چێنەر عەوڵا: کوردو سیندرۆمی ستۆکهۆڵم یان دەردی هاوس نیگرۆ!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

باس دەکرێ کە کوردی باشور سیندرۆمی ستۆکهۆلمی گرتوە، چونکە سەرباری ئەوەی حیزبەکانی دەسەڵات هیچ چاکەیەکیان بۆ خەلک نیە، بەلام زۆرینە بەردەوامن لە پشتگیری کردنیان. ئەم حالەتەی کوردی تێکەوتوە ئەگەر بەراوردێکی مێژوویی بکەین زیاتر لە کێشەی (هاوس نیگرۆی) رەش پێستەکانی ئەمریکا نزیکترە. چۆن؟
لە سەردەمی شەری ناوخۆی ئەمریکا بەرەی باکور کە کەمترین رێژەی رەش پێستی تێدا دەژیان داوای لابردنی کۆیلەتی رەش پێستەکانیان دەکرد بەراورد بە بەرەی باشور کە زۆرترین رێژەی رەش پێستەکانی تێدا دەژیا کەچی دژی هەلگرتنی سیستەمی کۆیلەتی بوون.
جا ئاسایی وا بە بیردا دێ کە وابێ زۆربەی رەش پێستەکان پشتگیری بەرەی باکوریان کردوە بە قاچاغیش بێ بۆ رزگاربونیان خۆیان گەیاندۆتە باکور! بەڵام لاتان سەیر نەبێ گەر بڵێم وا نەبوو. لەگەڵ ئەوەی رێژەیەکی کەم رەش پێست خۆیان گەیاندۆتە باکور، بەڵام بەشێکی زۆریان لە بەرەی باشور چەکیان هەڵگرت دژی باکور. ئەوەش دوای ئەوەی پەیمانی ئەوەیان پێدرا ئەگەر پشتگیری باشور بن ئەوا لە کۆیلەی کارکردن لە کێڵگەکانەوە پلەیان بەرزدەکرێنەوە بۆ کۆیلەی ناو کۆشک و خانەی گەورەکانیان، واتە لەبری ئەوەی لە کێڵگە کشتوکاڵیەکان بیان چەوسێنەوە لە کاروباری ناو مالەکانیان بەکاریان دەهێنن، خۆشی ئەم گفتە وایکرد زۆرێک لە رەش پێستەکانی باشور چەک هەڵگرن دژی باکور کە فیرقەیەکی تەواوی سەربازیان پێکهێنا بوو.
لەو کاتە بەو لاوە لەناو رەشپێستەکان خۆ بەخۆ دەستەواژەی (هاوس نیگرۆ) بەکار دێت کە دەستەواژەیکی سوکە و دەکرێ بڵێین هاوشوەی وشەی (چاش)ی کوردایەتیە.
جا ئەگەر سەیرکەین سیندرۆمی ستۆکهۆلم کاتێک کەسەکە دەیگرێ کە توشی ئازارێکی جەستەی دەبێ سەرەتا دواتر بۆی دەبێ بە حاڵەتێکی دەرونی بەهۆی بەردەوامی ئەم حالەوە لەگەل بارەکە ڕادێت. بەڵام هەرچی هاوس نیگرۆیە لە بەرامبەر کۆمەڵێ پەیمانی درۆ هەڵدەخەڵەتێ و بە ئیرادەی خۆی بڕیار دەدا کە کۆیلەتی پێ لە ئازادی یەکجاری باشتر بێ ، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەبوە خۆی بە هیلاک بوون بدات و ببێتە مایەی شەرم بۆ رەگەزەکەی خۆی و خانەوادەکەی لە دوای 220 ساڵ ئێستاش گەر باپیرە گەورەی کەسێکی رەش پێست ئاشکرا دەبێ کە هاوس نیگرۆبوە، نەوەکانی بە شەرمەزاریەوە باسی لێوە دەکەن و داوای لێبوردن دەکەن.
ئەم روداوە پێمان دەڵێ ئەوانەی لە کوردستانن و بەدوای خراپترین دەسەڵاتەوەن دڵنیابن ڕۆژێک دێ جگە لە شەرمەزاری هیچی تر بۆ کوڕ و نەوەکانتان بەجێ ناهێڵن. سەرباری ئەوەی بۆ خۆشتان جگە لە هەلاکەتی بە دوای  کۆیلایەتی هیچی ترتان پێ نابڕێ.

وێنەکان کۆمەڵی لە سەربازانی رەش پێستن کە لە پێناو مانەوەی کۆیلەتی خۆیان دژی ئازادی جەنگاون!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت