بەیان ئیبراھیم: لۆزان دوای سەد ساڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڕێککەوتنامەی لۆزان وەک ڕوداوێکی مێژوویی بێ کاریگەری ڕابردوو نیە و بێ کاریگەری داهاتوش نابێ. بەڵام داهاتو لە چوارچێوەی پەیامی بووندا، کاتێک ئەم ڕێککەوتننامەیە دەخەینە سەر نەخشەی پەیوەندییەکان و جۆری ململانێ و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان ئەوە ڕوون دەبێتەوە کە ڕەسمی نەخشەی ئێستا بە جۆرێکە کە دوای سەد ساڵ لە ئەمڕۆدا هیچ کاریگەریەکی پێویستی گشتی دروست ناکات. بەڵام وەک ڕوداوێکی مێژوویی دەکرێ نەتەوە غەدرلێکراوەکان لەبەر مەبنای ڕێککەوتنی لۆزاندا، خوێندنەوی بۆ بکرێت و لە ئەمڕۆدا سودی لێوەر بگیرێ بۆ سیاسەت کردن و چۆنیەتی کاری ئێستا لەسەر پەیوەندییە ناوچەییەکان و جیهانییەکان. بە تایبەت بۆ کورد زۆر گرنگە کار لەسەر ڕەهەندە مێژوییەکەی بکات لە جۆری پەیوەندی کورد و تورک. وە هەڵکۆڵین بکات لەسەر پرس گەلێگ کە ئایا دوای سەد ساڵ و دوای ئەو هەمو گۆڕانە ئابوری و سیاسی و جوگرافی و کۆمەڵایەتی و فکریە تورک وەک نەتەوەی غەدرکەر، چۆن لە مافی کورد و نەتەوەکانی تری وەک ئەرمەنییەکان و کەمایەتیە ئایینیەکان دەڕوانێ. وە کورد چی بکات چ جۆرە شۆڕشێک بکات تا بەر بە بیری فاشیزم و نەتەوەی سەردەست بگرێ. هەر لەم دیدەوە، ئامادەگی و کۆنفرانس و یادەکانی لۆزان بۆ کورد گرنگ بوە، بە هەمو کەموکوڕییەکانیەوە. چونکە ئەو وێنەیە دەدات بە دنیا کە کورد دوای ئەو هەمو هەوڵ و تیرۆر و جینوسادی کورد و جۆرێک لەپەرتەوازەیی نێو ماڵی کوردی، هێشتا کورد توانیویەتی بونی خۆی بسەلمێنێ بەرامبەر بە ڕگەز پەرستی و فاشیزمی تورکی و عەرەبی و فارسی. گردبونەکانی لۆزان، ئەوەی پێ وتین کە کورد بێ دەنگ نیە و پەیامی خۆی بە هەمو دنیا گەیاند.
دیوی دوهەمی لۆزان لە ئەمڕۆدا سەرەڕای بێهیوابونی تاکی کوردی لە باشوردا، هێشتا شۆڕش و بەرخودان لە ڕوژئاوا و باکور بەردەوامی هەیە. دیوێکی تری لۆزان لە ئەمڕودا،گۆڕانی وێنەی کورد بوە لە قوربانی و بەزەیی وڵاتانی زلهێز بۆ وێنەی داواکارێک کە داوای مافی خۆی دەکات و وێنەکە، لە وێنەیەکی بریندارەوە، دەگۆڕێ بۆ وێنەی بەرخودانێک کە بە دنیا بڵێ، ئێمە سەرەڕای غەدرێکی مێژویی، لەسەر سفرەی بەرژەوەندی دنیا ماوین و بەردەوامین لە خەبات.
دیوی سێیەم بۆ ئێمەی ژن گرنگی لەوەدابو کە ژنی کورد کە ڕێککەوتنەکان زوڵمیان لە کورد کرد، وا ئێستا بەرخودانی ژنان و گەریلا نەک هەر بۆ کورد دەتوانن ڕوبەڕوی تیرۆری جیهانی ببنەوە، لە کاتی بونی داعش وەک ڕێکخراوێکی تیرۆرستی جیهانی سەر شاشەی تیڤیە بەناوبانگەکان و لاپەڕەی یەکەمی ڕۆژنامەکان و گۆڤارەکانی دنیا وێنەی شەڕەڤانەنەکانی ژنی لەسەر بوو، بەشداری ژنان چی لە چالاکییەکانی لۆزان و چی بە نوسین و گردبونەوەی تر، یەکێکە لە هەوڵە گرنگەکانی ئەمڕۆ کە بە ژنانی دنیا بڵێ، بەردەوامین وەک دایک وەک ژن وەک گەریلا و پێشمەرگە وەک چالاکەوان.
بە گشتی لۆزان دوای سەدساڵ، بە پێی جوگرافیایی پەیوەندییەکانی ئێستا، هیچ کاریگەرییەکی نابێ و کوردیش چاوەڕێیی ڕەحمی لێکەوتەکانی لۆزان ناکات لە ئەمڕۆدا ، بەڵام وەک یادێک و وەک بونێک چالاکییەکانی لۆزان ( بە هەمو کەموکوڕییەکانیەوە) توانی پەیامی خۆی بگەیەنێ.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت