لوقمان مستەفا: منداڵان قوربانی سەرەکی جەنگەکانن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

منداڵان یەكەم قوربانیی جەنگ و ململانیە سیاسییەکانن، كە هیچ دەسەڵاتیان نییە و تەنیا بوونەتە سوتەمەنی و باجی هەڵەی سیاسیە بازرگانەکانی جەنگ و سیاسەتی دەوڵەتان دەدەن.
دوای 34 ساڵی لە ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵان. واتە به‌پێی بڕیاری” 44/25” كه‌ له 20/نوامبە‌ر/1989 له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ كه‌ زۆربه‌ی وڵاتانی جیهانی له‌خۆگرتووه‌ ده‌رچووه‌، لیستێكی زۆر دوورودێژی ده‌رباره‌ی مافه‌كانی منداڵ ده‌ركردووه، كه‌ بریتیه‌ له‌ “54” مادده‌، هه‌ندێك له‌ مادده‌كان له‌ چه‌ند بڕگه‌یه‌ك پێكهاتوون کە ئێمە لێرە تەرکیز دەکەینە سەر دوو خاڵێکی جەوھەری ئەو مادانە:
1- پاراستنی منداڵ له‌ هه‌موو توندوتیژی و خراپه‌ و زیانپێگه‌یاندنی گیانی و هۆش، ناشبێ په‌راوێز بكرێت.
2- پاراستن و چاودێریی منداڵ له كاتی شه‌ڕ و ئاژاوه‌دا.
بەھیچ شێوەیەک ئەم دوو مادەیە نە جێبەجێکراوە نەبەرگریشی لێکراوە، بەڵکو بەردەوام پێشێلیشکراوەو وەک مورەکەبی سەر کاغەز ماوەتەوە.
لە کاتێکدا له‌ساڵی‌ 1959دا ڕێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان جاڕنامه‌ی‌ جیهانی‌ مافه‌كانی‌ منداڵانی‌ ڕاگه‌یاند، له‌ساڵی‌ 1989دا ڕێكه‌وتن له‌باره‌ی‌ جاڕنامه‌كه‌وه‌ كراو 191 ده‌وڵه‌ت له‌جیهاندا پابه‌ندبوونی‌ خۆیان به‌ ڕێكه‌وتننامه‌كه‌وه‌ پیشاندا لەگەڵ ئەوەی زۆرینەی دەوڵەتان چوونەتە ناو ئەو ڕێککەوتنامەیە.
بەڵام تائێستا منداڵان لە زۆربەی شوێنەکانی جیهان، لە دۆخ و ژیانێکی ناتەندروستدا دەژین و ڕووبەڕووی توندوتیژی و سەختی گوزەران دەبنەوە، بەتایبەت لەو وڵاتانەی کە جەنگ و پاشماوەکانی جەنگ بوونیان هەیە.نمونەی رۆژئاوای کوەردستان و یەمەن و غەزەی فەلەستین و چەندین شوێنی ووڵاتانیتر.
ئێستا منداڵان زیاتر مافەکانیان پێشێل دەکرێ و دەبنە سووتەمەنی جەنگ و ململانێکان، خێزان دەیانخاتەوە، بازاڕیش دەیانهاڕێت، دواجاریش دەبنە سووتەمەنی جەنگەکان.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکانی خۆیدا ئاماژە بە خراپترینی ئەو وڵاتانە دەدات کە مافەکانی منداڵیان تێدا پێشێل دەکرێت، کە ئەوانیش وڵاتانی جیهانی سێیەم و تازە پێگەیشتووەکانن.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەفریقا و ئەمریکای لاتین، زۆرترین منداڵی قوربانییان تێدایە، ناسەقامگیری ئاسایش و ململانێ سیاسییەکان و داڕوخانی ئابوری سەرەکیترین هۆکاری چەوساندنەوەی منداڵ و پێشێلکردنی مافەکانیانە.
بەپێی پێناسە و بەندەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە 42 ماددە پێکدێت، کە دەڵێت: منداڵ ئەو کەسەیە کە تەمەنی لە 18 ساڵ کەمتر بێت، مافی ئەوەی هەیە بە زمانی دایک بخوێنێت، مافی ژیانی هەبێت لەژێر چاودێری خیزان یان حکومەتدا، خاوەنی ناسنامەی فەرمی بێت و ڕێز لە ڕاو بۆچوونەکانی بگیرێت و ئازادییەکانی پارێزراو بن.
لە ساڵی( 1924وە تا 2015 )21 جار ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی کراوە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵ، 1ی حوزەیرانی 1989ش دوایین ڕێککەوتنی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ پاراستنی مافەکانی منداڵ، بەڵام سەرباری ئەوە، هێشتا مردنی منداڵی ساوا و کوژرانیان لەجەنگەکاندا و بێبەشبوون لە پەروەردە و وخوێندن بەڕێژەیەکی بەرچاو بەردەوامییان هەیە.
بەپێی بەندەکانی ئەو ڕێککەوتنە، هەموو منداڵێک مافی تەندروستی و پەروەردە و پارستنی هەیە، هەموو وڵاتێکیش پابەند کراوە بە پاراستنی ئەو مافانە، بەڵام ملیۆنان منداڵ بەهۆی هەڵاواردنی ڕەگەزیی و ئیتنیکیەوە بێبەشن لە ژیانێکی شایستە.
وێڕای هەموو ئەو ڕێککەوتنانە، تا ئێستاش زۆرینەی منداڵانی کورد لە بچوکترین مافەکانیان کە خوێندنە بە زمانی دایک بێبەشن، لە هەریەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، باکوری کوردستان بە هەموو شێوەیەک زمانی دایک بۆ منداڵان قەدەغە لە ناوەندەکانی خوێندندا، لە ڕۆژئاوای کوردستان’یش دوای شۆڕشی ئەو پارچەیە خوێندنی کوردی بۆ منداڵان فەراهەم کرا، بەڵام هێشتا حکومەتی سوریا’ش بە فەرمی نەیناساندووە. ئەمە وێڕای بەندکردنیان لە کونجی زیندان و کوشتنیان بەبیانوی ھێزە بەرھەڵستکارەکان کە داوای مافی رەوای گەلەکەیان دەکەن.
بەپێی داتاکانی یونسێف-ی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە پاراستنی مافەکانی منداڵان، لە تەواوی جیهان نزیکەی 900 ملیۆن منداڵ ڕۆژانە نزیکەی دوو دۆلاریان هەیە و بەردەوام ڕووبەڕووی هەڕەشەی خێزانی و تەندروستی و کەمی خۆراک دەبنەوە.
ئیستا هەریەک لە ئەفغانستان، سوریا، یەمەن، نەیجیریا، لیبیا، سۆماڵ، لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەن کە منداڵان تیایاندا قوربانی یەکەمە و زیاتر لە نیوەیان بێبەشن لە چاودێریی خێزانیی و حکومەت، ئێستا بەهۆی توندوتیژییەوە، لە پێنج خولەک جارێکدا منداڵێک دەمرێت.
ئێستا دۆخێکی مەترسیدارتر لە وڵاتانی نائارامی شەڕدا بە تایبەت یەمەن و سوریا و فەلەستین دروستبووە، ئەویش بەکرێگرتن و ڕاپێچکردنی منداڵانە بۆ بەرەکانی شەڕ بە تایبەت کە ئێستا تورکیا رۆڵێکی قێزەون دەگێرێت وەک بازرگانێکی بێ ویژدان لە سوریاوە بۆ لیبیا بازرگانی بە منداڵانەوە دەستیپێکردووە و هەلومەرجی ئابوری خراپی خێزانەکانی قۆستووەتەوە لە بەرامبەر پێدانی بڕە پارەیەک روبەروی مەرگیان دەکاتەوە.
بەداخەوە ھەمیشە منداڵان لەجەنگەکاندا زۆر جار وەک قەڵغانی مرۆیی و تەنانەت بەشداری پێکردنیان لە شەرەکانیاندا چی وەک بکوژ و چی وەک قوربانی بەکار دەھێنرێن،لە پێناو مەرامەسیاسیەکانیاندا.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت