عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سیی و سێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

نیازم وابوو سبەینێ 1. 7 بڵاوی بکەمەوە، چونکە لەگەڵ لەدایک بوونی زۆربەی زۆری خەڵکی عیڕاق و کوردستان یەکدەگرێتەوە. ئەی ئەوە نییە بەعس لەدایک بوونی هەموومانی کردووە بە 1. 7.
پێشەکی دەمەوێ بڵێم جاری وا هەیە دەبینی کەسێک شتێک دەنووسێت و دەڵێ ( ئەمڕۆ) ئینجا مەبەستەکە دەنووسێ, بۆ نموونە دەڵێ ( ئەمڕۆ سەرێکم لە خزمان دا و ڕۆژێکی خۆشمان پێکەوە بردە سەر. ئەم هەواڵە ئەگەر 10 ساڵی دیکەش بیخوێنیتەوە هەر وا دەزانی ئەو بەروارەی ئەمڕۆیە. بەڕای من ئەگەر لەگەڵ نووسینەکە ڕۆژەکەو بەروارەکە بنووسی باشترە. ئەگەر بڵێی: ( ئەمڕۆ پێنجشەممە 30. 6. 2022 شتەکە ڕوون دەبێتەوە و ئەگەر لەمەودواش بخوێنرێتەوە کەس سەری لێ تێک ناچێ. یان دەبینی بەڕێزێک وێنەیەک بڵاو دەکاتەوە و دەنووسێ ( فڵان کەسی نەوەم ) و کەس نازانێ ئەو نەوەیە کوڕەزایەتی یان کچەزا. من ئەگەر کەسەکە بناسم تەلەفۆنی بۆ دەکەم و دەپرسم ئەو نەوەیە منداڵی کچتە یان هى کوڕت؟ بۆ ئەمەشیان ئەگەر بنووسی ( فڵانی کوڕەزام, یان کچەزام ) ئەوا مەبەستەکە ڕوون دەبێتەوە و نەوەکەش هەر جێگیرە، چونکە کوڕەزاو کچەزا هەردووکیان نەوەن. باش بوو ئەو خەمەشم لەکۆڵ خۆم کردەوە. ئینجا با ئەم شیعرەی ( أحمد مطر) تان بۆ بخوێبمەوە کە لەمێژە بە کەمێک دەستکارییەوە بۆ مەبەستی کێش و سەروا, کردوومە بە کوردی.

گوتارێکی مێژوویی
جرجێکم ئەمڕۆکە بینی
وەستابوو گوتاری دەدا
دەربارەی پاک و خاوێنی
سینگی خۆی دەرپەڕاندبوو
هەر وەکو کوورەی ئاسنگەر
خەریکی باى بای تێ بکا
هەڕەشەى دەکرد لە پیسى
بۆ ئەوەش هۆشداریی دەدا
ئەوەی دەیگوت نەیدەگوتەوە
قسەی زل و بێ بنەما
کەسێ نەما باسی نەکا
یاخود شاڵاوی بۆ نەبا
ئەم پێی وابوو لەم دنیایە
کەسێکی دی پەیدا نابی
بەتۆزی قولەپێی بگا
ئەوانەی باش دەیاننناسی
دەیانزانی تەنیا بایە
بایەو لە ورگی خۆی دەکا
کەچی مێش پۆل پۆل مۆڵ بووبوون
بێ شەرمانە و ئابڕووتکاو
چەپڵەیان بۆ جرجە دەکوتا
سلێمانی ـــ ٢٠١٥/٦/١٨

+ تکایە ڕێم بدەن با بڵێم ئێوەو ناوکبڕێک, ببوورن ناوبڕێک . کەس نییە وریا ئەحمەدی هونەرمەندی عودژەن نەناسێ. ئەو چەند ساڵە مامۆستایەو چەندان نەوەی پێگەیاندووە و چەندان موسیقاژەن لەسەر دەستی ئەو پێگەییون و ڕۆڵی بەرچاویان لە مەیدانی هونەری مۆسیقا دیوە و دەبینن. دوای 28 ساڵ خزمەت کە چوو بۆ دەرەوە, بەکوردیی جاران فنیش کرا ( واتە فصل کرا). بەڵام هاتەوەو بڕیار وابوو بیکەن بە ڕاوێژکار, بەڵام بەرپرسێک خستیە سەر هەززەو حەوت مانگ دوای خست و ئینجا خوا خێریان بنووسێ کردیان بە پسپۆڕ لە وەزاڕەتی ڕۆشنبیری و دوای حەوت ساڵ خانەنشینیان کرد. ویستی خزمەتەکەی پێشوو بخاتە سەر ئەو حەوت ساڵە, گوتیان پێوبست ناکات. دوای 10 ساڵ گوتیان تۆ خزمەتت کەمە و خانەنشینی ناتگرێتەوە و مووچەکەیان بڕی ئەوە 21 مانگە بێ مووچەیە و وەکو دەڵێن لەسەر ( ڕێنگ ) دەڕوات و تا ئیستا تەقەى لە دەیان دەرگا هێناوە, کەچی حکوومەت بەو گەورەو گرانیی خۆیەوە ئەو کێشە گەورەیەی بۆ چارەسەر ناکرێ و ناتوانێ ئەو 28 ساڵە بە7 ساڵەکەی دیکەوە بدوورێ نە بە دەرزی و نە بە شووژن و پێم وایە حکوومەتی هەرێم نیازی وایە بۆ ئەو گرفتە گەورەیە هانا بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان بەرێ، بەڵکو چارەسەرێکی عادیلانە بۆ ئەو کێشە زەبەللاحە بدۆزنەوە. تکایە ئێوەش دەنگی خۆتان بخەنە پاڵ دەنگی هەموو هەقخوازان بۆ ئەوەى وریای هەونەرمەند ئەو غەدرەى لەسەر هەڵگیرێ و مووچەی ئەو 21 مانگەی پێ بدرێتەوە و ناوى خانەنشینی پێ ببەخشرێ. چونکە بەڕاستی مایەى شەرمەزارییە. بابە ئیوە ئەگەر ئازان بڕۆن مووچەی بن دیوارەکان ببڕن, دیوەخانانەی ئەوانە ببڕن کە دەستیان بەخوێنی پێشمەرگە سوورە. چاوەڕوانی هیممەتی مەردانەی ئێوەین و دەنگ هەڵبرن و ڕایانتەکێنن.
+ وا دیارە ئەم خرتکەو پرتکەیە لقی زۆری لێ دەبێتەوە و دڵیشم نایە هەڵیانپەردێوم, بۆیە لەبەرەوە دەستیان پێ دەکەم چەندی فریا کەوتم دەیانهێنەمە خزمەتتان.
+ با باسی هەندێک بابەتی زمان بکەین. بە کاک ( سلیم عمر ) دەست پێ دەکەم. ئەو زاتە بەشداری زۆربەی بۆنە ئاینییەکان دەکات و پیاوێکی قسە خۆش ودەنگ خۆشە و خەڵک بەپێکەنین دینێ و خۆی پێناکەنێ. زۆر ڕووداوی گێڕاوەتەوە و زمانەکەی زمانی خەڵکی ئەو دەشتی هەولێرەیە، بەڵام دووشتم بەدڵ نەبوو.
یەکەمیان/ گوتی دوو سی ئۆتۆموبیل بووین هەموو دۆستی یەک دەچووین بۆ سلێمانی. بیستبوومان کە گوایە چێشتخانە هەبووە کەریان سەربڕیوە و گۆشتەکەیان دەرخواردی خەڵکی داوە. لە چێشتخانەیەک لاماندا. ئێمە داوای ( تشریب ) مان کرد. کە هێنایان پشکە گۆشتەکە گەورە بوو. ئاماژەم بۆ هاوڕێکەم کرد بەو مانایەی کە خۆیەتی.گوتی ناوی خوای لێ بێنە و با بیخۆین. کەلێ بووینەوەو هەستاین, برادەرێک گوتی وەڵلاهی تەبیعەتم گۆڕاوە و دەڵێم لەقەیەکی لەو دەرگایە بدەم. پێکەنین و گوتمان کاکە بۆ لەقەی لێ دەدەی؟ گوتی ناڵێم تەبیعەتم گۆڕاوە. لەڕێگا جاشەکەرێک لەناوەڕاستی جادە وەستابوو و ئەو هەموو ئۆتۆموبیلە دەهات ئەو نەدەجووڵا. هەرچی چۆنێک بوو لامان دا و لێی ڕەت بووین. براکەم ڕووی کردە لەقەوەشێنەکەو گوتی: ئەگەر لێمان بدابا لە جامی پێشەوە دەهاتە ژوور و دەچووە باوەشی ئەوەو دەیگوت ئەو بۆ دایکمت خوارد؟
مەبەستم ئەوەیە بڵێم کاک سلیم نەیدە گوت جاش, وا دیار بوو بۆی نەدەهات و دوای هەندێک منگە منگ گوتی نەوەی کەرێ, یەکێک وا دیاربوو بادینی بوو گوتی کەرێ بچیک, جەحشک, ئەویش ئینجا گوتی جاشک. کاک سلێم خوا عافووت کا, سەلامەت بی، توخوا کەس هەیە ناوی جاش نەزانێ؟ خۆ کوردستان چەندان فەوجی جاشی هەبوو و خەریک بەسەر جاشاندا وێران دەبوو. دوای ئەوە نەوەی کەرێ واتە ئەوەی لە جاشان پەیدا دەبێ.
دووەم/ شتێکی دیکەشی گێڕایەوە و گوتی پیاوێک مردبوو مام حاجییەکی پیریان هێنابوو بیشوات. مام حاجی بێجامەیەکی سپی لەبەر بوو, دەبوایە بلێ لەپێ بوو, چونکە ئەوەی لەناکێ بەرەو سەرەوە لەبەر دەکرێ و لەناوکێ بەرەوخوار لەپێ دەکرێ, دەرپێ, شەرواڵ، پێڵاو, گۆرەوی لە پێ دەکرێ, کڵاو و جەمەدانى لەسەر دەنرێ یان لەسەر دەکرێ, چاویلکە لەچاو دەکرێ, گوارە لەگوێ دەکرێ و هەندێک دەڵێن پێڵاوم لەبەر کرد کە هەڵەیە. بێجگە لەوەش, مام حاجی بێجامەکەی داکەند و گوتی با بێ نوێژ نەبێ و ئەمەش هەڵەیە. بێ نوێژی بۆ پیاو نابێ. ئەم زاراوەیە بۆ ژنانە, چونکە ژن هەموو سەری مانگێک خوێن دەبینی و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە دووگیان نییە, ئەمە کە بەعەڕەبی پێی دەڵێن ( الحیض , یان العادة الشهریة ) کە بە کوردی کردوویانە بە (سووڕی مانگانە) هەروەها( عوزر شووشتن ) یشی پێ دەڵێن و کچێک کە باڵق بوو و خۆی ناسی دەڵێن ئەو کچە سەرعوزرشۆرە. بەڵام ئەگەر لەشی مرۆڤ, یان جلەکانی شتێکی پیسی بەرکەوێ دەڵێن لەنوێژچووم, واتە نابێ نوێژی پێوە بکرێ و دەبێ بشۆرێ. کەواتە بێ نوێژبوون لەگەڵ لەنوێژ چوون جیان و نابێ پیاو بلێ بێ نوێژ بووم و دەبی بلێ لەنوێژ چووم. کە لە هەولێر بووم, ڕۆژێکیان برادەرێک کە دەستی وەرگێڕانی هەیە شتی زۆریشی کردووە بە کوردی, هات بۆ مەچکۆ و کەمێک دەموچاوی گرژ بوو. گوتی تازە کە دەهاتم ئۆتۆموبیلێک لە ئاوێکی پیسى جادەی داو ئەو پیسییە بە جلکم کەوت و بێ نوێژ بووم. منیش پێکەنێم و سەیرێکی کردم و گوتی بەچی پێدەکەنی؟ منیش گوتم بەقسەکەی تۆ. گوتی بۆ, قسەکەم خراپە؟ گوتم کاکە زۆرت زەرەرە. واقی وڕما و پێم گوت: کاکە بێ نوێژبوون بۆ ژنە کە سەری مانگان خوێنێ دەبینێ و هەتا خۆی نەشوا نابێ نوێژ بکات و هەر بۆیەش پێی دەڵێن بێ نوێژی. ئیستا تۆ کە جلەکانت پیس بوون واتە لەنوێژ چوون. سەیرێکی کردم و پێکەنی و گوتی وەڵڵا من ئەوەم نەدەزانی.
لێرە ماڵئاواییتان لێ دەکەم بۆ خرتکەو پرتکەی داهاتوو هەر لەسەر زمان, چونکە خەم م خەفەتی ئەو کوردی تێکدەرانە لەسەر دڵێ منە, چی بکەم ئەوان زۆر و من و چەند برادەرێکی دیکەی وەک ( بهاءالدین جلال ) ناو بەناو دایاندەشۆرین، بەڵام دەرۆستیان نایەین چونکە گەلێک زۆرن و خاوەن دەسەڵاتیشن .. ئیدی خواتان لەگەڵ ئازیزان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت