عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی نۆزدەهەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

حەفتاو چوارەمین یادی ڕاپەرینەکەی کانوونی دووەمی 1948 پێش 74 ساڵ.
ئەمڕۆ بۆ خرتکە و پرتکە کەمێک دەگەڕێمەوە بۆ مێژوویەکی نزیک, چ ئەوەی بیستوومە و خوێندوومەتەوە و چ ئەوەی خۆم دیومە و لەبیرمە. سەبارەت بە دەوڵەتی عیراق هەموو کەسێکی خاوەن ویژدان دەزانێ کە لە هەموو مێژوودا پارچە زەوییەکی جوگرافیی لە شێوەی ئەوەی ئێستا کە پێی دەڵێن عیراق هەر نەبووە و بەریتانیا و فەڕەنسا وەک جێ بەجێ کردنی پەیمانی سایکس ـــ پیکو بەو شێوەیە دابەشیان کرد کوردستانی باشوور , واتە ویلایەتی مووسڵیان بە عیراقەوە نووساند. هەتا چەرچل وەزیری موستەعمەڕات بوو بەوە ڕازی نەبوو کوردستان بخرێتە سەر ئەو عیڕاقە تازە دامەزراوەو کە فەیسەڵ داواى کرد, چەرچل پێی گوت: ئێمە نەهاتووین ئیمپراتۆرییەت بۆ تۆ دروست کەین. ئەو خاکەی لە چیای حەمرینەوە دەست پێ دەکات هی میللەتیکە بە ناوی کورد. بەڵام کە چەرچل نەما هەندێک ئەفسەر و فەرمانبەری بەریتانیا بەزۆری زۆردارەکی کوردستانیان خستە سەر ئەو عیراقەی کە لەوەتی دامەزراوە هەر بە شلوشۆقی ماوەتەوەو ئاسوودەیی بە خۆیەوە نەدیوە, چونکە عیراق لەسەر سێکوچکەیەکی لەق و نەچەسپاو دامەزرا، شیعەو سوننە و کورد. شیعەو سوننەو ئەوە نزیکەی 1400 ساڵە شیر و تیر لەیەکدی دەسوون و هەرگیز کۆک نەبوون و کۆکیش نابن. سەبارەت بە کوردیش دیارە کە هیچ هیواو ئاواتێکی کورد لەو پێکەوە لکانە ڕەچاو نەکرا و وەکو دەگوترێ بۆ دڵ ڕاگرتنی فەیسەڵ ئەوەیان کرد, چونکە ئەو خۆی سوننە مەزهەب بوو و بەشی زۆری ئەو عیراقەی دامەزرا شیعە مەزهەب بوو و فەیسەڵ وەکو ئەوە وابوو کە لەسەر کورسییەکی سونگیڕێژکراو دانیشتبێ. بۆیە ئینگلیزەکان بە لکاندنی کوردستان بە عیڕاقەوە جۆرە هاوسەنگییەکیان لەنێوان کورد و سوننەدا پەیدا کرد. لە لایەکی دیکەشەوە فەیسەل تا ڕادەیەکی زۆر ڕەگەزپەرست بوو و وەک شەریف حوسێنی باوکی حەزی بە کورد نەدەکردو تەنانەت ئەو دەیویست کە دیاربەکر و ماردین و چەند شاری دیکەی باکووری کوردستان بخرێنە سەر ئەو دەوڵەتەی نیاز وابوو هاوپەیمانان بۆی دروست بکەن، بەڵام بۆی نەچووە سەر.
لە فێسبووک دیدارێکم بینى کە تەلەفزیۆنێک لەگەڵ پیاوێکی سعودی بە ناوی (عبدالعزیز) کردوویەتی، لێی دەپرسێ: چۆن یەکپارچەیی خاکی عیراق دەپارێزرێ؟ عبدالعزیز دەڵێ کوردستانی عیڕاق هەرگیز بەشێک نەبووە لە عیڕاقی عەڕەبی. ئەو عیڕاقەی ئێستا, بەریتانیا بۆ بەرژەوەندی خۆی دروستى کرد. هەرەها دەڵێ: کوردستانی عیراق هەموو مەرجێکی دەوڵەتی هەیە, سامان و خاک و سەرچاوەی مرۆیی و ماددی و مەعنەوی. بە داخەوە من نازانم چۆن ئەو ڤیدیۆیە بگوێزمەوە بۆ سەر ئەو نووسینەم. ئەم پێشەکییە کورتەم نووسی بۆ باس کردنی ڕاپەڕینەکەی کانوونی دووەمی 1948.
کە عیڕاق دروست کرا, دوای چەندوچوونێکی زۆری ئینتداب, گوایا عیڕاق بوو بە وڵاتێکی سەربەخۆ, بەڵام بە پەیمانی 1930 بە ڕەوڕەوەی بەریتانیاوە گرێ درابوو و ئەوانەی حوکمی عیڕاقیان دەکرد داردەستی بەریتانیا بوون. لەو ماوەیەدا نیشتماپەروەرانی عیراق داوای هەڵوەشانەوەی ئەو پەیمانەی 1930یان دەکرد. ئەو داواکارییە لە کۆتایی 1947 و سەرەتای 1948 پەرەی سەند. وەزاڕەتی ئەرشەد لعومەری دەستی لەکار کێشایەوە و ڕوو لە نوری سەعید نرا بۆ پێک هێنانی حکوومەت. ئەویش دوای ماوەیەک وازی هێنا و ڕێگای بۆ ساڵح جەبر خۆش کرد, کەیەکەم سەرۆک وەزیرانی شیعە بوو لە عیراق. ئینگلیزەکان دەیانویست ئەو پەیمانە پینە بکەن. لەو ماوەیەدا حوکمی لە سێدارەدان بۆ چوار ئەفسەرە کوردەکە دەرچوو بوو. شاندێکی گەورە پێک هێنرا بۆ بینینی ساڵح جەبر بۆ گۆڕینی حوکمەکە, بەڵام جەبر خۆی شاردەوە و چاوی بە شاندەکە نەکەوت تا حوکمەکە جێ بەجێ کرا. ساڵح جەبر بۆ پینەکردنی پەیمانی 1930 چوو بۆ بەریتانیا بە یاوەری وەفدێک کە فاضل الجمالی وەزیری دەرەوەی لەگەڵ بوو. لە بەندەری ( پۆڕتسماوث) لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ( میستەر بیڤن) پەیمانی ( پۆڕتسماوثیان ) مۆر کرد. لەو ماوەیەدا کە خۆپیشاندان هەر بەردەوام بوو, زیاتر تەشەنەی سەند و قوتابییانی کۆلێجەکان بە تایبەتی کۆلێجی پزیشکی و ئەندازە وحقوق بە پشتیوانی جەماوەر ڕژانە سەر شەقامەکان خەڵکێکی زۆر بریندار و شەهیىد یوون, لەوانە ( شمڕان علوان )و دواتریش (قیس ابراهیم الآلوسی ) و ( جعفر الجواهری) برای محمد مهدی الجواهری کە شیعرێکی 100 دێڕی بۆ براکەی گوت و وا دەست پێ دەکات:
أتعلم أنت أم لا تعلم || أن جراح الضحایا فم
یصیح علی المدقعین الجیاع || أریقوا دماءکم تطعموا
و یهتف بالنفر المهطعین || أهینوا لئامکم تکرموا
ئەو شەهیدانە لای پردی ( مۆد) کە بە ناوی جەنەڕاڵ مۆدی داگیرکەری بەغدا ناونرابوو, شەهید کران. ئیدی لەوساوە ئەو پردە ناوی گۆڕا بە ( جسر الشهداء). جەبر ناچار کرا دەست لە وەزاڕەت هەڵگرێ و ( محمد الصدر ) وەزاڕەتی پێک هێنا. بەڵام ئەو هێمنییە ئەوەندەی نەخایاند, چونکە شەڕی فەلەستین دەستی پێ کرد و نوری سعید وەزاڕەتی پێک هێناو بە ناوی پاراستنی ڕیزی دواوەی سوپاى عیڕاق حوکمی عورفی جاڕدرا و ئیدى حکوومەت کەوتە تۆڵەکردنەوە لە نیشتمانپەروەران بە گرتن و ئازاردان و تۆقاندن و ئەوەبوو ( فەهد و صارم و حازم ) واتە ( یوسف سلمان یوسف و محمد حسبن الشبیبی و زکی بسیم ) لە سێدارە دران. ئەو زنجیرەی گرتن و تۆقاندنە تا بەرپا بوونی 14ى تەموز هەر بەردەوام بوو و تا ئێستاش هەر بەردەوامە و کۆتایی نەهاتووە, چونکە و ەکو دەڵێن هەر شتێک لەسەر هەڵە بنیات بنرێت, ئەنجامەکەی هەر هەڵە دەردەچێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت