نەبەز جەلال: سەری (کۆ ) مار!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەر جۆرە ئامادە بوون و بەشداریکردنێکی دەنگدان جگە لەو ڕکەبەرانەی ڕێکەوتنی سیاسیان بۆ حیزبەکانیان کردووە، تەنانەت گەر بە بێ دەنگیش دانیشن، هەر کۆمەککردن و هاوکاریکردنی ناڕاستەوخۆو کۆکردنەوەی دەنگ و دەنگدانە بەوانەی دەستیان لە پێچکی کورسییەکەی سەرۆککۆمار گیرکردووەو دەیانەوێت وەک مافێکی حیزبی نەک نەتەوەیی بۆ خۆیان وەک دەستکەوت بەرن، هەر بۆیە ئەم جۆرە لە بێدەنگی و بەشداریکردنە دەبێتەوە لایەنگیریکردن و ڕازیبوون بە ڕیککەوتنێک کە تێیدا نە شیش بسوتێت و نە کەبابیش!
لە ڕاستیدا باشترین ڕێگەی میللەت و خەڵک ڕێگەی بایکۆتکردن و بەجێهێشتنی ململانێ حیزبیەکەیە بۆ خۆیان کەتیایدا هەردوو هێز دەستیان بەڕوونی بۆ یەکلایکردنەوەی کێشەکە لەیەک هەڵماڵی و گیرکردووە.!
بە ئامادەبوون و جوڵاندنی هەر لایەنێکی دەرەوەی ململانێکە، لایەنگیری دەستی دوو دروست دەبێت لایەنی بەشداربوو دەبێت بە بەشێک لەو گەمە شاراوەیەی کە لای خەڵک ڕون نییەو جەمسەرەکان لە دەرەوەی ویستی خەڵک بۆ بردنەوەی دەسەڵات و هێزەکانی ناو عێراق وازی پێدەکەن.
ئەمەیە لایەنی سێهەم دەیەوێت لە دۆخی نەبوونیی و کاریگەری سیاسییەوە گەر قبوڵی بکەن خۆی بگوازێتەوە بۆ دۆخی ناونانێکی نوێ و بەر دەرگای هەنگاونانێکی جیاواز لە دۆخی سیاسی خۆی بکاتەوەو بچەسپێنێ، تا لەگەڵ نەرمی هەنگاوەکاندا گەمەی خەڵک و دەسەڵاتیش بکات.
ئەم بۆڕەخسان و نزیکبونەوە پاشگیرییە کە زیاتر بەرگی دۆخەکە دەکاتەوە بە بەری هێزو هاوسەنگی ئەواندا و، پرۆسەکەیان لێدەکاتەوە بە پرۆسەیەکی زۆرینەی گشتگیرو، لە تاک حیزبەوە دەیکاتەوە بە دەنگێکی نیمچە کوردی، وەک فێڵێکی هەمیشەییان بۆ کۆدەنگی سیاسی و نیشتیمانی.!
ئێستا کێشەکە بوونی ترسە لە ژمارەو ڕێژەی ئەندامانی بەشداربوو لە کۆبونەوەکە، نەک ڕێژەی زۆرینەی دەنگەکان و ڕێککەوتنە چاوبەستکراوەکان، بۆیە هەر جۆرە پاسدانێکی سیاسی بە لایەنێک؛ هاوکاریکردن و پشتگیریکردنی ڕاستەوخۆیە بە بردنەوەی گرەوەکە.
بێگومان ئەم شەڕی غروور و فوو تێکردنە لە ململانێی و ملشکاندنی یەکتردا، هەر چۆنێک بێت لایەکیان دەستی لاکەی تر دەشکێنێتەوە و دەیباتەوە، هەموشمان دڵنییاین لە چۆنییەتی جۆری بردنەوەکانیان کە تا ئێستا هیچی کوردیانە نەبووەو بڕواش ناکەم لە ئێستاشدا ببێ!
هەر بۆیە جگە لە سەرکەوتن و بەدەستهێنانی کۆ سەرێکی تری پلەو پایەیی حیزب و کەسی دیاریکراوی خۆیان، هیج سودێکی بۆ میللەتەکەی خۆشمان نابێ و لێمان دەئاڵێت هەروەکو مار!..

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت