سەرکەوتی جیهاز و بەختیار شارەزوری: بۆچی دەیانەوێ شکۆی پەرلەمان بشکێنن.؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سیستەمی حکومڕانی بە پێی بیری کوالێتی وڵاتێک بۆ وڵاتێکی تر دەگۆڕێ، ئەگەر چی بە پێی بنەماکانی دیموکراسی و جۆری سیستەمەکە دەگۆڕێ، بەڵام لە گشتدا دەکرێت بەسەر دو بەشی سەرەکیدا دابەش ببێ ( پەرلەمانی و سەرۆکایەتی ) بۆ ئەوەی دیکتاتۆر و هێزی سەربازی زاڵ نەبێت بەسەر کۆی حکومڕانیدا. وەک وڵاتانی بە ئەزمون، سیستەمی پەرلەمانی باشترین جۆری سیستەمە بۆ حکومڕانی. لەم ڕوانگەیەوە لە کوردستان لە نێوان خۆسەپێنی دوو بنەماڵە لەلایەک و بەرەکەی تر سیستەمی پەرلەمانیە شەڕێکی قورس هەیە لە نێوان دوو سەنگەردا، بەڵام ئەوەی ئێستا هەیە نیچمە سەرۆکایەتی و نیچمە بنەماڵەییە.
ئەگەر چی دیموکراسی و دەستا و دەست کردنی دەستەڵات و سیستەمی پەرلەمانی بۆ کۆمەڵگایەک دەبێت کە ئاستی هوشیاری تاک و گشتی بوبێتە کارگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی کارئەکتەری ناو دەستەڵاتەکان کە لە ژێر چاودێری هەڵبژاردن و خەڵکدا بێت بۆ لێپێچینەوە و گۆڕینی بە کەسێکی تر، بەڵام تا ئاستێک هیچ وڵاتێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانیوە ئەم سیستەمە وەک وڵاتانی پێشکەوتو ئەزمون بکات، بەڵام لە گشتدا هەوڵی بۆ دراوە و فەشەلی هێناوە و بگرە تا ئاستێک شانشینەکان باشتر بون لە دیموکراسیەکان.
لە کوردستان داواکاری بۆ سیستەمی پەرلەمانی و کوتایی هێنان بە سیستەمی سەرۆکایەتی لە قۆناغی نەوشیروان مستەفاوە دەست پێ دەکات، کە وا بێت پەرلەمان خاوەنی دەستەڵاتی باڵا بێت و لێپێچینەوە لە هەمو دەستەڵاتەکانی تر بکات وەک ناوەندێکی دەستەڵاتی یاسادانان و چاودێری، ئالێرەوە ململانێ کەوتە نێوان دو مۆدێلەوە، مۆدێلێک داوای دەستەڵاتی سەرۆکایەتی ڕەهای دەکرد و لە دوو بنەماڵەدا کۆبوبوەوە. ئەمە لە کاتێکدا بو خودی هەرێم نە یەک پارچە بوە و نە سەربەخۆ بوە، بگرە دابەش بوە بۆ دوو زۆن و دوو دەستەڵات و دوو بنەماڵە و درێژکراوەی تاران و ئەنقەرە بون، بەڵام سەرەڕای ئەمانە هێشتا هیوایەک هەبو بۆ کۆتایی هێنان بە دوو زۆنی و دامەزراندنی دەستەڵاتێکی ڕەشید و سیستەمێکی پەرلەمانی و دامەزاروەی نیشتمانی.
ئەم دوو هێز و دوو زۆن و دوو بنەماڵەیە لە ژێر سێبەری ڕێککەوتنامەی ستراتیژی هەوڵیان داوە مۆدێلی بنەماڵەیی سەرۆکایەتی بێت، لە بەرامبەردا ئەوەی ترس بوە لە بەردەمیاندا پەرلەمان و دەستەڵاتی گەل و حکومی سندوقەکانی دەنگدان بوە، ئەگەر چی بەناو ئێستە نیمچە سەرۆکایەتیە و ئەگەری هەیە لە ژێر گوشاری پەرلەمان و شەقامدا تەواو بگۆڕێ بە پەرلەمانی، بەڵام تا ئێستا تا ئاستێک بنەماڵەی دوو زۆنەکە سەرکەوتو بون لە داگیرکردنی جومگەکانی دەستەڵات و بێ باک بون لە خەڵک و سندوقەکانی دەنگدان، ئەوەی تاکە هێزە ترس بێ لە بەردەمیاندا پەرلەمانە، هەر بۆیە بە بەرنامە بە تایبەت ئەم دوو بنەماڵەیە کار بۆ بێ ئەرزش کردنی پەرلەمان و نەهێشتنی ڕۆڵی نوێنەرانی خەڵک و داوای ڕەوای سیستەمی پەرلەمانی دەکەن.
ئەم دوو بنەماڵەیە کە ئێستە زۆرینەن لە پەرلەمان بە تەزویر و درۆ و دراو و ناچارکردنی خەڵک بە دەنگدان بونتە زۆرینەیەکی کارتۆنی، بەڵام نایشارنەوە کەترسیان هەیە لەوەی لە ناو پەرلەمانەوە دوبارە هێزێکی جدی دروست بێتەوە و ڕێگر بێ لە پلانەکانیان، بە تایبەت دوای بایکۆتی گشتی لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا، هەر بۆیە دەیانەوێ بە سیناریۆ کار بۆ شکاندنی شکۆی پەرلەمان بکەن و بێ ئەرزشی بکەن بەوەی کە وێنەیەکی گشتی گاڵتەجاڕی و زمانێکی پیسی نەشیاو بخەنە ناو پەرلەمانەوە کە ئەمەش بە پلانە بۆ ئەوەی لە دور مەودادا ژینگەی پەرلەمان نەتوانێ هەستێتەوە دژ بە دەستەڵاتی بە پیرۆزکردنی بنەماڵە بوەستێتەوە.
کردنی هۆڵی پەرلەمان بە بەردەم شەقاوەخانە و جنێوخانە لەخۆڕا نەهاتوە هەوڵە بۆ کوشتن و لە ناوبردنی ئەو سەرزەمینەی کە دەکرێ ڕۆژێ لە ڕۆژان ببێتەوە بە شوێنێک بۆ شۆڕش دژی بنەماڵەکان، ئەیانەوێ بۆ نەوەکانیشان گرەنتی مانەوەیان بکەن لە دەستەڵاتدا بێ ترسی سەنگەری بەرگری کە پەرلەمانە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت