عەبدولکەریم شێخانی: ئەمڕۆ ( 9 ) ساڵم لەسەر کورسیی چەرخدار تەواو کرد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتکەو پرتکە ژمارە/ 55 – 7. 9. 2022
لە هەولێر لە گازینۆى خانەنشینان لە باخی شار کەوتم و ڕانم شکا. چووبووم بۆ هەولێر بۆ سەرەخۆشیی لە دۆستێک کە کچەکەى مردبوو و دەمتوانی بە تەلەفۆن ئەو ئەرکە بەجێ بێنم, بەڵام نان و نمەکێک لەنێوانماندا هەبوو، بۆیە لە ڕووى دڵسۆزیم بۆ ئەو دۆستایەتییە بە هەندم وەرگرت و چووم بۆ هەولێر. ئیدى ئەوە بوو بۆ ڕۆژى دوایی کەوتم و ئەوە نۆ ساڵە لە پێ کەوتووم. بەڵام ئەوەى بۆ سەرەخۆشیی چووم بۆ لاى تەنیا تاقە جارێک کە ئەویش بە ئیشی خۆی هاتبوو بۆ سلیمانی سەرێکی لیدام و لەوە بترازێ بۆ تاقە جارێکیش بە تەلەفۆن بەسەرى نەکردوومەتەوە.
ئەوەى دەیڵێم گلەیی نییە, بەڵام پیاو دڵی پێ خۆش دەبێ کە لە کاتی لێ قەومان و ناخۆشی دۆستەکانی بەسەرى بکەنەوە. کەسانی وا هەن لە هەولێر، چەند جارێک هاتوون سەریان لێ داوم زۆر سوپاسیان دەکەم. بەڵام کەسانێکیش هەن لە سلێمانی دەرفەتی ئەوەیان نییە بە تەلەفۆتیش هەواڵێکم بپرسن.
پار شتێکم لەم بارەیەوە نووسی، برادەرێک وایزانیبوو من داواى یارمەتی دارایی دەکەم. من بە ئەو برادەرەو خەڵکی دیکەش دەڵێم, لەسایەى خواوە چاوم لە دەستی کەس نییە، نە بەرپرس و نەهی دیکە و کەم و زۆر بەوەى هەمە قەناعەت دەکەم و نامەوێ چاوبەرەژێرى کەس بم و سبەینێ بەچاومدا بداتەوە.

من ئەندامی یەکێتیی نووسەرانیشم و بەڵام وا دیارە شایانی ئەوەنیم، بۆیە یەکێتیی نووسەرانی سلێمانی هەتا ئێستا بۆ تاقە جارێکیش هەواڵیان نەپرسیوم و تەنیا کاتی بەشداریی ساڵانە یەکێک هاتووەو ئابوونەکەى وەرگرتووەو ئاوێ بێنە و دەستان بشۆ.
ئاخر ناهەقم نییە ئەو رێکخراوەى ئەندامم تێیدا لە ماوەى 9 ساڵ جارێک یەکێکیان سەرێکت لێ خوار نەکاتەوە، یان هەر هیچ نەبێ بە تەلەفۆن کە هیچی تی ناچێ جارێک هەواڵێکت نەپرسێ. دەبێ دڵی چیت بەو ڕێکخراوە خۆش بێت.
جاران کە خەڵکی لادێ دەهاتن بۆ شار مریشک و کەڵەبابیان دێناو دەیانفرۆشت. جا ئەوەى دەیکڕی لە ماڵەوە پەتێکی لە قاچی مریشکەکە دەبەست و دارێکی کەمێک قورسی بە لایەکەى دیکەى پەتەکەوە دەکرد و جارى وا هەبوو مریشکەکە بە دەنووک گریکەی دەکردەوەو دەڕۆیشت. خاوەن مریشکەکە چەندان ماڵی دەکرد و دەیگوت ئەرێ مریشکێکی غەریبتان نەدیوە؟ بەڵام وا دیارە ئێمە لاى بەرپرسانى نووسەران نە مەڵبدنی گشتی و نە لق بایەخی مریشکێکمان نییە، بۆیە پشت گوێ خراوین و تەنیا کاک حەمەساڵح فەرهادى، هەواڵی پرسیوم لە مەڵبەندی هەولێر. ئەویش بە دەست پێشخەریی خۆی، زۆر سوپاسی ئەو وەفایەى دەکەم. هەر لەبەر ئەوەى وا دیارە من بەکەڵکی ئەندامەتیی نووسەران نایەم، خۆم بە ئەندامی یەکێتیی نووسەران نازانم و لە ئەمڕۆڕا هیچ پەیوەندییەکم بە یەکێتیی نووسەرانەوە نییە.
دەبێ ئەوەش بڵێم کە من ئەندامی سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانم, بەڵام لە مەڵبەندی گشتیش بوومەتە بەردى بن گۆم و تەنیا سەرۆکی لقی سلێمانی کاک کاروان ئەنوەر نەبێ کە هەمیشە تەلەفۆنم بۆ دەکات و ناو بەناو خۆی و چەند ئەندامێکی لق سەردانم دەکەن سوپاسیان دەکەم. ئەم چەند دێڕەم بۆ بێ وەفایی و بێ ئەمەکیی هەندێک کەس نووسی و کورد، دەڵێ ( شین و شایی, دەستەوایی ).

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت