جیهانگیر محەمەد: کارەساتێکی مەترسیدار بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێم دەگرێت.

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەداخەوە لە داهاتویەکی نزیکدا کارەساتی گەورە بەرۆکی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەگرێت کە لە ئێستاوە سەرەتاکانی ئەم کارەساتە دەرکەوتووە، کە ئەویش زیادبوونی لە ڕادەبەدەری توشبونە بە نەخۆشی شێرپەنجە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دروستبونی ئەم کارەساتە گەورە و مەترسیدارە دەروازە سنوریە لاوەکییەکانە، لە ئێستادا سەرمایەدار و بازرگانە چاوچنۆکەکان لە پێناو بەرژەوەندی مادی و کۆکردنەوەی سەرمایە، دەروازە لاوەکییەکان بەکاردەهێنن بۆ هێنانە ناوەوەی مادەی خۆراکی بەسەرچوو، بەو پێیەی دەروازە لاوەکیەکان کۆنتڕۆڵی بەهیزیان نیە و چاودێری چڕی لەسەر نییە، ئەمە دەرفەتێکی داوە بە سەرمایەدار و بازرگانەکان بەشێوەیەکی بەردەوام و ڕێژەیەکی زۆر مادەی خۆراکی بەسەرچوو قەدەغەکرا و هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن لێوەی.
هێنانی ئەم خۆرەکە بەسەرچووانە بە ڕێکەوتنی سەرمایەدار و بازرگانەکانە لەگەڵ بەرپرسە سیاسییەکاندا، ئەمەش یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بڵاو بونەوەی نەخۆشی شێرپەنجە کە بەداخەوە هێندە بەربڵاوە وەک پەتایەکی پایزە بەرۆکی هاوڵاتیانی گرتووە و کەمن ئەو خێزانانەی توشبویەک، یان زیاد لە توشبویەکیان نەبێت.
بەشێوەیەکی گشتی خاڵە سنوریە لاوەکییەکان خاوەن کۆنتڕۆڵێکی لاوازن بەتایبەت مەرزی پشتە لە سنوری ناحیەی بەمۆ کە پشکی شێری بەردەکەوێت، وەک خالێکی سنوری کە زۆرترین مادەی بەسەرچووی لێوە هاوردە دەکرێت، بەهۆی کەمتەرخەمی لایەنی ئەمنی و ڕێککەوتنی فەرمانبەرانی دەروازەکە لەگەڵ بەرپرس و سەرمایەدار و بازرگانەکاندا مەرزەکە بووە بە ڕێگایەکی سەرەکی بۆ بازرگانی کردن بە شمەک و کەرەستەی ناتەندروست، ئەمەش مەترسی جدی دروست دەکات لە سەر ئاسایشی خۆراک و کەرتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، بە جۆرێک ئەگەر ئاماری توشبوانی شێرپەنجە وەربگرین کە یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم نەخۆشیە خۆراکی ماوە بەسەر چووە، تەنها لە شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا 1508 حاڵەتی توشبون بە نەخۆشی شیرپەنجە تۆمار کراوە لە نەخۆشخانەی هیوا لە شاری سلێمانی کە ئەم ڕێژەیە زۆر لە سەرەوی ستاندەردە جیهانییەکانە.
بەردەوام توشبوانی نەخۆشی شێرپەنجە لە زیاد بوندایە، بەو ڕێژە زۆرەی توشبوانی شێرپەنجە بۆمان دەردەکەوێت کۆمەڵگەی کوردی لە چی بارو دۆخێکی خراپی تەندروستیدایە، بەبۆچوونی من باشترین ڕێگە بۆ کەمکردنەوەی ئەم نەخۆشییە کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە لاوەکیەکانە، بەشیویەک چاودێری چڕ لە خاڵە سنوریەکان دابنرێت و هەر کەس و لایەنێک هەوڵی هێنانە ناوەوەی مادەی خۆراکی ماوە بەسەرچوو بدات بەتوندترین شێوە سزا بدرێت بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە لەوە زیاتر تەشەنە نەکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت