سەرکەوتی جیهاز و بەختیار شارەزوری: حیزب و متمانەی گشتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی حیزب لەسەر ئاستی کۆمەڵگا پێناسەکەی بریتیە لە یەکگرتنی ئارەزومەندانەی گروپێکی هاوبڕوا لە پێناو ئامانجێکی هاوبەشی دور و نزیکدا لەسەر بنەمای ئەجێندای کارکردنی و ئەو ئامانجەی کە کاری بۆ دەکات، حیزب هەیکەلی ڕێکخستنی هەیە کە کار دەکات بۆ ئامانجەکانی بە پێی پەیڕەوی ناخۆی حیزب کار و ئامانجەکانی دیاری دەکرێت، ئەوەی لە هەرێم هەیە لەسەر ئاستی حیزب، پێویستە بە وردی ڕەهەندە مێژوییەکەی و کار و بەرنامەکانیان بخوێنرێتەوە بۆ ئەوەی لەوە تێ بگەین کە ئایا حیزبەکانی کوردستان تا چی ئاستێک توانیویان دەستەڵاتێک یان حکومەتێکی ڕەشید بەرهەم بهێنن تا بە هاوڵاتی و دەنگدەر بڵین ئەوە ئێمەین کار بۆ بەرنامەکانمان دەکەین.
ئێستە لە کوردستان دۆخێک دروست بوە کە دەتوانین بە جیاکاری ناوزەندی بکەین بەوەی کە کۆی بازنەی حیزبەکان بە هۆی قەیرانە یەک یەک لەدوای یەکەکانەوە متمانەی گشتیان لە دەست داوە، کاتێک هەڵبژاردن دەکرێت و پڕ دەبێت لە ساختە و دەستی دەرەکی لێرەوە متمانە بە حیزب لاواز دەبێت، چونکە بۆ ئەوەی دەستەڵات بەدەست بهێنن پەنا بۆ ساختەی ناوەکی دەرەکی دەبەن و لادەدەن لەو ئامانجانەی کە هەڵگرین و لەسەر شاشەکە بە هاوڵتیان وتووە ئەم کارانە دەکەین کە وەک ئەوە وایە، خیانەت لە بەهایەکی نیشتمانی بکەیت. ئەمە سەرەتای ئەو بێ متمانەییە دەست پێدەکات یان با بڵێین سەرەتای دروست بونی بۆشاییەکە لە نێوان حیزب و دەنگدەرەکاندا دروست دەبێت، کاتێک دێینە سەر دەستەڵاتەکان ( دادوەری، یاسادانان، جیبەجێکردن) کە پشکی حیزبەکانە بە پێی دەنگ دیسانەوە کار بە بەرژەوەندی حیزبی دەکرێت و هەمو جومگەکانی دەستەڵات پر دەبێت لە گەندەڵی و ڕۆتین و وای لێ دێت حیزب دەست دەخاتە هەمو کایەکانی ژیانی کۆمەڵگاوە کە ئەمەش دواجار ڕەوتی جوڵە و گەشەکردنی کۆمەڵایەتی بۆ کۆمەڵگایەکی تەندروست ئیفلیج دەکات. ئیتر کۆی بازنەی حیزبی جیا دەکاتەوە لە شەقام و هاولاتی، بەوەی کە چینایەتیەکی قورس دەروست دەبێت هاوڵاتی هەست ناکات هیچ بەرکەوتەیەکی باشی لەگەڵ دامەزراوەکاندا هەیە، بە واتایەکی تر هاوڵاتی هەست با ماف و ئەرکەکانی ناکات.
ئێستە لە هەرێم کۆی حیزبەکان لە دنیایەکی تایبەتدان و هاوڵاتی لە دنیایەکی تر، لە ناو بازنەی حیزبەکانیشدا ئەجێندایەکی دیاریکراوی نیشتمانی نیە کۆکاری ستراتیژی و هێڵی سور نەماوە و بگرە زۆر چەمکی نیشتمانی بۆ بەرژەوەندی حیزبی بەکار دەهێنن، هەمو ئەمانە بە سەر یەکەوە وای کردوە کە حیزب متمانەی گشتی لەدەست بدات و وێنەیەکی ناشیرینی لای خەڵک دروست کردوە.
حیزبەکانی کوردستان بە گشتی بەدەست گرتنەدەستی دەستەڵاتەوە لەلایەن خوێنی یەکەمی سەرکردەکانی شاخەوە توشی دەیان کێشەی ناوخۆێی بونەوتەوە واتا حیزبەکان بە گشتی لەم قۆناغەدان، کە ئەمەش بێ بەری نیە لەو ناوکۆکیە مێژوەییەی کە لە شەستەکانەوە دەست پی دەکات لە نێوان سەرکردەکاندا و گواستنەوەی بۆ نەوەکانیان، کە لای نەوەی نوێ و جیلی تازە بە گشتی رەفزکراوە ، هەمو ئەمانە وای کردوە کە ئەوەی پێی دەوترێت متمانەی گشتی بە حیزبی کوردی سفر بێتەوە و نەتوانرێ هەم هەڵبژاردن بکرێت و هەم کێرڤی دەنگدەر (هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن ) بەرەوە سفر بونەوە بچێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت