شــــوان خورشــــــید: مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری لە کەرکوک – بەشی نۆیەم و کۆتـایـی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕۆژنامەو ڕۆژنامەگەر، بە یەکێک لە دەسەڵاتە باڵاکان دادەنرێت دوای دەسەڵاتەکانی تەنفیزی و تەشریعی و دادوەری. ڕاستر بڵێین جۆرێکە لەدەسەڵات و چاودێرە بەسەر ئەو دەسەڵاتانەوە، لە نزیکەوە بنکۆڵی بۆ کارەکانیان دەکات. بۆیە هەمیشە دەسەڵات بەگومانەوە لە ڕۆژنامەنوس و ڕوپەڕی ڕۆژنامەکان ڕوانیویەتی و، هەوڵی داوە لەڕێی جموجوڵە هەستیارەکانیەوە، سەرنجی ڕۆژنامەکان بەلای خۆێدا ڕانەکێشێ، یان بەجۆرێکی تر هەوڵی داوە دەستەمۆی ڕۆژنامەو ڕۆژنامەنوسەکان بکات، تا بەشان و باڵی دەسەڵاتدا هەڵبڵێن، ئەوەش لە ڕێگای چەندین قەڵەمی دەربارەوە ئەوەشیان کردوە، یان لەشکرێک ڕۆژنامەنوسی دەربارو قەڵەم فرۆشیان لەدەوری خۆیان کۆکردۆتەوە، بەناوی ئازادی ڕادەربڕین و دیموکراسیەت، ناساندنی خۆیان وەک شامی شەریف، تا ئەو دەسەڵاتە ڕەهاییەی کە بە چوارەم دەسەڵات دادەنرێت بێ بایەخی بکەن بە دەستەمۆکردنی، لێرەشەوە چەندینی تر لە ڕۆژنامەو بڵاوکراوەی تر لە ناوچەی کەرکوک شەن و کەو دەکەین بۆ خوێنەران.

* نشره ٱبرشیه كركوك
ئەبڕەشیەی کەرکوک وەک و بڵاوکراوەیەکی ئاینی ڕۆشنبیری وەرزی لە نیسانی 2005 ، بەشێوەی ڕەنگاو ڕەنگ دەری دەکرد، دەستەی کارگێڕی و بەڕێوەبردنی: قەس بول ربان، شەماس شاد شامل، سەید ئیسحاق پۆلس بوون.

*گـیـرفــان
گۆڤارێکی وەرزی ڕۆشنبیری گشتی بوو لە گەرمیان، ژمارە یەکی لە کۆتاییەکانی 2005 بڵاوکرایەوە، خاوەنی ئیمتیازو سەرنوسەری گیرفان، تەحسین گەرمیانی بوو.

* ڕۆژنامەی آفاق صناعیة
یەکێتی پیشەوەرانی کەرکوک مانگی جارێک، بەهەشت لاپەڕەو شێوەی ڕەنگاوڕەنگ، بە کوردی و عەرەبی دەریاندەکرد، ژمارە سفری لە مانگی پێنجی 2005 بڵاوکراوەتەوە، خاوەنی ئیمتیازی یەکێتی پیشەوارانی کەرکوک و سەرنوسەری کارزان ئەحمەد شوانی بوون.

* ڕۆژنامەی آیـــنا
دەزگای هەواڵ وەک مانگانەیەکی تورکمانی سەربەخۆ دەریدەکرد، بە دوو ڕەنگ و زمانی عەرەبی، ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 2005 بڵاوکرایەوە، خاوەنی ئیمتیازی دەزگای هەواڵ و سەرنوسەری ئەحمەد محەمەد کەرکوکلی بوو.

* العراق الغد
ڕۆژنامەیەکی گشتی سەربەخۆ بوو، بەردەوامی ڕۆژنامەی العراقە، خاوەنی ئیمتیازی رعد مطشر و سەرنوسەری علی غدیر بون.

*گۆڤاری کاری کەرکوک-صحیفة آعمال كركوك
گۆڤارێکی مانگانە بوو، سەنتەری کاری کەرکوک، بەشێوەی ڕەنگاو ڕەنگ،بە 12لاپەڕە بەزمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی لەساڵی2005 دەریدەکرد.

* هـــەوار
وەک گۆڤارێکی ڕوناکبیری گشتی، سەنتەری ڕوناکبیری ئێلبەگی جـــاف، بەشێوەی ڕەنگاو ڕەنگ و 60 لاپەڕە، لەلقی کرکوک دەریان دەکرد، خاوەنی ئیمتیازی دکتۆر عەبدولکەریم حاجی محەمەدو، دەستەی نوسەرانیشی هەریەک لە عەباس مستەفا، بورهان عەبدولڕەحمان، عەزیز ئەحمەد بوون.

* ڕۆژنامەی الصـــادق
ڕۆژنامەیەکی ڕەنگاوڕەنگی 8لاپەڕەی، سیاسی ڕۆشنبیری نیومانگی بوو، بە کوردی و عەرەبی و تورکمانی، ژمارە یەکی لە ئەیلولی 2004 دەرچووە، خاوەنی ئیمتیازو سەرنوسەری خضر غالب كهیه، و دەستەی نوسەرانی هەریەکەلە عەلی ڕەشید عەسافلی و عەباس فازڵ عەباس و شکران خضر عەلی بوون.

* ڕۆژنامەی چـــەمچــەماڵ
مانگانەیەکی ڕۆشنبیری گشتی ئازاد بوو، ژمارەیەک گەنجی چەمچەماڵ، بە8لاپەڕەی ڕەش و سپی لە ساڵی 2005دەریان دەکرد، خاوەنی ئیمتیازی فاتیح عەبدوڵا، سەرنوسەری ئارام شوانی و بەڕێوەبەری نوسینی ئارام بابا، عەدنان ساڵەیی بوون.

* ڕۆژنامەی الاریاف
هەفتانەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری گشتی سەربەخۆ بوو، ژمارە یەکی لە ساڵی 2005 ،بە 12لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ دەرچوو، خاوەنی ئیمتیازو سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی سەمیر مەزهەرو سەرنوسەری سەباح اللامی بوون.

* مراسل کرکوک
ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی سەربەخۆ بوو، بەهەریەک لە زمانەکانی کوردی و عەرەبی و تورکمانی، بە12 لاپەڕەی ڕەنگاو ڕەنگ بڵاودەکرایەوە، ژمارە 1 ی لە کۆتاییەکانی 2005 دەرچوو، بەڕێوەبەری نوسین و بەڕێوەبەری بەشە عەرەبیەکەی هێلین شوانی بوو، بەهاوکاری کامل کەرکوکی وەک بەڕێوەبەری کارگێڕی و پەیوەندیەکان.

* ڕۆژنامەی گـــەشــە
بڵاوکراوەیەکی پاشکۆی دەزگای هەواڵ بوو، وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێم دەریدەکرد، بە 4 لاپەڕەی ڕەش و سپی، ژمارە یەکی لە ئۆکتۆبەری 2005 دەرچوو، بە سەرپەرشتی د.فەرەیدون ئیبراهیم و هاوکارەکانی، ئارام مەحمود و سەلام فەتاح.

* سەکۆی مامۆستا
ڕۆژنامەیەکی رۆشنبیری گشتی پەروەردەیی بوو، مانگی ژمارەیەکی لێ دەردەچوو، بە 4لاپەڕەو ڕەنگی ڕەش و سپی، ژمارە سفری لە تشرینی دووەمی تشرینی دووەمی 2005 بڵاوکراوەتەوە، خاوەنی ئیمتیازی لقی کەرکوکی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان و، سەرنوسەری خالید عەبدول و جێگری سەرنوسەری سەردار ڕەشید زەنگەنە بوون.

* ئایندەی گـــەرمیان
ڕۆژنامەیەکی لۆکاڵی بوو، ڕاگەیاندنی مەڵبەندی گەرمیان، دوو هەفتە جارێک دەریدەکرد، سەرنوسەرەکەشی مەجید ساڵح بوو.

* ڕۆژنامەی قنادیل
کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی کەرکوک، وەک ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی بە چوار لاپەڕە، ژمارە سفری لە نیسانی 2004 دەرکرد، سەرنوسەری سەفا ئیبراهیم ئەلبەرەکاوی و جێگری سەرنوسەری ئەحمەد ئەلحەمدانی بوون.

* ئـــارۆ
ئارۆ بڵاوکراوەیەکی ڕوناکبیری کۆمەڵایەتی گشتی بوو،کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی کاکەیی،بە کوردی و عەرەبی دەریاندەکرد، ژمارە 1ی لەنیسانی 2006 بڵاوکرایەوە، خاوەنی ئیمتیازی عادل کاکەی و سەرنوسەری نەوزاد محەمەد بوون.

* گۆپتەپە
ساڵانەیەکی تایبەت بوو، بەساڵیادی کیمیا بارانکردنی گۆپتەپەو عەسکەر لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، سەنتەری ڕۆشنبیری تەکیە دەری دەکرد، ژمارە 1ی لە مانگی 5 ی 2006،بە8لاپەڕەو و بە ڕەش و سپی بڵاوکرایەوە، خاوەنی ئیمتیازی سەنتەری ڕوناکبیری تەکیە و سەرنوسەری هیوا ڕەفیق بوون.

* شێخ لەنگەر
ڕۆژنامەیەکی ڕەنگاوڕەنگ بوو لە گوندی شێخ لەنگەری ناوچەی گەرمیان، ژمارە سفری لە نیسانی 2006 دەرچوو، بە ئیمتیازی سەڵاح خورشیدو سەرنوسەری محەمەد سابیر.

* هاواری ئـــەنفال
تایبەت بە ساڵیادی کارەسەتباری ئەنفال، بەشێوەی سەربەخۆو ئازاد،بە 8لاپەڕەی ڕەش و سپی بڵاو دەکرایەوە،بە هاوکاری هەریەک لە هێمن کامل،وشیار عومەر،سەنگەر حسام،بارام سوبحی.

* ڕۆژنامەی ژنۆڤە
ڕۆژنامەیەک بوو پانزە ڕۆژ جارێک دەردەچوو،لەلایەن دەزگای سبەی بۆ ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لاوان،ژمارە یەکی لەنیسانی 2006 بڵاوکرایەوە،خاوەنی ئیمتیازی بیستون جەلال و سەرنوسەری بژار ڕەشید، بە 4لەپەڕەی ڕەش وسپی بەکوردی دەردەچوو.

* چواردەی چـــوار
پاشکۆیەکی ڕۆژنامەی زەنگ بوو،لە یادی مەرگەساتی ئەنفال دەردەکرا، بە8 لاپەڕەی ڕەش وسپی، بە زمانی کوردی.

* آفاق كركوك التربویة
گۆڤارێکی مانگانەی پەروەردەیی و ڕۆشنبیری و ئەدەبی بوو، بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی کەرکوک بەزمانی عەرەبی دەریدەکرد، ژمارە سفری لە کانونی دووەمی 2006 بڵاوکرایەوە، سەرۆکی ئەنجومەنی کارگێڕی شەن عومەر موبارەک و جێگری سەرنوسەری عەباس حەمدی بەکتاش بوو.

* ســــەنگاو
گۆڤارێکی ڕوناکبیری وەرزی بوو، بنکەی ئەدەبی و ڕوناکبیری سەنگاو دەریدەکرد، بە خاوەندارێتی بنکەی ئەدەبی و ڕوناکبیری سەنگاو، سەرنوسەری حەمە غەریب حەمە تۆفیق بوو، ژمارە سفری لە بەهاری 2006 بڵاوکرایەوە.

* گۆڤاری الافندی
گۆڤارێکی کاریکاتێری ئامێز بوو، دەزگای هەواڵ بۆ ڕۆژنامەوانی مانگی جارێک دەریدەکرد، ژمارە یەکی لە مانگی کانونی یەکەمی 2005 بڵاوکرایەوە، بەڕێوەبەری کشتی شوان داودی و سەرنوسەری ثائر البدری و ‌بەڕێوەبەری نوسینی جەلیل ئەلبەسری بوون.

* گۆڤاری ایشق
کۆمەڵەی ایشق ی ئەدەبی تورکمانی، ژمارە یەکیان لە شوباتی 2006 دەرکرد،بە خاوەندارێتی ئیمتیازی حاجی سامی یوسف توتنچی، و سەرنوسەری سەیفەدین بیراوچی.

* گۆڤاری الحکمە
ئامادەیی حیکمەی کوڕان، وەک گۆڤارێکی قوتابخانەیی ڕۆشنبیری دەریدەکرد، ژمارە 1ی لە ئاداری 2006 بڵاوکرایەوە، بە بەڕێوەبەری خەلیل فاروق و دەستەی ئەدەبی سیفەدین عەزەدین.

* بزاڤی دەریـــا
گۆڤارێکی ئەدەبی و هونەری و وەرزشی و ڕۆشنبیری سەربەخۆ بوو، مانگی ژمارەیەکی لێ دەردەچوو، خاوەنی ئیمتیازی مام دەریا، سەرنوسەری زاهیر ئەنوەر بوون

* گەرمیانی ئەمـــڕۆ
مانگانەی بەرەوشار بوو،کە لەگەرمیان وەک بڵاوکراوەیەکی ئەهلی ئازاد دەردەچوو،14 ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە، پاشان بڕیار درا ناوەکەی بکرێت بە گەرمیانی ئەمڕۆو ستافێکی تازەش کارەکانی ڕاپەڕێنن. یەکەم ژمارەی لە نیوەی ساڵی 2005 بە 12لاپەڕە بڵاوکرایەوە وەک ڕۆژنامەیەکی مانگانە، خاوەنی ئیمتیازی شێخ سەعید شاکەلی و سەرنوسەری لاوان ئەحمەد و بەڕێوەبەری نوسینی ساڵح میروەیس بوون.

* ڕۆژنامەی القرار
ڕۆژنامەیەکی ڕۆشنبیری سیاسی گشتی، زمانحاڵی حیزبی القرار ی تورکمانی بوو، بە 8لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ، بە عەرەبی و تورکی لاتینی دەردەچوو، ژمارە 1ی لە کانونی دووەمی 2006 بڵاوکرایەوە، سەرنوسەری منور ملا حسون و سکرتێری نوسینی شێرزاد بابا ئۆغڵو بوون.

* پاشکۆی هەشتاو هەشت
بڵاوکراوەیەکی تایبەت بە مەرگەساتی قۆناغەکانی ئەنفال بوو، پاشکۆیەکی وەرزی گۆڤاری هەشتاو هەشت بوو، بەهەشت لاپەڕەی ڕەنگاوڕەنگ و زمانی کوردی دەردەچوو، سەرنوسەری سالار مەحمود بوو.

* وەرزشکاران
کۆمەڵێک وەرزشکار لە کەلار دەریان دەکرد، وەک مانگانەیەکی وەرزشی، ژمارە یەکی لەسەرەتای سالێ 2006بڵاوکرایەوە، خاوەنی ئیمتیازو سەرنوسەری ئەرکان محەمەد ڕەشید بوو.

* صــــدی گرمیان
پاشکۆی ڕۆژنامەی خۆرنەوازان بوو، بە 8 لاپەڕەی ڕەش و سپی دەردەچوو، خاوەنی ئیمتیازی سەڵاحەدین عەبدولحەمید بوو.

* بڵاوکراوەی خـــەندان
ڕۆژنامەیەکی ئەزمونی خوێندکارانی خولی حەندان بوو، بۆپێگەیاندنی ڕۆژنامەنوسی بۆ پەخش و وەشاندن لە کەرکوک دەردەوو، بە هەشت لەپەڕەی ڕەش و سپی، سەرنوسەری حەسیب کەرکوکی و بەڕێوەبەری نوسینی محەمەد سەید کەریم بوون.

* ڕۆژنامەی ئاراستە
ئاراستە مانگنامەیەکی کۆمەڵایەتی ڕۆشنبیری بوو،کۆمەڵەی ڕوناکبیری و پەرەپێدانی کۆمەڵایەتی کەرکوک دەریدەکرد، ژمارە یەکی لەنیوەی ساڵی 2006 بەهەشت لاپەڕەی ڕەش و سپی چاپ و بڵاوکرایەوە، سەرنوسەری بەختیار محەمەد و جێگری سەرنوسەری کارزان حەمید بوون لەگەڵ هەریەک لە سەمیرە ئەحمەد و فریاد ئەحمەد وەک دەستەی نوسەرانی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت