کـۆلارەی بـێ دەزوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

گۆڕینی: محەمەد بەرزی
منداڵە ژیرەکان: جارێکیان باوکێک منداڵەکەی خۆی برد بۆ باخچەیەکی گەورە، بۆ بینینی پێشبڕکێیەکی هەڵدانی کۆلارە. منداڵەکە، کە ئەو هەموو کۆلارە ڕەنگاوڕەنگانەی بە ئاسمانەوە بینی، زۆر شاد و کامەرانبوو، هەر بۆیە بە ڕوویەکی خۆشەوە داوای لە باوکی کرد کۆلارەیەکی بۆ بکڕێت و خلخلۆکەیەکی پڕ لە دەزووشێ بۆ پێوە ببەستێتەوە، تا ئەویش وەک منداڵەکان کولارەیەک هەڵبدا. باوکێشی خێرا چوو لە دوکانێکی ناو باخچەکەدا کۆلارەیەکی جوانی کلک درێژی ڕەنگاوڕەنگی بۆ کڕیی و زۆر بە چاکیش دەزووەکەی بۆ پێوە بەستەوە.
کوڕەکەی گورج کەوتە هەڵدانی کۆلارەکەی و وردە وردە کۆلارەکەش کەوتە بەرزبوونەوە، پاش ساتێکی کەم کۆلارەکە گەیشتە ئاستێکی زۆر بەرزی ئاسمان و لەو بەرزاییەشدا ڕاوەستا و مایەوە. پاشان کوڕەکە بە باوکی ووت: ( بابە گیان: لەوە دەچیت تەواو بوونی دەزووەکە، ئیتر ڕێگا نەدا لەوە زیاتر کۆلارەکەم بەرزببێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەم دەزووە بپچڕێنم، ئەوا کۆلارەکەم ئازاد دەبێت و لەوانەشە زۆر زیاتر لە ئاسماندا بەرزببێتەوە، ئایا دەکرێت ئــەم دەزووە بپچڕێنین ؟ ). باوکەکەشی بە قسەی منداڵەکەی کرد و گورج دەزووەکەی بۆ پچڕاند، کۆلارەکەش کەمێک بەرزبۆوە، کوڕەکەشی بە مە زۆر دڵی خۆشبوو … بەڵام ئەوەی سەیر بوو پاش تۆزێک، کۆلارەکە لە ئاسماندا دەستیکرد بە دابەزین و نزمبوونەوە و لە ئەنجامیشدا لەسەر سەربانێک کەوتە خوارەوە. کاتێک منداڵەکە ئەو دیمەنەی بینی زۆر سەرسامبوو. لە دڵی خۆیدا ووتی: ( باشە دەبوو پاش قرتاندنی دەزووکە باشتر کۆلارەکەم بەرزببێتەوە، کەچی لە جیاتی ئەوەی بەرزتربێتەوە، نزمبۆوە و کەوتیشە خوارەوە ). ئنجا پرسیاری لە باوکی کرد و ووتی: ( بابە گیان: من وامئەزانی دوای پچڕاندنی دەزووەکە، کۆلارەکەم زیاتر بەرزدەبێتەوە، باشە بۆچی لە جیاتی ئەوەی بەرزتر بێتەوە، کەچی نزمبۆوە و کەوتیشە خوارەوە؟ ).
باوکیشی ویستی ئەمەی بە جوانی بۆ ڕوونبکاتەوە، تا وانەیەکی زۆر بە نرخی فێربکات، بۆیە لە وەڵامدا ووتی: ( گیانەکەم: لەم جیهانە گەورەیەدا ، کە ئێمەی تێیدا دەژین، زۆر جار وا هەستدەکەین، کە زۆر شت وەک ئەو دەزووە، ئێمەیان بە خۆیانەوە بەستۆتەوە و ڕێگا نادەن بکەوین و تووشی شکست بین. دەزووەکە هۆکاری بەرزبوونەوەی زیاتری کۆلارەکە نەبوو، بەڵکو تەنها یارمەتی کۆلارەکەی دەدا بە بەرزیی بمێنیتەوە و نەکەوێتە خوارەوە، کاتێکیش هەوا هەڵی دەکرد، تۆ لە ڕێگای دەزووەکەوە یارمەتی کۆلارەکەت دەدا بە شێوەیەکی جوان بەرزببێتەوە، بەڵام کاتێک دەزووەکەمان قرتاند، ئەوەبوو کۆلارەکە بەبێ یارمەتی تۆ مایەوە، کە لەڕێگای دەزووەکەوە کۆلارەکەت بە بەرزی ڕاگرتبوو، هەر بۆیە کەوتە خوارەوە ). منداڵەکە لە قسەکانی باوکییەوە هەڵەکەی خۆی زانی و زۆر سوپاسی باوکیشی کرد.
جا منداڵە ژیرەکان، ئەم چیرۆکە پێماندەڵێت: هەندێکجار وا هەستدەکەین، ئەگەر بە خێزان و مامۆستا و کەسە نزیکەکانمانەوە نەبەسترێینەوە، ئەوا دەتوانیین بەبێ یارمەتی ئەوان بە خێرایی پێشبکەوین و لە ژیاندا بگەینە ئاستێکی بەرز. بەڵام ئەوە لە یاد دەکەین، کە تەنها کۆمەک و پشتگیریی و هاندانی خێزان و کەسوکار و مامۆستا و هاوڕیێ خۆشەویستەکانمانە، کە لە کاتی کێشە و تەنگانەدا یارمەتیدەری مانەوەی ئێمەن، تا لە ژیاندا سەربکەوین و بگەینە ئـاستێکی بـەرزتر و لەو بەرزییەشدا بمێنینەوە. ئەوان تەنها پشت و پەنای ئێمە نیین، بەڵکو وەک دەزووەکە یارمەتیدەری بـەرزیـی و سـەرکەوتن و مانەوەی ئێمەن. جا هەر بۆیە پێویستە بەردەوام هەوڵبدەین ئەو پەیوەندییە گەرموگوڕ و گـرنـگانـــە نەپچڕێنین.

تێبینی: ئەم چیرۆکە بە دەستکارییەکی زۆر کەمەوە لە ئینگلیزییەوە کراوە بە کوردی و ناوی نووسەری لەسەر نییە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت