ڕێژوان دیاری: ژن لە کوێی ئەم چیرۆکە وەستاوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

چیرۆکەکان جودان، لە ماڵێکدایە ونە بەو واتایەی لە ئەزەلەوە وا هاتوە، خودا ڕۆژی تەواو کردووە لەسەر ئەم زەمینە بەهەر هۆکارێکی خودایی بێ دور لە هەر توند و تیژییەک ماڵئاوایی کردوە، یاخود ژن سک پڕەو بە هۆکاریی تەواوبوونی ژیانی لە کاتی لە دایک بوونی کۆرپەلە، دایک ژیانئاوایی دەکات. ئەگەر هاتوو منداڵەکەش کچ بوو، کەواتە دوبارە ژن بوون و قوربانی بونێکی دی لە ڕێیە و بەربەست و سەختیەکانی ڕۆژگار بەرۆکی پێ دەگرن، ئەگەر پرسیارەکەت لە من ئەوەیە تۆ چوزانی پاش سەعاتێک چی ڕوو دەدات و چۆن دەتوانی وەها بڕیارێکی ڕەها بۆ داهاتووی مرۆڤێک بدەی؟
ئەوا من لەوەڵامدا دەڵێم: لە بنەڕەتەوە نەبوونی دایک چ بۆ کچ بێ یاخود کوڕ ئەوا کەلێنێکی گەورە بەجێ دەهێڵێ کە هیچ شتێک توانای پڕ کردنەوەی نیە هەتا کۆتایی تەمەن.
هەر گرێ دراو بە ونبوونی ڕۆڵی ژن لەنێو ماڵ، هەندێ جار بەهێنانەوەی هەندێ پۆزشی دینی و کۆمەڵایەتی پیاو دەچێ و ژنێکی دی دێنێتە ناو خێزانەوە، ئەویش دەخوازێ ڕۆڵی دایک ببینێ، لێرەدا قسە لەسەر چارەنوس و ڕێگە پێدانی دین و عورف و باشی و خراپی ئەو کەسە نیە، بەڵکو مەبەست ئەوەیە ئایا ئەو کەسەی هەوڵدەدات ئەم ڕۆڵە بەرجەستە بکات، هەرگیز بیری لەوە کردوەتەوە یەکەم شت مافی خۆی ون کردوە یاخود گەورەترین تاوانی بەرامبەر خۆی، پاشان ژنێک و چەندان کەسی تر لە هاوڕەگەزی خۆی ئەنجام داوە؟
هەندێ لە کچەکانیش خودا بەجۆرێ بۆی داناون، هەتا کۆتایی تەمەنیان بەتەنها بمێننەوە، بەبێ هیچ هاوبەشێکی ژیان. یاخود خۆیان دەخوازن ئەو ڕێگایە هەڵبژێرن. یانیش ئەوەتا لەژێر سەقفێکدایە لەگەڵ کەسێک، تاکە شتێک ئەو دوو کەسە پێکەوە گرێ بدات، تەنها بوونی منداڵەکانیانە. بەڵام ئامادەیە قوربانی بدات لەپێناو منداڵ و ژن بوونی خۆی، هەتا دوا نەفەس. کەواتە ئەمە و چەندان چیرۆکی تر هەن لەودیوو دەرگاکانەوە بوونیان هەیە،کە ژنان دەکەنە پاڵەوانی چیرۆکەکانی ڕۆژگار. سەرنجی ئەم چیرۆکانە و چەندانی تریش بدەن، ڕوونە کە قوربانی سەرەکی تێیدا ژن و ژن بوونە.
ئێستا با لەبیری نەکەین، بەختەوەریی ئەو خێزانەی تۆ، ئێستا تێیدا ژیان دەکەی، گرنگترین پایە بۆ ڕاگرتنی ئەو خێزانە و هێشتنەوەی بەو جۆرە دوبارە بونی ژنێکە لەنێو ئەو ماڵەدا.
بەڵام، خانمی جوان و خانمی بەهێز، بیرت نەچێ جیا لە هەر هۆکارێکی توندوتیژی کۆمەڵگا کە بەرامبەر تۆی خانم دەکرێ لە بەرامبەر هەندێ ماف هەندێ ئەرکیشت لەسەرە، هەم وەک ژن هەم وەک دایک، ئەوە تۆی چیرۆکی ژیانی خۆت ئەنوسیتەوە. ئەوە تۆی کارەکتەری سەرەکی و پاڵەوانی ئەم چیرۆکانەی ژیان بۆ خۆت دیاری دەکەی، ئیدی دەبیتە قێزەونترین نمونەی ژن، یاخود ناوەکەت هەتا کۆتایی بەجوانی و گەورەیی بەو جۆرەی کە بوونی هەیە دەهێڵیتەوە، ئەوە تۆ سەرپشکی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت