عەبدولکەریم شێخانی: خرتکەو پرتکە – بەشی چل و چوار.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

2022/12/4
گەلێک بابەت هەن شان دەسمن و هەریەکە پەلەى ئەوە دەکات، خۆى بە نووسین بدات و تێ ماوم، نازانم کامیان پێش خەم. بەهەر حال ئەوان وا هەڵپە دەکەن, پێم وایە لەجیاتی ئەوەى من ئەوان دەستەمۆ بکەم, ئەوان من دەستەمۆ دەکەن. بەڵام بە گوتەیەکی ( أبو ذر الغفارى) یەکێک لە یارە هەرە خۆشەویستەکانى پێغەمبەر (د.خ) دەست پێ دەکەم کە دەڵێت: ( لام سەیرە ئەوانەى کە پارووە نانێکیان نییە بیخۆن, چۆن دەست بە شمشێرەوە نایەنەدەر !).
نعوم چومسکی دەڵێ: کاتێک خەڵک بۆیان دەردەکەوێ کە دەوڵەت بە قازانج و بەرژەوەندى دەستەیەک بەڕێوە دەبرێ, نەک بۆ قازانجى مێللەتەکە خۆى, هیچ کەسێک ئامادە نابێ خۆى بکاتە قوربانی لەپێناوى ئەو نیشتمانەى کەبەشی ئەمی تێدانییە و بۆ ئەوە دەچێت کە بە دواى بەرژەوەند و قازانجی خۆیدا بگەڕێ.
لە ئاهەنگێکدا ژنێکی شۆخ و زۆر جوان لە تەنیشت ( جۆرج بەرناردشۆ) ى نووسەرى ناوداری توانجنووس، دانیشتبوو. ئەویش سەرى بردە پەنا گوێی و بە چپە پێی گوت: قبووڵتە ئەمشەو لەگەڵ من بیت بە یەک ملیۆن پاوەند؟ ژنەکە زەردەخەنەیەک هاتە سەر لێوى و بەشەرمەوە گوتی: بێ گومان زۆر بەخۆشیەوە. ئینجا ( شۆ ) دواى ئەوەى دڵنیا بوو کە قایل بووە گەڕایەوە و جارێکی دیکە لێی پرسی: ناکرێ پارەکە، کەم کەینەوە و بیکەینە 10 پاوەند؟ ژنەکە تووڕە بوو و قیژاندى و گوتی : کابرا , تۆ من بەچی تێ دەگەیت؟! ( شۆ ) گوتی: خانمەکەم زانیمان تۆ کێێت و چیت, ئێمە تەنیا لەسەر کرێیەکە جیاوازیمان هەبوو. بەرناردشۆ ئەم چیڕۆکە تەنزئامێز و توانجاوییەى لە بیرەوەرییەکانی خۆى نووسیوە و ئەو ژنەى بە گۆڕانی هەڵوێستى هەلپەرستان چواندووە کە بەپێی بەرژەوەندیان هەڵوێستى خۆیان دەگۆڕن و کێ زۆرتریان بداتێ لەگەڵ ئەودا دەبن و ئەگەر کرێکەیان کەمی کرد, هەڵدەگەڕێنەوە و دەبن بە ئۆپۆزسیۆن و باسی نیشتمانپەروەرى و بیروباوەر و شەرەفمان بۆ دەکەن. نازانم کەسانی وەک ئەو ژنەتان لاى خۆمان دیوە. لە خوام داوایە کە کەسی هاوشێوەى ئەو ژنە لاى ئێمە نەبێ , ئەگەر نییە بڵێن ئامین.
ئینجا با جارێکی دیکەش ئاوڕێکی خێر لە زمانە قوڕبەسەرەکەمان بدەینەوە، تا بزانین فەریکە زمانزان و کۆلکە زمانزان چییان بەسەر هێناوە و چى بەسەر دێنن. پێش ئەوەى باسی هەڵەکان بکەم، دەڵێم ئەوانەى بە گەورەیی و بە ناچارى ڕوویان لە خوێندنی زمانی کوردى کرد, بێ ئەوەى ژێرخانێکی پتەوی زمانیان هەبێ, بەو ماوە کورتە فێری زمان نەبوون و نابن و دەڵێی ئەو پەندە کوردییە بۆ ئەوان گوتراوە )، ئەوەى بە گەورەیی فێرى پڵاوخواردن بێت دەست بۆ لووتی دەبات ).
دەڵێن: جارێکیان مامۆستایەکی عەڕەب دەگوێزرێتەوە بۆ سلێمانی. مامۆستاکە حەز دەکا فێری کوردی بێ. هاوڕیکانی شتی خراپی فێر دەکەن و ئەویش کە قسە لەگەڵ خەڵک دەکات بەو شێوەیەی فیریان کردووە قسە دەکا, خەڵکی گاڵتەى پێ دەکەن و ئیدى زمانی کوردی لەبەر چاو دەکەوێ. بۆیە دەڵێم تۆ ئەگەر یەکێکی بێگانە فێرى کوردى بکەى, دەبێ زمانێکی فێر کەیت کە لەگەڵ خەڵک تێک بگەن, زمانى مامەڵە و خەڵکی ناوبازاڕى فێر کەیت، نەک زمانی ئەدەبێ کە هەندێک جار دەبێتە بێ ئەدەبی. بؤ نموونە, گوایا کچێکی ئەمریکاییان فێری کوردیی پەتی کردووە, تێنووس و پێنووسیان فێر کردووە. باشە ئەو قوڕبەسەرە ئەگەر بەو شێوەیە قسە لەگەڵ خەڵک بکات, کەس تێی ناگات و گاڵتەشی پێ دەکەن. دواى ئەوە, تێنووس بەماناى دەفتەر داڕشتنەکەى هەڵەیە و دەبوایە بگوترایە ( تیانووس, یان تێدانووس ), چونکە خۆتۆ ناڵێی تێی دەنووسم, بەڵکو دەڵیی تێیدا دەنووسم.
لەو ماوەیەى پیشوو کە نەخۆش لە نەخۆشخانە هەناسەى بۆ نەدەدرا دەیانگوت (تنفس صناعی ) بۆ دەکەن. ئەو برادەرانە یەکسەر دەیانکرد بە ( هەناسەى دەستکرد ). برا خۆ هەناسە دەست و قاچ نییە دروست بکرێ, دەبێ بڵێین هەناسە پێدان, یان ئامێرى هەناسە پێدان, چونکە لە نەخۆشخانە وا دەکەن کە نەخۆشەکە هەناسە بدات و هەناسەى بۆ دروست ناکەن.
لەو ماوانە, بە تایبەتی باس لە (مرجعی شیعە) دەکرا، دەیانگوت پێویستە کوردیش (مرجعیکی ) هەبێ. جارێ مرجعی شیعە زیاتر مرجعی ئایینییە نەک سیاسی, بەڵام هەندێک جار سیاسیشی تێکەڵ دەکرێ. لاى خۆمان هەندێک کەس هەوڵیان دەدا، وشەیەکی بۆ دروست کەن و لە مرجعیشەوە دایتاشن. دەڵێم تۆ بڵێی کورد لەو مێژووەى هەیەتی، وشەیەکی نەبووبێ بۆ کەسێک کەپرسوڕاى پێ دەکرێ؟ من باسی کوێخا و ئاغا و بەگ و شێخ ناکەم. بۆ لایەنە ئایینییەکە, مامۆستاى ئایینیی زانامان هەیە کە خەڵک گوێ لەقسەیان دەگرێ, یان لیژنەى (فتوا) کە لە سێ مامۆستاى زانا پێک هاتبێ و مەرجیش نییە ناوى ( مرجع ) ى لێ بنرێ. بۆ بابەتە دنیاییەکە ئێمە ناوى جوانمان هەیە. بۆ نموونە ( براگەورە و ڕیشسپی و دەمڕاست ) ئەو سێ کەسە لەوانەن کە لە کاتی پێویست هانایان بۆ دەبرێ و پرس وڕایان پێ دەکرێ. ئێمە کە ئەوانەمان هەبێ پێویست بەوە ناکات بچین لە مرجعەوە وشە داتاشین و دروستی بکەین. ئەمە ڕاى منە و ئیوەى بەڕێزیش دۆلکەى خۆتان لەبیرێ باوێن و وشەى کوردانە دەرێنن.
زۆر جار لە باسی جۆرى خواردن، ناوى سوودى هەندێک خواردن دێت، دەڵێن خواردنی تەندروست. پێش ئەوەى ئەمە ڕوون کەمەوە, گەلێک جار بێ بیرکردنەوە هەندێک نووسەر بۆ نموونە دەڵێن ( هەنگاوى تەندروست, ئابووریی تەندروست, ململانێی تەندروست و… هتد). تەندروست واتە لەشساغ. تەن واتە لەش, جەستە. دروست، واتە چاک، یان باش. کەواتە تەندروست واتە جەستە چاک و باش کە ( صحة) ى عەڕەبی دەگرێتەوە. ئەم وشە دروستکراوە بە ماناى لەشساغ دیت و هەنگاو, ئابووری, ململانێ و هەرشتێکی دیکە خۆ نەخۆش نین. لەبەر ئەوە بەکارهێنانی تەندروست بۆ هەر شتێکی دیکە جگە لە گیانلەبەر و گیاندار, هەڵەیە. ڕاستە لە زمانی عەڕە بی دەڵێن ( صحة الجسم و صحة القول و صحة الخطوات ), بەڵام کوردى و عەڕەبی لێک جیاوازن. ئینجا با بیمەوە سەر خواردنی تەندروست. دەڵێن پێویستە خواردنی تەندروست بخۆین. ئەمە ماناى ئەوەیە کەخواردنەکە لەشساغ و تەندروستە. بۆ ئەمەیان دەبێ بڵێین خواردنی تەندروستیبەخش نەک تەندروست, واتە خواردنێک بخۆین تەندروستیمان پێ ببەخشێ, نەک خواردنەکە خۆى تەندرست بێت.
هەگبەکەم شتی دیکەی تێدایە و نامەوێ بە کەڵەکە کردنی بابەتی زۆر سەرتان بێشێنم. بەڵام هەر بۆ خۆشی ئەمەتان بۆ دەنووسم . سایتێک کە لە هەموو بابەتێک دەنووسێ, ئەم هەواڵەى هێنابوو کە کاک مەسرورى سەرۆکی وەزیران فەرمانی لێ بوردنی بۆ (1569) کەس دەرکردووە لە کارمەندانی ئاسایش کە گیراون. سایتەکە نووسیویەتی ئەوانەى تاوانى هەڵاتنیان ئەنجام داوە. من ئەو هەواڵەم بە عەڕەبیش خوێندەوە, دەڵێ ( عناصر الآسایش الذین تهربوا من أداء الواجب ). واتە ئەو ئەو ئاسایشانەى خۆیان لە جێ بەجێ کردنی ئەرکەکانیان دزیوەتەوە يان نەیانکردووە. ( تهرب) واتە خۆ دزینەوە, یان خۆ بە دوور گرتن و جیایە لە (هروب ) کە ماناى ڕاکردن و هەڵاتن دەگرێتەوە. ئەمە هەڵەیەکیان, هەڵەکەى دیکە ئەوەیە کە دەڵێ ( تاوانی هەڵاتنیان ئەنجام داوە). توخوا کە لە نێوان خۆمان قسە دەکەین, دەڵێین ئەوانەى هەڵاتوون یان تاوانی هەڵاتنیان ئەنجام داوە؟ ئەو جۆرە ڕازاندنەوە ناشیرینانە لاى من وەکو ئەوە وایە تۆ پیرێژنێکی دەموچاو چرچ و لۆچ تێکەوتوو بێنی و سووراو و سپیاوێکی خەستی بۆ بکەیت و بتەوێ جوانی بکەیت. برا تکا دەکەم بە قسەى براى خۆت بکە. کوردانە بنووسەو کوردانە بدوێ و پۆیلە و حەتحەتۆکە بە پیرێژنانەوە مەکە، چونکە جوان نابن. ئیدى با چیدیکە سەرتان نەئێشێنم. خواتان لەگەڵ و خیرو خۆشیتان لە خواى گەورە بۆ دەخوازم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت