووداوەکەدا کوژرابێت.
‎گوندنشینانی نزیک شوێنی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەکە لە ناوچەی تڤێر دەڵێن، پێش ئەوەی فڕۆکەیەک ببینن کە لە ئاسمانەوە دەکەوێتە خوارەوە، گوێیان لە تەقینەوەیەکی بەهێز بووە. یەکێک لەو تیۆرییانەی لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت ئەوەیە کە ئایا بۆمبێک بە قاچاخ لەکاتی سواربونی فرۆکەکە هێنراوە، یان نا.
‎بەرپرسێکی ئەمریکی بە سی بی ئێس نیوزی ئەمریکی، هاوبەشی ئەمریکی بی بی سی ڕاگەیاندووە، پێدەچێت ئەگەری زۆرترین هۆکاری تەقینەوەیەک بێت لەناو فڕۆکەکەدا. بەرپرسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، تا ئێستا نەزانراوە هۆکاری تەقینەوەکە چی بووە، هەرچەندە بۆمبێک یەکێک بووە لە ئەگەرەکان
‎تیۆرێکی دیکە کە لەلایەن کەناڵێکی تێلێگرامی پەیوەندیدار بە پریگۆژینەوە وروژێنراوە، پێشبینی ئەوە دەکات کە فڕۆکەکە لەلایەن هێزەکانی دژە فڕۆکەی ڕووسیاوە خراوەتە خوارەوە. تا ئێستا ئەمە پشتڕاست نەکراوەتەوە و ڕۆژی پێنجشەممە پنتاگۆن ڕایگەیاند کە هیچ زانیارییەک نییە کە ئاماژە بەم بابەتە بکات. ستافی زەمینی فڕۆکەخانەی شێرمێتیڤۆی مۆسکۆ – کە فڕۆکەکە لێی هەڵفڕی و بەرەو سانت پترسبۆرگ – لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و گرتە ڤیدیۆییەکانی سی سی تیڤی پشکنینیان بۆدەکریت.

تۆڵەی کوشندەی پوتین لە پریگۆژین
لە کۆتایی مانگی حوزەیرانەوە کە یەڤگنی پریگۆژین، دامەزرێنەری گروپی ڤاگنەر، یاخیبوونێکی دژی سەرکردایەتی سەربازی ڕوسیا ئەنجامدا، وەک پیاوێک بۆ کاتێکی دیاریکراو بیری لێدەکرێتەوە. تەنانەت ئەگەر پریگۆژین مەبەستی ئەوە نەبووبێت، بەڵام یاخیبوونی ڤاگنەر سووکایەتیکردن بوو نەک تەنها بە ژەنەڕاڵەکانی ڕووسیا، بەڵکو بۆ خودی پوتین کەبە قسەی پوتین کەلەرۆژی یاخیبونەکە کردی ڕاپەڕینەکەی بە “خیانەت” و “تێکدەر لە ناوەوە” و “چەقۆیەک لە پشت” ناوبردووە. لە دوای ئەوە، پریگۆژین ڕێگەی پێدرا بەرەو بێلاڕوس بڕوات، بەڵام زۆری نەخایاند لە سانت پترسبۆرگ دەرکەوت، لە کۆڕبەندی سەرکردەکانی ئەفریقا. ڕۆژی دووشەممە گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە شوێنێکی ئەفریقا بڵاوکردەوە، وەک خۆی بانگەشەی ئەوە دەکات، جل و بەرگی خۆدزینەوە لەبەردایە و تفەنگێکی هێرشبەری هەڵگرتووە. هەڵوێستەکانی وایکردووە پوتین لاواز و زەلیل و خیانەتلێکراو دەربکەوێت – بۆ پوتینیش خیانەتکاران لە دوژمنە بیانییەکان خراپترن، و دەبێت بە ڕوونی و بێبەزەییانە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. دەبێت شتێک هەبێت: یان پوتین هەوڵدەدات دەسەڵاتەکەی دووپات بکاتەوە، یان دەبینێت دەسەڵاتەکەی زیاتر دەڕوخێت. سەرەتای ئەم مانگە کریستۆ گرۆسێڤ، لێکۆڵەری سەرەکی لە ڕووسیا لە کۆمپانیای بێلینگکات، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز گرەوێکی بێدەنگی کرد. وتیشی: لە ماوەی شەش مانگدا، یان پریگۆژین دەمرێت، یان کودەتای دووەم ڕوودەدات.
‎زۆری نەخایاند. لە 23ی ئابدا، تەقینەوەیەک فڕۆکە تایبەتەکەی پریگۆژین کەوتە خوارەوە، کاتێک فڕۆکەکە لە مۆسکۆوە بەرەو سانت پترسبۆرگ دەڕۆیشت. گریمانە و تیۆرییە پیلانگێڕییەکان بە خێرایی بڵاوبوونەوە کە ئایا پریگۆژین بەڕاستی لەناو فرۆکەکەدا بووە، یان نا. بەڵام دوای ڕۆژێک، وا دەردەکەوێت کە ئەو و نۆ کەسی دیکە لەنێویاندا دیمیتری ئوتکین، فەرماندەی باڵای سەربازی ڤاگنەر کوژراون. ڕێک دوو مانگ تێپەڕیوە بەسەر دەستپێکردنی “رێپێوانی دادپەروەری” پریگۆژین، وەک ناونانی یاخیبوونەکە، کە تیایدا یەکەکانی ڤاگنەر بارەگایەکی سەربازی گرنگیان لە شاری ڕۆستۆڤ ئۆن دۆن لە باشووری ڕووسیا گرت و بە کاروانێکی زرێپۆشەوە بەرەو مۆسکۆ ڕۆیشتن. ئێستا وادیارە مردووە و پرسیارەکەش، وەڵام دراوەتەوە کە چۆن پوتین مامەڵە لەگەڵ ئەو هێرشە بێڕێزییەیدا بکات. تەنانەت هەموو ئەو چاکانەی کە پریگۆژین بۆ کرێملین و بە شێوەیەکی شەخسی بۆ پوتین – لە سوریا، ئەفریقا و لە هەمووی گرنگتر لە ئۆکرانیا – بەس نەبوون بۆ ئەوەی لە چارەنووسی ئەو کەسانە ڕزگاری بکەن کە تەحەدای سەروەری دەسەڵاتی پوتین دەکەن.

پۆلۆنیای ئیتالیا/ ماستەر لەیاسایی گشتی

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت