پیتەر سینگەر: بیرکردنەوە لە مردووەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی: دڵشاد حامید دەروێش
دایکم شانازیی بەو ڕاستییەوە دەکرد کە باوکی، واتە دەیڤید ئۆپنهایم، ئەندامی ئەو بازنەی گفتوگۆیە بووە کە سیگمۆند فرۆید، دامەزرێنەری دەروونشیکاری، به‌ ڕێوه‌ی دەبرد، تەنانەت بهەڤڕا لەتەک فرۆید توێژینەوەیەکیان نووسیوە. کە هێندە گەورە بووم لە گرنگیی ئەم ڕاستییە تێ بگەم، بایەخدانم به‌ باپیرەم زیادی کرد.
بە داخەوە نەمبینی. دایک و باوکم کە جوولەکە بوون، دوای گرتنی نەمسا لە لایەن نازییەکانەوە، هەر زوو ڤییەنایان جێ هێشت و لە ئوستوراڵیا گیرسانەوە. باپیرە و داپیرەم، وەک زۆر کەسی دیکەی بەتەمەن، نەیانویست ماڵەکەیان جێ بهێڵن و بۆ وڵاتێکی بیانی گەشت بکەن و بۆ گێتۆ قەرەباڵغ و کەمخۆراکەکەی تێرێزینشتات (Theresienstadt) دیپۆرت کران. زۆری نەخایاند دەیڤید مرد، ئامالی (Amalie)، دایکی دایکم، لە تێرێزینشتات ڕزگاری بوو و دوای جەنگ هات بۆ لای دایبابم، دەوروبەری ئەو کاتەی من تێیدا لە دایک بووم.
دەیڤید، توێژەری یۆنان و ڕۆمای کۆن، نووسینەکانی لە کن هاوڕێیەکی ناجوولەکەی جێ هێشتبوو، ئامالییش دوای ئازادبوونی، توانیبووی وەریان بگرێتەوە و بیانهێنێت بۆ ئوستوراڵیا. لە مێژ بوو دەمویست هەندێک لە کارەکانی بخوێنمەوە، بەڵام هەمیشە شتگەلێکی گرنگتر هەبوون بیانکەم، کە گەیشتمە پەنجاکانی تەمەنم، دواجار کاتم بۆ تەرخان کرد. لە نووسینێکیدا دەپرسێت، ژیانی چاک چییە؟ پرسیارێک کە وەک فەیلەسووفێکی قاڵبووه‌وەی بواری ئیتیک، پێشتر زۆر بیرم لێ کردبووەوە. دەیڤید لە بەستێنی دەقی کلاسیکدا ئەم پرسیارە بەر باس دەدات. بڕگەیەک لە یەکەم پەرتووکی هیرۆدۆت وەسفی سەردانەکەی سۆڵۆنی یاسادانەری ژیری ئەسینا بۆ لای کرویسوس، پاشا دەوڵەمەندەکەی لیدیا (Lydia) دەکات. دوای خزمەتکردنی سۆڵۆن و گوێگرتن لە بەسەرهاتی گەشتەکانی، کرویسوس لێی دەپرسێت: بەختەوەرترین پیاو کە تا ئێستا بینیبێتت، کێیە؟ کرویسوس چاوەڕێی ئەوەی دەکرد بڵێ تۆ بەختەوەرترینیت، لەبەر ئەوەی کێ لەم زەنگینتر یان فەرمانڕەوای خەڵکانێکی مەزنتر و زۆرتر دەکات؟ سۆڵۆن چاوەڕوانییەكه‌ی تێک دەشکێنێت کاتێک ناوی کەسێکی ئەسینایی بە ناوی تێلوس (Tellus) دەهێنێت. کرویسوس سەری دەسووڕمێت و داوای زانینی هۆی ئەم هەڵبژاردنە دەکات، سۆڵۆنیش گرنگترین خاڵەکانی ژیانی تێلوس باس دەکات. تێلۆس لە شارێکی گەشەسەندوودا ژیاوە، کوڕانێکی باشی هەبوون، هێندە ژیاوە کە منداڵی هەموو کوڕەکانی ببینێت. بەگوێرەی پێویست سەروەت و سامانی هەبوو. سەربەرزانەش مردووە، چونکە لە جەنگی دەرپەڕاندنی دوژمندا کوژراوە. ئەسیناییەکانیش بە سازدانی پرسەیەکی جەماوەری لە هەمان ئەو جێیەی تێیدا کوژرا، شەرەفێکی گەورەیان پێ بەخشی.
لەم چیرۆکەوە، باپیرم وێناکردنی سۆڵۆن بۆ ژیانێکی بەختەوەرانە، لەم دە خاڵەدا کورت دەکاتەوە.
1- ژیان لە سەردەمێکدا کە وڵات هێمنانە گەشە دەکات.
2- درێژبوونەوەی ژیان تا نەوەی سێیەم.
3- هەموو خورتی و هێزی وەک مرۆیەکی نەبەرد، لە دەست نەدات.
4- داهاتێکی ئاسان.
5- منداڵانێکی باش پەروەردەکراو.
6- گەرەنتیی بەردەوامیی وه‌چه‌، ئەمیش بە بوونی ژمارەیەکی زۆر کچەزا و کوڕەزای ساغڵەم.
7- مەرگێکی خێرا.
8- جەختکردنەوەیەکی سەرکەوتوانە لە هێزی کەسەکە.
9- شکۆمەندترین پرسە.
10- پاراستنی ناوی کەسەکە بە یادکردنەوەی شکۆمەندانەی لە لایەن هاووڵاتیانەوە.
وەک لە کۆتا دوو خاڵەوە دەردەکەوێت، ســــــۆڵۆن بڕوای وابوو ئەوەی دوای مردن بەسەر خەڵکیدا دێت –پرسەکەیان چۆن دەبێت، چلۆن یادیان دەکرێتەوە– کاریگەریی لەسەر ئەوەی چەندە باش ژیاون، هەیە. ئەمە لەبەر ئەوە نا کە سۆڵۆن ئەندێشەی ئەوەی دەکرد دوای مردنت تۆ لە جێیەکەوە تەماشای خوارەوە دەکەیت و ئەو پرسەیە دەبینیت کە بۆتی دەگێڕن. هیچ ئاماژەیەک لەســـەر ئەوەی سۆڵۆن بڕوای بە جۆرێک لە ژیانی دوای مەرگ هەبێت، نییە. بە دڵنیاییەوە منیش بڕوام پێی نییە. بەڵام ئاخۆ گومانکردن لە ژیانی دوای مەرگ ناچارمان دەکات بەو ئەنجامگیرییەی کە ئەوەی دوای مردن بەسەرتدا دێت، باندۆری لەسەر ئەوەی چەندە باش ژیاویت، نییە؟
کە بیر لەم بابەتە دەکەمەوە، لە نێوان دوو بۆچوونی ناکۆکدا دێم و دەچم: تۆ شتێک بە گرنگ دانانێیت مەگەر کاریگەریی لەســــەر هۆشیاریت هەبێت، واتە کاتێک بە هەر شێوەیەک بێت، ئەزموونی بکەیت. گرنگ ئەوەیە کە خواســـتەکانت تێر دەکات، جا پێی بزانیت یاخود نا، لە کاتی تێربووندا دەژیت یانژی نا. بۆچوونی یەکەم کە سوودگەرا کلاســــیکەکانی وەک جێرمی بێنسام هەڵیان گرتووه‌تەوە، هەم سادەتر و ڕوونترە، هەمیش لە ڕووی فەلســـەفییەوە ئاسانتر دەتوانرێت بەرگریی لێ بکرێت. بەڵام ئەمە بهێنە بەر چاوت: ساڵێک لەمەوبەر بە هاوکارەکەت لە زانکۆ وتراوە تووشی شێرپەنجە بووە و نابێت چاوەڕێی ئەوە بکات لە ساڵێک، یان ساڵ و قسوور زیاتر بژی. هەر کە ئەم هەواڵە دەبیستێت، مۆڵەتێکی بێمووچە وەردەگرێت و ســــاڵێکی ڕەبەق سەرقاڵی نووسینی کتێبێک دەبێت کە ئەو بیرۆکانەی تێدا کۆ دەکاتەوە کە ماوەی ئەو دە ساڵەی دەتناسی، کاری لەسەر کردوون. ئەرکەکەی شەکەتی کرد، بەڵام ئێستا تەواو بووە. نزیک لە مەرگ، پەیوەندیت لەتەکدا دەبەستێت و بانگهێشتی ماڵەکەیت دەکات، لەوێندەر دەســــتنووسێکت پێشکەش دەکات. دەبێژێت: »دەخوازم بەمە یاد بکرێمەوە، بە تکاوە بڵاوکارێکی بۆ بدۆزەرەوە.« بە بۆنەی تەواوکردنی ئەرکەکەی، پیرۆزبایی لە هەڤاڵەکەت دەکەیت. هەرچەندە لاواز و شەکەتە، بەڵام هەر کە دەستنووسەکەت پێ دەدات، ڕازی و دڵخۆش دەردەکەوێت. ماڵئاوایی لێ دەکەیت. ڕۆژی دواتر پەیوەندییەکی تەلەفۆنیت بۆ دێت و پێت ڕادەگەیەنن کە هاوڕێکەت کەمێك دوای ڕۆیشتنت، لە شیرینیی خەودا مردووە. دەستنووسەکەی دەخوێنیتەوە، بە دڵنیاییەوە شایستەی بڵاوکردنەوەیە، وەلێ شاکار نییە. لە خۆت دەپرسیت: [ســـــوودی چییە؟] دەبێژیت: »ڕاستییەکەی ئێمە ئاتاجی کتێبێکی دیکە لەبارەی ئەم بابەتانەوە نین، ئەو مردووە، هەرگیز نازانێت کتیبەکەی چاپ بووە یاخود نا.« لەبری ناردنی کتێبەکە بۆ وەشانخانە، تووڕی هەڵدەدەیتە نێو تەنەکەی خۆڵەکە.
ئاخۆ کارێکی هەڵەت کرد؟ وردتر، خراپەت بەرانبەر هاوپیشەکەت کرد؟ ئاخۆ بە جۆرێک لە جۆرەکان وات کرد ژیانی کەمتر باش بێت بەراورد بەوەی ئەگەر کتێبەکەت بۆ وەشانخانە بردبا و بڵاو کراباوه‌ و وەک هەموو ئەو کارە ئەکادیمییانەی کە بەهادارن، وەلێ شاکار نین، ســـــــەرنجگەلێکی کەمی بۆ خۆی ڕاکێشـــــــابا؟ ئەگەر بە بەڵێ وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، کەواتە ئەوەی دوای مردنی کەسێک دەیکەین، کاریگەریی هەیە لەسەر ئەوەی کەسەکە چەندە باش ژیاوە.
زیاتر نووســــــینەکانی باپیرم خوێندەوە، هەروەتر، ئەو نامە کەسییانەی بەر لە هاوسەرگیرییان بۆ ئامالی نووسیبوونی، ئەوانەشی دواتر باپیرم و ئامالی، دوای چوونیان بۆ ئوستورالیا، بۆ دایبابمیان نووسیبوون. زۆری و دەوڵەمەندیی کەرەستەکان وایان لێ کردم کتێبێک لەبارەی ژیانی دەیڤید و کارەکانی و ئەو ساتەوەختە دراماتیکییانەی تێیاندا ژیاوە، هەر لە سەردەمی زێڕینی ڤییەناوە بەر لە جەنگی یەکەمی جیهان تا بەربەرییەتی نازیزم، بنووسم. کتێبەکە ساڵی 2003 لەژێر ناونیشانی: “pushing time away: my grandfather and the tragedy of Jewish Vienna”دا بڵاو کرایەوە.

سەرچاوە:
Ethics in the Real World: 90 Essays on Things That Matter – A Fully Updated and Expanded Edition

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت