عەبدولکەریم شێخانی: بۆ ئەم جارەش هەر هەنارى مێخۆشم بۆ تەکاندوون و دەزانم لەبەر (مێ) زۆرتان پێخۆشە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

9. 11. 2022
من جارێکی دیکە لەسەر ئەم بابەتەم نووسیوە, بەڵام قسەى خۆمان بێ کەمێک بەخێرایی بەسەریدا تێپەڕیبووم. ئێستا هەندێک شتی دیکەم هاتەوە بیر و گوتم بائەوەشی بخەمە سەرخۆ، وەکو دەڵێن، ماڵێ زیادە سەرناشکێنێ. خەڵکی کەم و زۆر قسە دەکەن و ئەوەى نەوێرن بەئاشکرا بیڵێن, پاشملەو بە دزى دەیڵێن و ڕەنگە قسەى کەمێک توندیش بکەن و وەکو کورد دەڵێ ( پاشی میران سەرانیش دەبڕن ), ئیدى دەمی خەڵکی خۆ کونە دیوار نییە تۆپەڵە قوڕێکی پیدادەى و بیگرێ. ئەوەى ئەمڕۆ لە کوردستان لە نێوان حزبەکان ڕوو دەدات ( مەبەستم گواستنەوەى سەنگەرى خەباتە ) باوەڕ ناکەم لە هیچ وڵاتێکی دیکەى ئەم دنیایە هەبووبێ، یان هەبێ. ئەم دیاردەیە زیاتر لە سەردەمی بەعس دەستی پێ کرد کە هەندێک کەس وازیان لە بیروباوەڕى خۆیان دەهێنا و دەچوونە پاڵ بەعس و پلەو پایە و پۆست و پارە پێشوازیی لێ دەکردن. ئەو دیاردە دزێوە گوێزرایەوە بۆ ناو ئێمە لە دوای ڕاپەڕین. خەڵکی هەر یەکە بە جۆڕێک قسە دەکەن. یەکێک دەڵێت ( قەناعەت گۆڕکێ ) و یان دەڵێن ( سەنگەرگۆڕکێ ) و هەن, خوا پێم نەگرێ, دەڵێن ( ئاخوڕگۆڕگێ ). هەندێک قسەناخۆشیش هەن دەڵێن ( ڕەدووکەوتنی سیاسی ). بەخوا لەو فێسبووک و مێسبووکە قسەى خەستتریش دەکەن و هەرچەندە دەڵێن ئەوەى قسەى کوفرى خەڵکی بڵێتەوە، کافر نابێ ( ناقل الکفر لیس بکافر ), بەڵام ئەو قسە قورسانە با هەر بۆ خۆیان بێت و من ئەو ئۆباڵە قورسە ناخەمە ئەستۆ. ئەو خەلکە ئازادە چ ڕێگا و بیر و باوەڕێک هەڵدەبژێرێ و من بەش بە حاڵی خۆم ئەوەندە ئەقڵە کەمەى هەمە, خوا دەکا بەشی خۆم دەکا هەر بۆ خۆمی بەکاردێنم لە خەڵکی دیکەى خەسار ناکەم و دەڵێم کاکە ( هى خۆم بۆ خۆم و تۆش هى خۆت بۆ خۆت ) و ئەویش چۆنی دەوێ با بیکات.
سێ برادەر هەبوون ( با جارێکیش لە جیاتی هاوڕێ بڵێم برادەر، خۆ وەکو دەڵێن دنیا خرا نابێ و کابە کەچ نابێ ) و جاران بە کچانی هاوتەمەنی یەکدیکەیان دەگوت ( دەستە خوشک و کوڕیش دەستەبرا , بەڵام ئێستا کچانیش هەندێک جار بە دەستە خوشکەکانیان دەڵێن هاوڕێ و برادەر ). ئەو سێ برادەرە, یەکێکیان وازى لە سیاسەت هێنابوو, بەڵام پشتى لە میللەتەکەى خۆى نەکردبوو. یەکێکی دیکەیان بەهەموو هەست و هۆش و توانایەکی لەگەڵ ئەو شاخانە و پێشمەرگە بوو, سێیەمیان گۆلمێکی لە کەپسوولە سەوزەکە قووت دابوو و جلی زەیتوونیشی لەبەر بوو، بەڵام هەر هاوڕێش بوون, مەبەستم هاوڕێی حزبی نییە. دانیشتبوون لە بارودۆخی وڵات دەدوان و قسە لە نێوان پێشمەرگە دۆستەکە و کەپسوولخۆرەکە توند بوو. ئەوەى دانیشتووەکە ڕووى لە یەکەمیان کرد و گوتی: بابە تۆ قسە لەگەڵ کێ دەکەى, ئەو سەت ئەوەندەى ئێوە زانا و شارەزایە, چونکە هەموو حزبەکانی کردووە و ئەگەر لە هەر حزبەى شتێک فێر بووبێ, ئەوا لەتۆ زیاتر شت دەزانێ.
عەزیز نەسین لە چیڕۆکێکیدا دەڵێ: هەموو جار کە پۆلیس بەسەر ماڵە فاحیشەخانەکانی دادەدا, نوێنەرى ڕۆژنامەکانی بانگ دەکرد بۆ ئەوەى ڕاگەیاندن ئاگاى لەو هەڵکوتانەسەرانە بێت. جارێکیان چەند کەسێک بووین لەنێو ئۆتۆموبیلەکە و قسەمان دەکرد. وا دیار بوو هەر یەکە گیرۆدەى دەستی نەخۆشییەک بوو, یەکێک گوتی من جومگەى ئەژنۆم ئازارى زۆرە و شەو لەبەر ئازار خەوم لێ ناکەوێ. وا پێ دەچوو یەکێک لەو نوێنەرانە شارەزایی لە پزیشکیی میللیدا هەبێ، گوتی ئەمە چارەسەرى زۆر ئاسانە, هەندێک هەنگ ( مێش هەنگوینە ) بخە سەر ئەژنۆت تا پێوەى بدەن, ڕاستە ئازارى هەیە, بەڵام دوایى عەلەمت تێدا نامێنێ و چاک دەبیتەوە. پێوەدانی هەنگ باشترین دەرمانە. یەکێکی دیکە گوتى من دڵم زۆر بێ هێزە هەر کە چاوم بەخوێن دەکەوێ, یەکسەر دەبوورێمەوە. بۆ ئەوەشیان کابرا گوتی ئەوەى تۆش ئاسانە بوتڵێک خوێنی ئەوانەى سەنگەرگۆڕکێیان کردووە و بەحزبەکاندا گەڕاون لە لەشت بکە, دڵت وەک بەردى لێ دێ و خوێن سەلکان ببات، تۆ باکت نابێ و کارت تێ ناکات.
ئەم سەرگوزەشتەیەش پەیوەندیی بە باسەکەمانەوە هەیە. گەنج بووم و لە ژوورەوە ڕاکشابووم و لە چەند ژنێک لە هەیوانەکە دانیشتبوون قسەیان دەکرد و وەکو دەلێن قسە قسە ڕادەکێشێ و باس هاتە سەر ژنی زۆر میرد کردە. یەکێکیان گوتی وەک ئەو ژنەى کە منداڵەکانی لێیان پرسی دایە تۆ چەند شووت کردووە و گوتی: (نۆ لەم هۆزى, نۆ لەو هۆزی, نۆ لە نەوەى برایمە قۆزی, نۆ لەبەر هەتاوێ خۆیان دەدۆزی, نۆ لەنەوەى کیر تەرۆزی, دەستم لە هەویرەو هەر ئەوەندەم لەبیرە ). شتى دیکەشی گوت، بەڵام من لەبیرم نەماوە. منداڵی یەکێکیان گوتی دایە تەرۆزى دەخۆم و دایکەکەى چەپەڵۆکێکی بەسەریدا کێشا و گوتی: منی قوڕبەسەرى بابان شێواو تەرۆزیت لەکوێ بۆ بێنم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت