عەبدولکەریم شێخانی: كاری لەپێشینەو لە پێشینەتر, ئەرێ وێرگول چییە ؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مەبەستم لە کاری لەپێشینە و لەپێشینەتر کاری گرنگە کە پێش کاری دیکە دەخرێ, واتە گرنگ و گرنگتر.
پەندێکی کوردی هەیە دەڵێ: ( نان بۆ نانەوا و گۆشت بۆ قەساب ). واتە پیاو دەبێ کارێک بکات کە لێێ بزانێ. هەندێک قۆشمەو گاڵتەچی لە جیاتی گۆشت بۆ قەساب دەڵێن ( گۆشت بۆ پشیلە ).
هەر بەبۆنەی باس کردنی پشیلە گۆرانییەکی هونەرمەندی نەمر( حەسەن زیرەک) م گوێ لێ بوو . دەنگەکە لە دەنگێ ئەو دەچوو, بەڵام باوەڕ ناکەم ئەو قسانە هی ئەو بن. دەڵێ:
سەرکردەکان هەرچی هەیە ئێوە بردتان لە خێروبێر
من نەمدیوە لە دنیـــادا پشیلــە گۆشت بکا بەخێــر
ئێوەش هەر چەشنى پشیلە دایم حەزتان لە چەورییە
داهاتەکانمان دەفرۆشن, هیچ چاوتان لە میللەت نییە
دەڵێم نابێ خۆت لە کارێک هەڵقورتێنی کە هی تۆ نەبێ یان لێی نەزانی. بەڵام ئەوە زۆر جار لای ئێمە هاوجووت ناکرێ و سیاسەتمەداری ئێمە دەبێ ئەوەندە کارامە بن کە لە هەموو شتێک بزانن. وا دیارە ئەوانیش ئەو قسەیەیان لە گوێ گرتووە کە دەڵێ: ئەو کەسە ڕۆشنبیرە کە لە هەر شتەی شتێک بزانێ. وا دیارە پەرلەمان جگە لەوەى کە گەورەترین دامەزراوە لە هەموو وڵاتێکدا, کارەکەی بریتییە لە یاسادانان و چاودیریی کردنی دەسەڵاتی جێ بەجێ کردن, واتە ئەنجومەنی وەزیران و ئەگەر ئەداى ئەوانی بە دڵ نەبوو , دەسەڵاتی ئەوەی هەیــە ئەو متمانەیەی پێی داوە, لێى بستێنێتەوە, بەڵام پێم وایە لای ئێمە کارەکە پێچەوانە بۆتەوە و ئەنجومەنی وەزیران لە پەرلەمان بە دەسەڵاتترە و کە سەرۆک وەزیران چوو بۆ پەرلەمان فەرشی سووری بۆ ڕادەخرێ. وەکو گوتم جگە لە یاسادانان, کارێکی دیکەشی بۆ خۆی دۆزیوەتەوە کە ئەویش زمان ڕاست کردنەوەیە. ماوەیەک لەمەمەوبەر پەرلەمان تەئریخی ڕۆژانەیان لە ( بەروارەوە ) گۆڕی بۆ (ڕێکەوت )و کارێکی خراپیان کرد, چونکە ڕێکەوت مانایەکی دیکەی هەیە و دواى ئەوە, ئەمە کاری پەرلەمان نییە و ئەکادیمیای کوردی هەیە و پڕە لە کەسانی پسپۆڕ و ئەوان دەتوانن ئەو ئیشە بکەن. وشە دانان نە کاری پەرلەمانە و نا کاری تەلەفزیۆنی ( ڕووداو ) کە وشە دادەتاشن ودەشیانەوێ بەزۆر بە قوڕگی خەڵکیدا بکەن. نازانم ئەکادیمیای کوردی بۆ قسەناکات. من بەش بەحاڵی خۆم وشەی ( بەروار) م پێ باش بوو با لە بنەڕەتەوە لە بەرواری بالاشەوە هاتبێ. جارێ دەبێ ئەوە بڵێین کە ئێمە بۆ ( نأریخ ) ى ڕۆژانە وشەیەکی دیاری کراومان نییە و بە (ڕێکەوت ) کەسێک ئەو وشەى بەروارە بە تأریخی ڕۆژانە تێگەییوە و خەڵکێکی زۆر بەکاریان هێناوە و ئەو وشەیە ( وەک کوڕەکەچەڵێک ) هاتووە خزمەتت دەکات, بۆ بەشەق دەریدەکەیت ودەشچیت بە دواى وشەیەکدا دەگەڕێی جێی ئەوت بۆ بگرێتەوە. بیرمە لە کۆنگرەی دووەمی مامۆستایانی کورد لە شەقڵاوە, خوا لێ خۆشبوو مامۆستا ئیبراهیم ئەحمەد و ئەحمەد غەفوور و چەند کەسێکی دیکە ڕاوستابووین و باسی زمان دەکرا. کاک ئیبڕاهیم گوتی: وشەی ( گرنگ ) نازانم چۆن و لە کوێ هاتە ناو زمانی کوردی و جێی بە وشەی ( مهم) ی عەڕەبی لەق کرد. هەروەها گوتی: تۆ سەیری وردەکاریی منداڵ بکە. لەم ڕۆژانە ئۆتۆموبیلێک لەنزیک بەردەرگای ئێمە وەستابوو, یەکێک لە کچەکان (ئەو ناوەکەشیانى گوت و من بیرم نەماوە) بانگی ئەوى دیکەیانی کرد کا بچێت بۆ لاى و ئەویش دەبوایە جلەکانی کەتازە بوون لە ئۆتۆموبیلەکە بخشێ, گوتی: نایەم با کراسەکەم ئۆتۆموبیلاوی نەبێ وەکو قوڕاوی و تۆزاوی و ئارداوی. مەبەستم ئەوەیە نەدەبوایە شەق لە وشەى(بەروار ) هەڵدەن و دەریکەن و گەلێک وشەى دیکەمان هەن کە هەر بۆ تێ هەڵدان باشن کەچی کەس باسیان ناکات.
دیسان لەم ڕۆژانە هەر لەناو هۆڵی پەرلەمان (قەپاغی مەنهۆڵ)یان گۆڕی بە سەری ( مەنهۆڵ), ئێ باشە وەک قەپاغەکەتان کرد بە سەر, ئەى خێرە مەنهۆڵەکەشتان نەکرد بەکوردی؟
ئێستا مادامەکێ پەرلەمانتارە بەڕێزەکان کەوتوونەتە وشەسازی منیش بۆ هەندێک وشە داماوم و پەکم کەوتووە و ڕەنگە دەرچووانی کۆلێجی ئاداب و پەرلەمانتارە بەڕێزەکان فر یام کەون و ئەو وشە عەڕەبییانەم بۆ بکەن بە کوردی مایەى سوپاس و پێزانینە. یەکەم وشەى ( حلال ) کە ئێمە کورداندوومانە دەڵێین ( حەڵاڵ ) لە هەندێک ناوچە بۆتە ( حەرار). هەروەها وشەى ( حرام ) لەسەر ئەویش پەکمان کەوتووە و هەرچەندە ئەو وەک ( حلال ) سەرو گوێی تێک نەشکێنراوە. ئەو دوو وشەیە لە کوردیدا زۆر بەکار دێن, تەنانەت ئەگەر کەسێک خراپ و ناپەسەند فڕوفێڵباز بێت, یان باوکی دیار نەبێ پێی دەڵێن ( حەرامزادە ) و بەکەسی ڕەسەن و چاکەکاریش دەڵێن ( حەڵاڵزادە). ئینجا دێمە سەر شتێکی بچکۆلەى دیکە (, ) کە بە عەڕەبی پێی دەڵێن ( فارزة ) و جاران مامۆستاکانمان پێیان دەگوت ( وێرگول) و ئیمەش هەر وامان دەگوت. ئەو وێرگولە ڕۆڵێکی گرنگ لە خاڵبەندیدا دەبینێ و ئەگەر لەجێی خۆی دانەنرێ, مانای ڕستەکە تێک دەدا. بۆ نموونە جارێکیان برادەرێک لە گوتارێکدا گوتبووى( ئەدەب و سیاسەت, تەواوکەری یەکترن). تەلەفۆنم بۆ و گوتم دەستت خۆش بێ ( وێرگولەکە) ت لە شوێنی خۆی داناوە و ئەگەر بتگواستبایەوە پشت وشەکەی دواى خۆی و بتگوتایە ( ئەدەب و سیاسەت تەواو , کەری یەکترن ) ئەوا ماناکەی دەگۆڕاو حەیای ئەدەب و سیاسەت دەچوو .
جارێکی دیکە لە کۆنفرانسێکی ئەدەبی لە هەولێر, برادەرانی بەشداری کۆنفرانس نموونەی شیعریی زۆری شاعیرانیان هێنابووەوە. برادەرێک هەندێک نموونەى شیعری ( وەفایی) و گەلێک شاعیری دیکەی هێنابووەوە. گوتبووى شاعیرەکان باسی ( چاو و برۆ و لێو و قژى خاوی ئارمووشین و زوڵفی لوول ) ی یاریان کردووە تەنیا وەفایی نەبێ کە باسی ( دەرپێ )ی یاری کردووە . زۆرم لا سەیر بوو . جارێ وەفایی پیاوێکی زۆر بە ئەدەب و سۆفی مەشرەبە و دوای ئەوە کەسێکی بەدینە و هەرگیز ڕێی تێ ناچێ قسەى وا بکات. ئەو برادەرە خوا لێ خۆشبووە ئەم نموونەیەی هێنابووە وە: ( دەستی هێنا , دەرپێی لەهەوادا ) . خوا لێ خۆشبوو جەمال محمد ئیسماعیلی ناسراو بە سوارە قەڵادزەییم لەتەنیشت بوو. گوتم: تۆ دەڵێی چى؟ گوتی ئەم قسەیە لە وەفایی ناوەشێتەوە. کە تەواوی کرد و دەرفەت بە ئێمە درا قسەی خۆمان بکەین, گوتم: مامۆستای بەڕێز خاڵبەندییەکەی لێ تێک چووە و ( وێرگولەکە) ی پێش خستووە و هیچ ڕێی تێ ناچێ وەفایی دەرپێی یارەکەی وەک بەیداخی جەنگی هەڵسووڕێنێ و ئەو کارە لە کەسێکی بێ ئەدەبیش ناوەشێتەوە ئینجا چ جاى پیاوێکی لەخواترسی وەک وەفایی . مامۆستا گوتی: ( دەستی هێنا, دەرپێی لە هەوادا ) و منیش وێرگولەکە دەگوازمەوە دواى دەر و بەم شێوەیە دەیخوێنمەوە: ( دەستی هێنا دەر , پێی لە هەوادا ) . خۆشەویستان سەیرکەن خراپ بەکارهێنانی خاڵبەندی چۆن مانای ڕستەکە تێک دەدا. بەخوا خراپ بەکارهێنانی سیاسەتیش ئاوەها بارودۆخ تێک دەدا و سەر لە خەڵک دەشێوێنێ … بە خواتان دەسپێرم و خوا ئاگادارتان بێ .

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت