عەبدوڵا کەریم مەحمود: دوو وتارەکەی بابل ی عودەی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەسەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 1993، هاوڵاتییەک بە ناوی ( ع.ا. ع، بە نوسراوێکەوە رووی کردە ژوورەکەی (کەمال محێدین) ی بەڕێوەبەری یاسایی ئەمانەی عامە(شارەوانی بەغداد) ی پایتەخت. دوای مۆڵەتی لە ئەمانەی عامەی بەغداد کرد بۆ ئەوەی بواری پێ بدەن باڵەخانە سێ نهۆمیەکەی بروخێنێ لە شەقامی مەنسوور و لە شوێنەکەی باڵەخانەیەکی شەش نهۆمی نوێ دروست بکات. کەمال محیدین بە پێی یاسای ئەمانەی عامە، بە ئیمزای خۆی، رەزامەندی لەسەر داواکارییەکەی نیشاندا. ع .ا. ع ) هەموو کرێچییەکانی باڵەخانەکەی ئاگادار کردووە: لە ماوەیەکی دیاری کراودا، دوکانەکانی هەرسێ باڵەخانەکەی بۆ چۆڵ بکەن. یەکێک لە کرێچییەکانی، ژنێکی عەرەبی بەعسی بوو، پێڵاوی ئیتالی ژنانەی لە دوکانێکی نهۆمی خوارەوەی باڵەخانەکە دەفرۆشت، زۆربەی ژنە بەعسی و دەوڵەمەندەکانی پایتەخت پێڵاویان لای ئەو دەکڕی.
ئەو ژنە بە بڕیارە کەی ئەمانەی عامە چاوی چووە پشتی سەری و توڕە بوو، وتی؛ نابێ ئەم بڕیارە من بگریتەوە، دوکانەکەم بۆ هیچ کەس چۆڵ ناکەم.
بە خیرایی بە سکاڵایەکەوە خۆی گەیاندە ( دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق). بڕیاری روخانی باڵەخانەکە و دوکانەکانی پێ ڕاگەیاندن. دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، پشتگیری داوای ژنە بەعسییەکەی کرد، دژی بڕیارەکەی ئەمانەی عامە وەستانەوە.
لێرەدا دوو بڕیاری جیاواز، لە نێوان( بڕیاری یاسایی ئەمانەی عامەی بەغداد) و بڕیاری نایاسایی دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق) سەری هەڵدا.
ئەمانەی عامەی ىەغدا، بە رەچاکردنی یاسایی بڕیاریدا: باڵەخانەکە بڕوخێنن.
دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، بە رەهای دەسەڵاتی باڵای عیراق، بێ رەچاو کردنی یاسا بڕیاریان دا: نابێ باڵەخانەکە بڕوخینن.
ئەم کێشەیە ئاڵۆزتر بوو، بوو بە هۆی ئەوەی کرێچی دوکانەکانی هەرسێ باڵەخانەکە، لە بەردەرگای ئەمانەی بەغداد خۆپیشاندان دژ بە بڕیارەکەی ئەمانەی عامە بکەن.
ژنە بەعسییەکە و کرێچییەکان، پارێزەرێکی بەعسیان گرت، ئەو پارێزەرە، دوو وتاری لە سەر دوو بڕیارە جیاوازەکەی نیوان، ( ئەمانەی بەغداد و دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ) لە رۆژنامەی بابل ی (عودەی سەدام حسین )، بڵاوکردەوە.
وتاری یەکەمی بابل: لە 8. 12. 1993، لە ژمارە 775ی رۆژنامەی بابل، لە مەلەفی ژمارە 2081، بە ناونیشانی ( لماذا تصر امانة ‌بغداد علی دعم الموقف اخاطیء)، بڵاو کردەوە. بە واتای: (بۆ ئەمانەی عامە بەغداد، سوورە لە سەر پشتگیری هەڵویستی هەڵە ).
وتاری دووەمی بابل: لە 16. 12. 1993، لە ژمارە 782، رۆژنامەی بابل لە مەلەفی ژمارە 2139، بە ناونیشانی ( دیوان الرئاسة، یآمر وامانة بغداد لا تنفذ )، بڵاو کردەوە. بەواتای، دیوانی سەرۆکایەتی بڕیاری داوە، بەڵام بەڕێوەبەری ئەمانەی بەغداد بڕیارەکە جێ بەجێی ناکات )
هەردوو وتارەکەی رۆژنامەی بابل لە بەغدا هەژانێکی گەورەی دروست کرد، بوو بە مشت و مڕی دانیشتوانی بەغداد.
بابل بە رەقی و توندوتیژیی هێرشیان کردبووە سەر کەمال محیدین، هانی دیوانی سەرۆکایەتی کۆمارو ئەمانەی عامەیان دەدا، کەمال محێدین وتویەتی؛
من سوورم لەسەربڕیارە (یاساییەکەی ئەمانەی عامە ) ی بەغداد، دەبێت باڵەخانەکە تێک بدرێت.
دیوانی سەرۆکایەتی کۆمای عێراق پێنج بڕیاری دژبە بڕیارەکەی ئەمانەی عامە دەرکرد، لە دوا بڕیاریدا، لە 6. 11. 1993 بە ژمارەی( 30276 )، دەڵێن؛
بڕیارەکەی ئەمانەی عامە یاسایی نین و جێ بەجێی ناکەین.
لە ناوەڕاستی وتاری دووەمی بابل، پارێزەری ژنە بەعسییەکە دەڵێت: سووربوونی بەڕێوبەری یاسایی، لەسەر ئەوەی کە مۆڵەتی خاوەن باڵەخانەکە یاساییە،ئەوە دەخاتە روو: دەستی بەڕێوەبەری یاسایی ئەمانەی عامە چەور کراوە. واتا رەشوەتی وەرگرتووە. جگە لە هەڵبەستتنی دەیان درۆو بوختانی ناڕەوا و دزیی بۆ کەمال محێدین.
لە لایەکی ترەوە، ژنە بەعسییەکە دیوت: جەنابی ئەمینی عامە بەغداد ئاگات لە خۆت بێت ، پارێزەری نهێنییەکانت و چاوی یاسایت،درۆت لە گەڵ دەکات ).
دواجار منذر العوزێم ی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی بەعس، هەر دوو وتارەکەی خوێندەوە لە گەڵ ئەمینی بەغداد داوایان کرد: لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە نهینی پێک بهینریت بۆ بەدوواچوونی ورد لە هەردوو وتارەکەی بابل، بۆ گەیشتن بە ئەنجامی یاسایی. لە 12. 12. 1993 ئەمینی بەغداد پشتگیری لیژنەی لێکۆڵینەوەکەی کرد.
لە دوو وتارەکەی بابل ی عودەی و لە دووبڕیارەکەی ئەمانەی عامەی بەغداد و دیوانی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، دوای بە دواداچوون و لێکۆڵینەوەی یاسایی، لیژنەکە گەیشتنە ئەنجامی کۆتایی: کەمال محدین بەڕێوەبەری ئەمانەی عامەی بەغداد، پەیڕەوی مادەو برگەیی یاسایی عێراقی رێساکانی کردەوە و جێ بەجێی کردووە. گەر لیژنەی لێکۆڵینەوە پەیرەوی بڕیارە یاساییەکەی ئەمانەی عامەی بەغدادی نەکردایە: ژیانی کەمال محێدین لە سەر بڕیاڕی عودەی سەدام ی رۆژنامەی بابل، رووبە رووی زیندانی هەتا هەتایی و مەرگ دەبوەوە.

* رۆژنامەی بابل، رۆژنامەیەکی سیاسیی عێراقی بوو، عودەی سەدام حسین خاوەنی رۆژنامەکە بوو، بابەتەکانی بەزمانی عەرەبی و ئینگلیزی بڵاو دەکردەوە، لە 31ی ئازاری 1991دەرچووە و لە تشرینی دووەمی 2002رۆژنامەکە وەستا.
* کەمال محێدین ئەسعەد لە 21. 2. 1936 لە شاری کۆیە لەدایک بووە، خویندنی سەرەتایی و ناوەندیی و دواناوەندی لە کۆیە تەواوکردوە، لە 1953بەهۆی محەمەد سادقەوە بووە بە بەپارتی، لە 1953- 1954 تەتەری عومەر دەبابەو عەلی عەبدوڵڵای خاڵی بووە.
لە 23. 6. 1963 بروانامەی لینسانسی لە حقوق لە زانکۆی بەغداد وەرگرتووە، بووە بەپارێزەر لە بەغداد، سێ جار زیندان کراوە، نوسینگەی پارێزەری لە کۆیە داناوە. لە 1967 لێپرسراوی لقی 5 پارتی بووە لە بەغداد، لە 11. 2. 1967 ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بووە.
دوای هەرەسی 1975 کەمال محێدین، نەفی کرا بۆ شارۆچکەی (قورنە)ی خوارووی عیراق، دواتر گوێزرایەوە بۆ ئەمانەی عامەی بەغداد تا 1997. لە 1999لێپرسراوی رێکخستنەکانی یەکێتی بووە لە گەڵ (دکتۆر مستەفا زەڵمی، عمید روکن سەردار عەلی، عقید محەمەد ئەمین دەربەند فەقەرەیی ) تا روخانی دەسەڵاتی سەدام، دواتر بوو بە لێپرسراوی مەڵبەندی یەکێتی بەغداد و مەکتەبی علاقات و ئەندامی پەرلەمانی عێراق.

* منذر العوزیم، کەسێتیەکی دیارو ناسراوبوو لە رومادی، سەرەک عەشرەتی العزیم بوو، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی حیزبی بەعس بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت