عەبدولکەریم شێخانی: دەڵێن چی سەرێک لە ( بانە و سنەو شەقڵاوە و قورشاغلوو و باشقەڵا و حەسەکە و قامیشلوو و ئەمریکا بدەین )؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نووسینی هەندێک کەس دەبینم بڕواتان بێ هێڵنجم دێتێ. هەندێک نووسەر یان تێ ناگەن, یان نایانەوێ تێ بگەن، یان هەر لێ نازانن. بۆ ئەوەی زیاتر بەرچاو ڕوونى بدەم بە بەڕێزتان دەڵێم: بۆ ناوی شوێن ( شار, گوند, وڵات ) لە زمانی عەڕەبی دەستوورێک هەیە دەڵێ: ئەگەر بناوی شوێنێک بە ( ئەلف ) یان بە تێی خڕ (التاء المربوطة ) کۆتایى هاتبوو, ئەگەر ( ی) نسبەى چووە سەر دەبێ ( ئەلفە)کە یان تێى خڕەکە لابەین ئینجا ( ی ) نسبەکەی بۆ زیاد کەین. بۆ نموونە ( ئەمریکا) دەبێتە ( ئەمریکی) و ( ئەوروپا) دەبێتە ( ئەورپی ), هەروەها ( کوفة) دەبێتە دەبێتە ( کوفی ) و ( بصرة ) دەبێتە ( بصری ). پێم وایە تا ئێستا مەبەستەکەم ڕوون و ئاشکرایە. بۆیە عەڕەبەکان بە خەڵک یان دەوڵەتانی ئەفریقا ( نەک ئەفریقیا وەک هەندێک نووسەری کورد چاو لە عەڕەبەکان دەکەن و ئەوانیش دەڵێن ئەفریقیا ) دەڵێن (ئەفریقی ) و بەخەڵکی هۆڵەندە دەڵێن (هۆڵەندی)و خەڵکی ( ئۆغەندە ) دەکەن بە ( ئۆغەندی ). بەڵام ئێمەی کوردیش, خوا نەیبڕێ لەم ڕووە دەستوور و یاسای خۆمان هەیە, بەڵام زۆربەی نووسەران لەسەر دەستوورە عەڕەبییەکە دەڕۆن و دەستوورە کوردییەکە یان لەبیر کردووە یان پشت گوێیان خستووە, یان هەر نایانەوێ بیزاننن. کوردییەکە زۆر ئاسان و ڕوونە.
1- ئەگەر ناوی شوێنێک بە ( ئەلف) کۆتایی هاتبوو وەک ( چوارتا, سەرقەڵا، باشقەڵا, سەوڵاوا )ئەوا بێ سێ و دوو و دوودڵی بڕگەى ( یی) بە دوایەکەیەوە دەنووسێنین بێ ئەوەی هیچ پیتێک لابەین و دەبن بە ( چوارتایی, سەرقەڵایی, باشقەڵایی, سەوڵاوایی )
2- ئەگەر ناوی شوێنێک بە بزوێن ( ە) کۆتایی هاتبوو ئەویش وەک ئەوەی پێشوو بڕگەی ( یی ) بۆ زیاد دەکرێ بێ ئەوەی دەسکاریی وشەکە بکەین. بۆ نموونە ( هەنارە, بێتواتە, سوارەتووکە, ڕانیە, هەڵەبجە ) دەبن بە ( هەنارەیی, بێتواتەیی, سوارە تووکەیی, ڕانیەیی, هەڵەبجەیی ).
3- ئەگەر ناوی شوێنێک بە ( و) کەتایی هاتبوو ئەویش هەر بڕگەی ( یی) بۆ زیاد دەکرێ. بۆ نموونە بە خەڵکی ( قورشاغلوو , قامیشلوو ) دەڵێین ( قورشاغلوویی و قامیشلوویی ) .
4- ئەگەر ناوی شوێنێک بە (ۆ) کۆتایی هاتبوو وەک ( زاخۆ ), (دۆڵپەمۆ ناوی گوندێکە لە شارباژێڕ ) دەڵێێن ( زاخۆیی, دؤڵپەمۆیی ). بۆ زاخۆ هەندێک کەس دەڵێن زاخۆلی و پێم وایە ئەم شێوە ناوە تورکییە نەک کوردی.
5- ئەو شوێنانەی بە (ێ) کۆتاییان هاتووە وەک ( قەڵادزێ , پردێ ) کە ( یی) نسبەیان وەرگرت, دەبێ بڵێین ( قەڵادزێیی و پردێیی) بەڵام بۆ سووک گوتن لەسەر زار خەڵکی دەڵێن ( قەڵادزەیی و پردەیی ) و ئەمەشیان لەسەر زار خۆشترە ,کەچی بۆ لادێ دەڵێین ( لادێیی و ناڵێین لادەیی).
6- گەورەترین غەدر لە بەرزنجە کراوە. بەپێی ئەو دەستوورەی باسم کرد دەبێ بڵێێن ( بەرزنجەیی ) و ئێستا ئەگەر تۆ لە کەسێکی خەڵکی بەرزنجە بپرسیت کاکە تۆ کوێندەریت , دەڵێ ( بەرزنجەیی ), بەڵام ئەو ( البرزنجی ) یە عەڕەبەکان وایان گوتووە و بەم شێوەیە بەسەر خەڵکی بەرزنجەدا بڕاوە و کوردەکەش هەروەک عەڕەبەکەی بەکاردێنێ . لێرە شتێکە هاتەوە بیر سەبارەت بە (بەرزنجە). لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی ڕابوردوو برادەرێک گوتی: خزمێکمان لە بەغدا لە نەخۆشخانە بوو. ڕؤژێکیان ( فۆاد عارف ) هات بۆ سەردانی. دکتۆرێکی لێ بوو لە تەلەفزیۆن بەرنامەی منداڵی ناکامی هەبوو ئەوانەی دەیانخەنە ژێر شووشە و مامەڵەیەکی تایبەتییان لەگەڵدا دەکەن. گوتی فۆاد عارف لێی پرسی ناوت چییە, ئەویش ناوەکەی خۆی پێ گوت و نازناوەکەی ( البرزنجی ) بوو. فۆاد عارف لێی پرسی کوردى ؟ دکتۆرەکە گوتی نەخێر . فۆاد عارف یەکسەر پێی گوت ( لازم أنت مو إبن أبوک ). دکتۆرەکە سوور هەڵگەڕا و هیچ قسەیەکی بۆ نەکرا و ڕۆیشت. هەر لەم ڕووەوە برادەڕێک نازناوی ( البحرکی ) بە ناوەکەی خۆیەوە نووساندبوو . هەوڵم دا و تەلەفۆنم لەگەڵ کرد و پێم گوت برا تۆ کوێندەریت؟ گوتی: بەحرکەییم. گوتم باشە بۆ نانووسی بەحرکەیی و دەڵێی (البحرکى ) , خۆ تۆ عەڕەب نیت. بەقسەی کردم و دوای کەمێک سەیرم کرد گۆڕیویەتی بە ( بەحرکەیی ).
وەکو دەبینن کوردییەکە زۆرئاسانە و هیوام وایە کوردیزانە دووزەردێنەکان چیدی نەنووسن ( ئەوروپی و ئەمریکی و ئەفریقی ). من جارێکیان لە ڕؤژنامەی ئاسۆ شتێکی کورتم لەم ڕووەوە نووسی و گوتبووم : ( ئەوروپا, ئەمریکا, چوارتا, سەرقەڵا ) هەر چوار ناوەکە بە ( ئەلف ) کۆتاییان هاتووە, بۆ دەڵێین چوارتایی, سەرقەڵایی, بۆ نەڵێین ئەمریکایی و ئەوروپایی) . ئاواتەخوازم توانیبێتم پەیامێک بگەیەنم وسوودى هەبێ بۆ نووسەران و حەزیش دەکەم هەر بەڕێزێک دید و بۆچوونی زیاتری هەیە نووسینەکەی من دەوڵەمەندتر کات زۆر سوپاسی دەکەم چونکە من هەر ئەوەندەی لێ دەزانم … ئیدی خواتان لەگەڵ خۆشەویستانم.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت