حەمەئازاد بەرزنجی: گوتاری ئاگرین، سەرکردەی ئاگرینی دەوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی ناساندنی چەند کتێبێک لە چەند بەرگێکدا بە هەردو زمانی کوردی و فارسی، لەسەر شۆڕشەکانی بارزان و خوالێخۆشبو شێخ ئەحمەدی بارزان، وتی: من خۆم بە قوتابی ئەو قوتابخانەیە دەزانم لە لایەک فێریان کردین کە ڕێز لە ئاین و ڕێگاکانی بگرین و لە لایەکی دی، فێری خۆسەویستی نیشتمان و کوردایەتیان کردین ئاین و نەتەوایەتیان پێکەوە گرێدابو. کە هاتە سەر پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغداد، وتی: هیوادارم دەستور حەکەم و نێوەندگیربێت. وە وتی: هەرچەندە دەستورەکە هەمو هیوایەک نییە بۆ کورد بەڵام شتی زۆر باشیشی تیایە لە دەستوری دەوڵەتاکانی دراوسێ زۆر باشترە بۆ پێدانی مافی کورد.
تا ئێرە ئاساییە. بەڵام لە کۆتاییەکەیدا توندی کردەوەو وتی گەر بیانەوێ بە هێز هەندێ شتمان بەسەردا بسەپێنن ئەوە هەڵبژاردنی شەڕ کارێک و بەربژێرێکی زۆر خراپە، بەڵام لە شەڕ خراپتر تەسلیم بونەوە ئێمە هیچ کاتێ تەسلیم نابین. واتە شەڕ دەکەین. بێگومان بۆ ناساندنی ئەو پەڕتوکانە، سەرۆکایەتی پەڕلەمان و حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم و زۆر لە سەرکردەی پارتە سیاسیەکانیشیان کۆکردبۆوە. بو بە چەپڵە ڕێزان ( بۆ خوا بڵێین سەرۆکی پەڕلەمان چەپڵەی لێنەدا. ئیتر ئەمان بەم چەپڵە ڕێزانە شاگەشکە دەبن و لەوان وایە ئیتر ئەوە هەمو میلەتە چەپڵەیان بۆ لێئەدا. خۆ ئەمان بە کردارەکی هەرگیز ناچنە ناو کۆمەڵ و موستەشارەکانیشیان هەرگیز ڕاستیەکانیان بۆ ناگوازنەوە و ئاگاداری معانات و کوێرەوەری خەڵکەکەنین و لە هەڵسو کەوتی خۆیان و مناڵەکانیان و دەستوپێوەندەکانیانەوە دەڕواننە هەمو کۆمەڵگا.
لەوان وایە گوزەران و خۆشڕابواردنی خۆیان ئاوێنەی باڵا نمایە بۆ هەمو کۆمەڵگا. ئێ باشە بەڕێز ئێوەو حزبەکان وانەتان وەرنەگرت لە پەنجە ڕاوەشاندنەکانتان لە کاتی ڕیفراندۆمەکاداو نیوەی خاکی کوردستانتان نایە بانی و وەک نەباتان دیبێ و نە بۆران، ڕاتانکردەوە باوەشی بەغداد و لەکاتی هەڵبژاردنەکانی ئێراقی دراوسێ باشەکەشدا شەڕتان لەسەر پۆستەکان دەکردو قینتان بۆ پۆستی سەرۆکی کۆمار گرتوە و قینی خۆتان بەسەر بەربژێری بەرامبەردا ڕژاندوەو ناوتان خستوتە ناولیستی فایلە ڕەشە قینلێهەڵگیراوەکان. باشە هەڕەشەی چی دەکەن خۆ ئەوە دوێنێ بو بە شێوازێک و چ شپرزەییەکەوە ، لە کەرکوک دەرچوین، کەرکوک و هەمو ناوچە جێناکۆکەنمان خستە بانی ئێستا دەتانەوێ کوێی دیکەی بخەنە بان . دەتانەوێ هەمو سەرچاوە دارایەکان و بیرە نەوتەکانیش بکەنەوە قوربانی عینادیەکانی خۆتان و ئەوانیشمان لە ژێر چنگ دەربهێنن.
ناڵێین ئەوانەی بەغدا محەمەدی مەهدین، بەڵام ئەوان لە دەستوریان لاداوە، یان ئێمە؟ ئەوە ئەوانن دەستیان گرتوە بەسەر قوتی خەڵکی هەرێمی کوردستان و بژێوی و سەرچاوە داراییەکانی هەرێمی کوردستان یان حزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردساتنن، کە حزبەکەی بەڕێزتان پشکی شێری هەیە لە و نەهامەتیانەی کە بەسەر دانشتوانی هەرێمی کوردستان و نەتەوەکەماندا هاتوە. ئەوە ئەوانن کە گرێبەستی پەنجا ساڵەیان ئیمزا کردوە لەگەڵ ناحەزانی میلەتەکەماندا و کەس نازانێ بەندەکانی چین، یان ئێوەن ! ئەوە ئەوانن موچەی فەرمانبەران نایەن وخەڵکیان برسی کردوە یان ئێوە؟ دەڵێی هەندی لە ناحەزانی ناوخۆش هەن حەزدەکەن بەغدا دەستبگرێتەوە بەسەر سەرچاوە نەوتیەکاندا. ئەوە حەزی ناحەزانە یان حەزی هەمو خەڵکە برسیەکەیە کە ئەویش پەرچە کرداری کارە ناڕەواکانی خۆتان و هەڵە کارگێڕیەکانی حکومەتەکامانە. باشە هەر بەڕێزتان خۆتان دەڵێن: ئەو دەستورەی لەئێراقدا هەیە لە هیچ دەوڵەتێکی دراوسێدا نییە کە کوردستانیان بەسەردا دابەشکراوە. ئێ باشە بۆ لە گەڵ بەغدا ڕێکناکەون بۆ دەچن لەگەڵ دەوڵەتان و چەوسینەری کوردا گرێبەستی ژێر بەژیر بێ ئاگاداری بەغدا ئیمزا دەکەن. کاکە دەستەکانتان دەمێکە کەشف بوەو و واز لەو هەڕەشەو گوڕەشانە بهێنن بەتەمانەبن جارێکی دیکە خەڵکی ئەم کوردستانە بۆ تەماع و مەبەستە شاراوەکانتان گیانی خۆی بەخت بکات. ئەو سەرکردەیەی قۆناغی پێشوترو جاران نەماون و خەڵک بۆ گوتارە ئاگرینەکانتان حەماس بیگرێ هەستی شۆڕشگێری بەرزبێتەوە و گیانی خۆی بەخت بکات. ئەو زەمەنەیش گوزەشت چیدیکە قسەو وتەی ئاگرینتان لێنایەت. قسەو گوتاری حەماسی ئاگرین، لەسەرکردەیەکی ئاگرین دێ کە ئامادە بێت، پێش میلەتەکەی خۆ بخاتە ناو ئاگر و گیانی خۆی بۆ بەرژەوەندی باڵای میلەتەکەی بەکردارەکی بەخت بکات.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت