عەبدولکەریم شێخانی: بۆیاخچی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

كە لە ڕۆژی 25- 5 دابەش کردنی مووچە دەستی پێ کرد بوو بە خەنەبەندان و شایی و لۆغان, گوتیان دەست پێ کردنی دابەش کردنی مووچەی قرتاوە بە لێ بڕینی 21% کە بە باڵامان بڕاوە, بەڵام زوو وەستا و گوتیان پارە لەبەردەستدا نییە. قسەی زۆرم لەسەر ئەوە هەیە, بەڵام جارێ بەردێکی لەسەر دادەنێم و هەڵیدەگرم بۆ کاتێکی دیکە, ئاخر دەبێ جارێ قەرزی ئازیزانم بدەمەوە, چونکە سێ چوار ڕۆژ لەمەوبەر بەڵێنم پێ دابوون کە بەشی دووەمی گوتارەکەمیان پێشکەش بکەم و نامەوێ وەک دەسەڵاتداران بەڵێنی درۆ بدەم, هەرچەند بۆ ئەوان دەچێتە سەرو وەکو دەڵێن بە قڕژاڵیان گوت بۆ بە دوو سەران دەڕۆی گوتی هیچ لە جوانان عەیب نییە, بەڵام من پێم شەرمە و زۆر لەسەرم دەکەوێ و وەکو فیتەرەکان دەڵێن بە گران دێمەوە سەر تایم. دەڵێن لە دیپلۆماتکارێکیان پرسی دیپلۆماسی چییە؟ گوتی دیپلۆماسی ئەوەیە کە بەڵێن بدەیت و بشزانی چۆن بەڵێنەکە جێ بەجێی نەکەیت. وەکو لە گوتارەکەی پێشووم گوتم هیچ کاسبییەک شوورەیی نییە, تەنانەت پیسایی دەردانیش. دەڵێن جارێک پیاوێک بەلاى یەکیک لەو پیساییڕێژانەدا تێدەپەڕێ و گوێێ لێیە کابرا لەبەر خۆیەوە قسە دەکات و دەڵێ: ( داکاسێ و لەسەر دەرپێی خۆت دانیشە دەنا خراپـت بەسەر دەهێنم ). پیاوەکە پێی دەڵێ: تۆ خۆتت دیوە, لەوە خراپتر چی بەسەردێنی؟ کابرا دەڵێ: چۆن؟ لەوە خراپتر ئەوەیە بیکەمە نۆکەر و خزمەتکار لە دیوەخان و بارەگای ئەم و ئەو دەست لەسەر سینگ بەپێوە بووەستێ و پێڵاوان ڕیز کات و دوایی بیخاتە بەرپێی ئاغاو سەرۆکان و پاشماوەى خواردنی ئەوان بخوات و کەس حسابی ئەو پێڵاوەشی بۆ نەکات کە بۆیانی دادەنێ.
لە ساڵی 2003 سەرۆکی تازە هەڵبژێرراوی بەڕازیل ( لۆلا داسیلڤا) سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەست هێنا. کە سەرکەوت تا گوتارى جەماوەری پێشکەش بکات, خەڵکەکە ناکاوگیر بوون کە بینییان تاکە پێڵاوێکی بە دەستەوەیە و گوتی ئەمڕۆ ئەم تاکە پێڵاوەم لە شارەوانی ( فرانکۆ) بەدەست گەیشت. دەزانم ئەو دەیەوێ ئەوەم بیرخاتەوە کە ڕەنگە ڕۆژێک لە ڕۆژان پێڵاوى ئەو, یان هی باوکم بۆیاخ کردبێ کاتێک کە منداڵێکی بچووک و بۆیاخچی بووم. ئەمە شەڕەفێکی گەورەیە بۆ وڵاتەکەمان کە بۆیاخچییەک ببێت بە سەرۆکی دەوڵەت و بێ گومان ئەوە زۆر شەریفانەترە لەوەى کە سەرۆکی وڵات دز بێ و ماڵ و سامانی گەلەکەی بەتاڵان ببات . ئەو پیاوە لە ساڵی 2003 بۆ 2011 سەرۆکی بەڕازیل بوو و ئابووریی ئەو وڵاتەی لە داتەپین و داڕمان ڕزگار کرد. زۆر بۆیاخچی لە ئەمریکا بوونەتە دەوڵەمەندی قەبە و پیاوی گەورەی دەوڵەت.

دوو بۆیاخچی
ئەوەی بۆتانی دەگێڕمەوە لە ( مەغریب ) ڕووى داوە و پاڵەوانی هەردوو بەسەرهاتەکەش بۆیاخچین, بۆیاخچیی عەرەب نەک کورد, چونکە هەندێک کەس وا دەزانن هەر کورد بۆیاخچییە. بەڵام پێشەکی ئاماژە بۆ دوو کۆمێنت دەکەم کە بۆیان نووسیوم. یەکێکیان کاک مستەفا شوانی نووسیویەتی :(من پێم وایە ئیش لەعیش ـ ى عەڕەبی وەرگیراوە چونکە ئێمە لە کەرکووک بە ئیش دەڵێین عیش. بۆ ئەو بەڕێزە دەڵێم, تکایە ئەو زمانە جوان و پاکەمان سووک مەکەن. ئەو گۆڕانە لە هەندێک ناوچە ڕوودەدات. ئەگەر ئەو قسەیە ڕاست بێ کەواتە ئاسمانیش کە دەکرێ بە عاسمان عەڕەبییە, هەروەها ئەلەتریک کراوە بە عەلەتریک و لۆریی ئینتەرناشناڵ کراوە بە عەنتەرناش و هیلیۆکۆپتەر بووەتە عەلیکۆپتەر, ئەوانیش دەبێ عەڕەبی بن. هەر لەم ڕووەوە یەکێک نووسیبووى تۆ بڵێی ئاژەڵی کوردی لە ( عجل) ی عەڕەبی وەرنەگیرابێ؟ کؤمێنتی دووەم کاک بەرزان فەرەج لە فەڕەنساوە بۆی نووسیوم و دەڵێ: ( بۆیاخچێتی لە فەڕەنسا نەماوە, بەڵام بۆ ئەوەى ئەو پیشەیە کوێرنەبێتەوە, لە ناو گرنگترین و ناودارترین بازاڕ وەکو گالێری لاڤایت کە زۆر ناودار و گرانە لە پاریس کوڕێکی گەنجی قۆز, یان کچێکی جوانیان داناوە بە دیار سندووقی بۆیاخەوە و پێڵاوى خەڵک بۆیاخ دەکات و هەندێک جار لە بازاڕەکە وەکو دیاری بەخؤڕایی پێڵاوی خەڵک بۆیاخ دەکەن ).
چیڕۆکی یەکەم: کابرایەکی بۆیاخچی کە نزیکەی سی ساڵە ئەو کارە دەکا و ماڵ منداڵی پێ بەخێودەکات. زۆر جار بە منداڵەکانی دەگوت: ڕۆڵە بخوێنن با وەکو من دەست و پێ سپی دەرنەچن و دواڕۆژیکى ڕوون بۆ خۆتان دابین بکەن. ڕؤژێکیان کە دەچوو بۆ ئیشەکەى ئۆتۆموبیلێک لای وەستا کە ژن و پیاوێکی تێدا بوو و لێیان پرسی ڕێی فڵان شار لەکوێوەیە؟ ئەویش پێی گوتن. گوتیان: دە باشە لەگەڵمان سوار بەو پیشانمان بدە. کە سەرکەوت و کەوتنە ڕێ بینیی شوفێرەکە خێرایی ئۆتۆموبیلەکەی زیاد کرد و بۆشی دەرکەوت زۆر شارەزایە ودواى ماوەیەک سەیری کرد بەڕێگاى مەبەستدا ناڕوا. بۆیاخچییەکە هاواری کرد: کاکە ئەوە تۆ بۆ کوێ دەڕۆی, دامبەزرێنە, کابرا بە پێکەنینێکی بەدکارانەوە گوتی: حەز ناکەی پیاسەیەکی خۆش بکەیت؟ کە زیاتر هاواری کرد, ژنەکە سرنجێکی پڕ دەرمانی پیشان داو گوتی: بێ دەنگ نەبی ئەو سرنجە پڕ ژەهرەت لێ دەدەم. نەیدەزانی چییان لێی دەوێ و بۆ کوێی دەبەن. بیری لاى منداڵەکانی و شوێنکارەکەی بوو. بۆی نەدەکرا بەو گوڕو خێراییەی ئۆتۆموبیلەکە دەرگا بکاتەوە و خۆی هەڵداتە خوارەوە، چونکە دەیزانی یەکسەر دەمرێ و لێکدا لێکداش ژنەکە هەڕەشەی لێ دەکرد. بەو هیوایە بوو بگەنە خاڵێکی پشکنین و کەوەستا خۆی فڕی داتە خوارێ. تووشی خاڵیکی پشکنین هاتن, بەڵام ڕایاننەگرتن و بۆى دەرچوون. دواى ماوەیەک بازگەیەکی دیکەیان هاتە پێش و هەر لە دوورەوە ئاماژەى وەستانی لێ کردن. هەر کە سووکی کردەوە و جارێ بە تەواوی ڕانەوەستابوو, دەرگای کردەوەو خۆی فڕی دایە خوارێ و یەک دوو گەوزی دا. بەڵام شوفێرەکە ڕانەوەستا و پێی پێوە نا و بەخێرایی بۆی دەرچوو. ماتؤڕێکی پۆلیس شوێنی کەوت. شوفێرەکە یاریی کلکە ماسی لەگەڵ ماتۆرەکە دەکرد بە ئەم بەر و ئەوبەر کردن تا ماتۆڕەکە وەرگێڕێت, بەڵام بۆی نەکرا. بازگەیەکی دیکەیان بۆ دانابوون و لەوێ گیران و هەردووکیان کەلەپچە کردن و بردیانن بۆ پۆلیسخانە. هیچ بیانوویەکیان نەبوو و دەیانگوت کابرا ویستوویەتی ئۆتۆموبیلەکەیان لێ بستێنێ. ئەفسەری پۆلیس گوتی, باشە کەوەستاى بۆ وات نەگوت و ئەو پیاوە بۆ خۆی فڕێ دا و تۆ بۆچى ڕاتکرد. لە لێ کۆڵینەوە و پشکنینی سرنجەکە دەرکەوت کە مادەیەکی بێ هۆشکەری تێدابووە و دەیانویست بیبەن بۆ نەخۆشخانەیەکی لاکۆڵان و لەوێ چاوەڕوانێ پزیشکێکیان دەکرد بێ نەشتەرگەرێ بۆ بکات و گورچیلەیەکی دەرهێننن بۆ کابرایەکی نەخۆش کە دەبوایە گورچیلەی بگۆڕن. بۆیاخچییەکەیان برد بۆ نەخۆشخانە و پشکنینیان بۆ کرد. لەو خۆ فڕێ دانە لەشی کوترابوو و ترسی ئەوەیان هەبوو کە تووشی خوێن بەربوونی مێشک بووبێ. هەوڵی دەدا کە زوو بچێتەوە ماڵەوە چونکە ماڵ و منداڵەکەی چاوەڕوانی دەکەن هەرگیز لە گەڕانەوەى بۆ ماڵەوە, دوانەکەوتووە.

چیڕۆکی دووەم:
ئەمەیانم دواخست، چونکە سەرنجڕاکێشترە. خالید کوڕی کڕیکارێکی پیری کارگەی شەکر بوو. باوکە پیرەکەی ئاواتی ئەوەبوو کوڕەکەی خوێندنی بەرز تەواو کات و دواڕۆژێکی باش بۆ خۆی دەستەبەر بکات, بەڵام ڕۆژگار بە پێچەوانەی هیواو ئاواتى خالید و باوکی گەڕا و لە قۆناغی بەکالۆریا باوکی کۆچی دوایی کرد و ئیدی خالید و دایکی بێ کەس و پشت و پەنا مانەوە و کوڕەی قوڕبەسەر ناچار بوو بە دوای کارێکدا بگەڕێ کە لەئاستى خوێندنەکەیدا بێ, بەڵام هیچ ئیشێکی واى دەست نەکەوت. سەڕەنجام بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی دا. هەستا چوو سندووقێکی بۆیاخی پێڵاو و چەند فڵچەو شووشە بۆیاخێکی کڕی و لای بانکی ناوەندیی شار و نزیک سەرۆکایەتیی شارەوانی لێی دانیشت. ئەوبؤياخچییە لە دووشتدا لەگەڵ ئەوانی دیکە جیا بوو , یەکەم جلکەکانی هەر چەندە کۆن بوون بەڵام ڕێکی خستبوو و بەروانکەیەکی پان و پۆڕی لەسەر لەبەر کردبوو تاجلەکانی پیس نەبن و دووەمیش لە قسەکردندا پێێەوە دیار بوو کە ئاستێکی باشی خوێندەواریی هەیە و ئەمەش زیاتر سەرنجی خەڵکی ڕاکێشا و زیاتر ڕوویان تێ کرد. حەفتەی یەکەم سەیری کرد دەستکەوتەکەی باشە و ئەگەر وا بڕوا جگە لە دابین کردنی خەرجیی ڕۆژانە, پاشەکەوتیشی دەبێ. بەردەوام بوو و دوای سێ ساڵ ماتۆڕسیکلێکی بۆ هاتوچۆ کڕی و شوێنیشی بۆ سندووقەکەی لەسەر ماتۆڕەکەی کردەوە. دوای ئەوە بە ماوەیەک مۆبایلێکی باشی کامێڕاداریشی کڕی. لەو کاتانەی ئیشی نەبوو خەریکى وێنە گرتن دەبوو. بۆ نموونە وێنەی ئۆتۆموبیلی چاک و جوان و وێنەی خەڵکی شیکپۆش و جوان و قۆز و وێنەى قاچى ئەو کەسانەى دەگرت کە پێڵاوى باشیان لە پێیە. بەو شێوەیە کۆمەڵێک وێنەی دەگمەنی گرتبوو. ڕۆژێکیان دیتی قەمەرەیەکی مارسیدسی تازەو جوان هات و وەستا. تەڕدەستانە وینەی ئۆتۆموبیلەکەی گرت. دوو پیاو دابەزین, بەڵام شوفێرەکە دانەبەزی. دوو کەسەکە ماوەیەک سەیری بانکەکەیان کرد, ئەم ڕووی مۆبایلەکەی کردە دوو پیاوەکە, بەڵام ئەوان ئاگایان لێی نەبوو و ڕەنگە هەر وایان زانیبی یاری بە مۆبایلەکە دەکات و چەند وێنەیەکی گرتن. دوو کەسەکە سواری ئۆتۆموبیلەکە بوونەوە و ڕۆیشتن. بۆ سبەینێ هەمەن ئۆتۆموبیل هاتەوە و راوەستا. کە لێی ورد بووەوە, سەیری کرد تابلۆی ژمارەکەی تابلۆی دوێنێ نییە و خێرا وێنەی گرت. دوو کەس دابەزین وبینیی هەر دوو کەسەکەی دوێنێ بوون. لەو کاتەدا پیاوێکی سەر ڕووتاوە جانتایەکی بە دەستەوە بوو لە بانک هاتە دەر. دوو پیاوەکە خێرا ڕووپۆشیان لەسەریان کرد و یەکێکیان بە سپڕایەکەوە بۆ جانتا بەدەستەکە چوو و دەموچاوی ڕشاند و پیاوەکە یەکسەر بێ هۆش بوو و دەستیان دایە جانتاکەو بەپەلە چوون بۆ ناو ئۆتۆموبیلەکە و یەکێکیان ڕووپۆشەکەی فڕێ دا و خالید چوو هەڵیگرتەوەو خستیە ناو کیسەیەکی نایلۆنەوە. هەر لەسەرەتاوە وێنەی هەموو ئەوانە وڕووداوەکەی گرت و کەس ئاگاى لێ نەبوو. ئەوندەی پێ نەچوو پۆلیس و بەرپرسی ئەمنیی گەورەو بچووک بەو ناوە وەربوون و پرسیاریان لە خەڵک دەکرد, بەڵام کەس شتێکی بە کڵاوی خالیدى بۆیاخچی نەپێواو ئەویش قسەى نەکرد و لە دڵی خۆیدا گوتی بزانم پۆلیس چۆن چۆنی دەیدۆزێتەوە. ئەو شەوە لە ماڵەوە هەر بیری لای ژمێریاری کۆمپانیاکە کە بە سپڕای بێ هۆشکەر کەوت و بردیان بۆ نەخۆشخانە وهەرچەندە هەوڵی زۆریان دا بۆ بە هۆش هێنانەوەی سوودى نەبوو لە نەخۆشخانە مرد. بۆ بەیانی لەبەر پۆلیس و بەرپرسی ئەمنی ڕێ بەبەر ڕێدار نەدەکەوت، بەڵام دیسان کەس بەلای خالیددا نەهات. کۆمپانیاکە ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردەوە کە هەر کەسێک زانیاری بدات بۆ دەسگیر کردنی ئەو تاوانبارانە یەک ملیۆن درهەم خەڵاتی دەدرێتێ. خالید لەقسەی فەرمانبەرانی بانک بیستبووى کە جانتایەکە سێ ملیۆن درهەمی تێدایە جگە لە کاغەز و بەڵگەی گرنگی کۆمپانیاکە. ئەو پاداشتە یەک ملیۆن درهەمییە سێیەکی ئەو پارەیە بوو کە ددزەکان بردبوویان. خالید تەلەفۆنی بۆ کۆمپانیاکە کرد و پێی گوتن کە ئەو زانیاریی زۆر گرنگی لایە بۆ دەسگیر کردنی دزەکان و سبەینێ سەعات (10) ى پێش نیوەڕۆ لە پۆلیسخانە چاویان بە یەکتر دەکەوێ. بۆ بەیانی چوو بۆ پۆلیسخانە لای ئەفسەری ئەمنی. نوێنەری کۆمپانیاکەش هاتبوو. گوتی من زانیاریی گرنگم لایە, بەڵام دەبێ پارێزەرێکم هەبێ بۆ ئەوەی مافەکەم بۆ وەرگرتنی خەڵاتەکە نەفەوتێ. سەرەتا ئەفسەرەکە بەوە قایل نەبوو, بەڵام دوای ئەوەی پەیوەندیی بە لایەنی لەخۆی باڵاترەوە کرد, پێیان گوت داوایەکەی ئاسایی و یاساییە. ئەفسەرەکە پەیوەندیی بە سەندیکای پارێزەرانەوە کرد و ئەوەندەی پێ نەچوو پارێزەرێک هات. کوڕەکە سەرەتا بەدەم هەموو ڕووداوەکەی بۆ گێڕانەوە و دواى ئەوە مۆبایلەکەی دایە ئەفسەرەکە و ئەویش خستیە سەر لاپتۆپەکەی بەردەمی. ئەفسەرەکە سەری سوڕما لەو هەموو وێنەیە کە دەموچاوی دزەکانی بە ئاشکرا تێدا دیار بوو. ئینجا نوێنەرەکەی کۆمپانیا جانتاکەی کردەوە و چەکێکی پیشان دان کە بە یەک ملیۆن درهەم پڕ کرابووەوە و ناوی خالیدیان لەسەر نووسی دایانە دەستى. خالید گوتی ئاواتم ئەوەیە پیشانگایەک بۆ ئەو وێنانەم بکەمەوە. دوای دووسێ ڕۆژ تاوانبارەکان دەسگیر کران و شوفیرەکە, شوفێری بەڵێندەرێکی گەورە بوو کە یەکێک بوو لەو باندە و ئۆتۆموبیلی بەڵێندەرەکەی بۆ ئەو مەبەستە بەکار هێنابوو . دواى چەند ڕؤژێک خاوەنی هؤڵێکی گەورەی پیشانگا بە خالیدی ڕاگەیاند کە ئامادەیە لەسەر خەرجیی خۆی پیشانگایەک بۆ وێنەکانی بکاتەوە.
نیازم وابوو لێرە واز بێنم، بەڵام چیڕۆکێکم بیر هاتەوە مانای ( لەجێی سندان قوزەڵقورتە) مان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەویش هەر پەیوەندیی بە پێڵاوەوە هەیە. لەماوەى سەرهەڵدانی شۆڕشی پیشەسازى لە بەریتانیا خەڵکێکی زۆری هەژار ڕوویان لە شارەکان کرد بۆ کرێکاری لەو کارگانەی کرابوونەوە. هەرچەندە کرێکەیان کەم بوو, بەڵام لە ژیانی ژێر دەستى ( کۆنت و دۆق و موڵکدارەکانی دیکە) باشتربوو. زۆر منداڵی ئەو کرێکارانە لە قوتابخانە پێ گەیشتن. یەکێک لەوانە کوڕی کابرایەکی پینەدۆز بوو کە پایەیەکی بەرزی لە حکوومەتدا بە دەست هێنابوو و هاوڕێی گەلێک لە کوڕە لۆردەکان بوو . ئەوانە هەوڵیان دەدا کە لەیانەی لۆردان ببێتە ئەندام. بەڵام سەرۆکی یانەکە کە لۆردێکی مێشک وشک بوو, ڕازی نەبوو. سەرەنجام لەبەر پێ داگریی ئەو کوڕە لۆردانە, سەرۆکی یانەکە گوتی با بێت بۆ لام و بیبینم. کە کوڕەکە چوو بۆ لای, زۆر بە لووتبەرزییەوە پیشوازیی لی کرد و پێی گوت: بیستوومە باوکت پینەدۆز بوو . ئەویش گوتی بەڵێ قوربان ڕاست دەفەرمووی. لۆردەکە گوتی: ئێ باشە بۆ نەچوویتەوە سەر رێ و شوێنی باوکت؟ کوڕەکە گوتی: باوکی جەنابت وەکو بیستوومە پیاوێکی زۆر بەڕێز و بەئەدەب و ڕەوشتبەرز بوو. لۆردەکە بە کەش و فش و لووتبەرزییەوە گوتی: بێ گومان وابوو و گەلێک لەوەش زیاتر. کوڕەکە گوتی ئەى تۆ بۆ نەچوویتەوە سەر رێ و شوێنی باوکت؟ ئەمەی گوت و لۆردەکەی بەدەم داچەقاوى بەجێ هیشت و ئەمەیە کە پێی دەڵێن لەجێی سندانێ قوزەڵقورتە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت