حەمەئازاد بەرزنجی: ئەم گەرمایە بۆچی باشە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەم گەرمایە، بۆجی باشە؟ ئەم گەرمایە بۆ هەیە و ئێوە پێم بڵێن چ سودێکمان پێدەگەیەنێ؟ چۆن قوربان، بۆچی باشە! بۆ پێگەیاندنی خورما. خورما بەو گەرمایە نەبێ پێناگا.
ئاوا: دە بڕۆن هەرچی دارخورما هەیە بیبڕنەوەو با گەرماکە نەمێنێ. ئەمە دەڵێن گفتوگۆی نێوان، یەکێ لە خەلیفەکانی عەباسی بووە، لەگەل دەستو پێوەندەکانی لە بەغدا. دیارە لە قرچەی گەرما دا بوەو گەرماکە شێتی کردوە و حەوسەڵەی لەبەربڕیوە.
ئێستا پلەی گەرما لەزۆر شوێن لە چل و شەش نزیک بۆتەوە و لە هەندێ شوێنیش دەم لە پەنجا دەکوتێ. هەمومان بیرمانە لە زستانیشدا هاتە خوار سفرەوەو، گەیشتە نزیکەی ماینەس پانزە، واتە جیاوازی پلەی گەرما شەستو پێنج پلەیە لەهاوین و زستاندا. بێگومان جیاوازیەکی زۆرە . ئایا لە ڕوی زانستیەوە ئەم جیاوازیە زۆرە، کار لە دارو درەخت و تەنانەت لەهەڵسو کەوتی مرۆڤەکانیش ناکات. هەمومان دەزانین لە پلە ئاساییەکاندا نزیک بیست، دوسێ پلە خوارتر یان سەروتر زۆر هەستی پێناکەیت، بەڵام لە پلە زۆر بەرز و نزمەکاندا یەک پلە بەرزتر، یان نزمتر یەکسەر هەستی پێدەکەیت و بێتاقەتت دەکا.
جابۆیە دەبێ درەخت و مرۆڤیش خۆی لەگەڵ لەکەشەکەدا بگونجینێ و ( تأقلم ) بکات، گەر نا ناتوانی بیگوزەرێنێ و بۆ خۆی دەپوکێتەوەو وردە وردە لەناو دەچێ. بەهۆی سەرماکەی زستانەوە زۆر نەمام وشکی کرد ، ئەوە تەنکی ئاوی ماڵانی هەر نەهێشت، زۆر لە درەختە خۆڕسکەکان مانەوە بەڵام بەریان نەبو، بڕوا دەکەن کۆمەڵێ داربەرومان هەیە لەو شارباژێرە تاقە یەک بەروی پیوەنییە. یان بڕوا دەکەن گەرما ئەوەندە لەپڕ هات ترێمان هەیە بە قۆناغی ترێیدا نەڕۆیشت یەکسەر لە بەرسیلەوە بوە بە مێوژی ترش. یان وەک برادەرێ لەسلێمانی وتی تەنکی ئاوی سەربانمان ئەوەندە گەرم بوە تەپڵی بە بۆیلەر لێداوە.
جا باشە کەش و هەواکەمان ئاوای بە دارو درەخت و کەلوپەلەکانی ناوماڵەکانمان کردببێ تۆ بڵێی کاری لەهەڵس و کەوتو گۆرینی ڕاو بیرکردنەوی تاکی کوردی ئەم دەڤەرەیش نەکردبی؟ بۆ نا! بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کەش و هەوای سیاسی ناوچەکەدا، چەندان گێڕیان گۆڕیوە. دەڵێن خۆ ئەمە دونیامان بۆ خۆمان مسۆگەر کردوە. کوڕینە نەوەک ئەوە دنیاش ڕاست بێ، با تێشویەکیش بۆ ئەوێ بخەین. ئەی نابینی تا دوێنێ بڕوای بە یەکێتیش نەمابو دەیویست بیگۆڕێ، کەچی ئەمڕۆ گێڕی گۆڕیوە و بوە بە پارتی و پارتی فەوجی بۆ کردۆتەوە. ئەی نابینی لەودیو گۆڕانەوە ئیشی دەکرد و وەزیر بو، ئەمڕۆ ڕاوێژکاری دارایی ماڵی سەرۆکی فەرماندەیە . ئەی نابینی تا دوێنێ مارکسی بو ئەمڕۆ تەڕاتێنێتی لە نێوان مزگەوتەکاندا بؤ نوێژی جومعە نازانێ دڵی چ لایەک لە رەوتە ئیسلامیەکان ڕازی بکات. ئەی نابینی تا دوێنێ بو لەو شاخە مەڵاشوی مناڵانیان بە هەڵگرتنی چەک و بون بە پێشمەرگەو بیری چەپ و شۆرشگێڕی و هەڵدەهینایەوە، ئەمرۆ بەکەشییەوە لە فڕۆکەخانەوە لە عەمرە دەگەڕێتەوە، عێل و عێل بان بەرەو پیری دەچن و دەسەکانی زیارەت دەکەن. ئەی نابینی هەموژیانی لەکوردایەتیدا بردۆتە سەرو مامۆستای شۆڕش بوەو شەهیدی پێشکەش ئەم خاکە کردوە و وانەی کوردایەتی وتۆتەوە، ئەمڕۆ تۆوی مەزهەب گەرایی دەچێنێ و لەبەیکە یا حوسێن دەباتە قیبلەی کوردستان لە جەرگەی شارباژێر.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت