ئەحمەد ڕەسوڵ: ئاوابوونی بتەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ناونیشانی ئەم وتارە، ناونیشانی پەڕتوکێکی فەیلەسوفی بەنێوبانگی ئەڵمانی (فرێدریک نیتشە “نیچە”) یە، بەبێ ئەوەی کە ناوەڕۆکی ئەم وتارە هیچ پەیوەندییەکی بە ناوەڕۆکی پەڕتوکەکەوە هەبێت. لە بەشی چوارەمی پەڕتوکەکەدا ناونیشانێکی بەمجۆرە هەیە (هەتا کۆتایی پێنەهێنین، چۆن بەیانی؟ جیهانی ڕاستەقینە، خورافەیەک – مێژوویەکی هەڵە) وەرگێڕدراوە عەرەبییەکەی.
لە دەستەواژەی مێژوویەکی هەڵە، خەیاڵم ڕۆیشت بۆ مێژوویەکی درێژی خەبات و قوربانییدانی خەڵکی کوردستان ” ئەوەی حزبخێڵەکانی کوردایەتیی بە شۆڕش و شۆڕشگێڕیی خۆیان ناوی دەبەن” کە زیاتر لە سەدەیەک دەبێت و دواتریش مێژووی 32 ساڵەی دەسەڵاتدارێتیی و قەوارەی هەرێمی کوردستان. بەڕاست چ مێژوویەک بوو؟! ئەگەر داوەرییەکی خێرا و سەرپێی نەکەین لە ئاستییدا و قووڵتر و لە گۆشەنیگایەکی دیکەوە سەرنجی بدەین هەر ئاوا ئاسان نابێت ئەو ناونان و داوەرییەی تا ئێستا وەکو قەوانێک هەزاران بارە کراوەتەوە.
بیرکردنەوەیەکی جیاواز و پێرسپێکتیڤی جیاواز، مێژوویەکی هەڵە.
سەرنجڕاکێشە و ڕاتدەگرێت، “مێژوویەکی هەڵە”
دواتر لە ناونیشانی کتێبەکەوە “ئاوابوونی بتەکان”، کە ئێستا ناونیشانی ئەم وتارەشە، سەرنجم ڕۆیشت بەرەو ئاوابوونی حیکایەتەکانی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان، ئاوابوونی ئەو بتانەی بۆ هەموو شتێک دروستیان کردبوون. لە 32 ساڵ لەمەوپێشەوە هەر ڕۆژەی بەشیک لەو بتانە هەڵوەریوە. ئاوابوونی بتەکانی شۆڕش و شۆڕشگێڕیی، ئاوا بوونی بتی کوردایەتیی،. ئاوابوونی بتی دروشمە قەبەکانی دیموکراسیی، هەڵبژاردن، ئازادیی، پێکەوەژیان، یاسا و دادپەروەریی. ئاوابوونی بتی دنیا لە پشتمانە، ئاوابوونی حیکایەتی پێشمەرگە، شەهیدبوون و گیانفیدایی. ئاوابوونی بتی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان و دەیان بت و حیکایەتی دیکەی دەسەڵاتدارێتیی حزبخێڵەکانی کوردایەتیی.
هەر کەسێک ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانێت، کە دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتدارێتیی سیاسییە پلە یەکەکانی حزبخێڵەکانی کوردایەتیی بووە نەوەکو دەسەڵاتدارێتیی خەڵکی کوردستان. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر بپرسین ئایا لاوازبوون یان ئاوابوونی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان لە کەیەوە و لە چییەوە دێت؟
جوبران خەلیل جوبران دەڵێت، مردن بە یەک جار ڕوونادات. بەڵکو هێواش و بە چەندەها جار ڕوودەدات. هەر خەمێک و ئازارێک مردنێکی بچووک و بەشیی “جزئی”ە، بە جیابوونەوە لە خۆشەویستێکمان بەشێکمان لێ دەمرێت، بە ڕۆیشتنی هاوڕێیەک بەشێکی دیکەمان لێ دەمرێت، بە مردنی ئازیزێک بەشێکیترمان لێ دەمرێت … هتد دواجار هەموو مردنە بچووک و بەشییەکان پێکڕا مردنە گەورە و گشتییەکە پێکدەهێنن.
هەر کۆمەڵگایەک پێویستییەکی حەیاتی بە ئەو دەزگا و عەقڵە قووڵە شیکەرەوە و ڕەخنەگرانە هەیە، کە جیا لەو چاوەی کۆمەڵگای تەماشای خۆی پێدەکات، چاوێکی دیکە بە کۆمەڵگا دەبەخشێت کە لە دەرەوەی خۆی سەرنجی ووردی دەدات. ئەو دەزگایانە و ئەو ناوەندانە بە عەقڵە بیرکەرەوە و سەربەخۆکانیانەوە، لە سەرووی ئینتیما لۆکاڵیی، ناوچەیی، ئایینیی، ئایدیۆلۆژیی و سیاسییەکانەوە ڕەخنەی کۆی کایەکانی کۆمەڵگا دەکەن، لە کایەی سیاسیی و سیستمی حوکمڕانییەوە بۆ کایەی ڕۆشنبیریی و کلتوریی، لە سیستمی پەروەردە و خوێندنی باڵاوە بۆ سیستمی تەندروستیی و… هتد. ڕەخنەکردنی هەر کایە و بوارێکی دەزگایی و ئیداریی کۆمەڵگا جگە لە هەوڵی پێبەخشینی ئەو چاوەی دیکە بە کۆمەڵگا و بە خودی ئەو کایە و بوارە بۆ بینینێکی ڕاستەقینەی خۆی چیدیکە نییە.
هەموو سیسستمێکی حوکمڕانیی لە ڕێگای ئەو ناوەند و دەزگایانە و ئەو عەقڵە بیرکەرەوە و ئاگاییە ڕەخنەکارەوەیە، بەردەوام چێکی خۆی دەکاتەوە و هەمیشە ئەو ئەگەرەی بەرەو هەڵدێر و هەڵەی گەورەی دەبات، لاوازتر و بچووکتر دەکاتەوە.
دەسەڵاتدارێتیی لە کۆمەڵگای ئێمەدا لەسەر نەریتێک دەژی، نەریتی ڕەتکردنەوەی چاوی دەرەوە و ڕەخنەکانی، نەریتی نەبینینی ئەگەرەکان و نەریتی دژوەستانەوە بە ئازادیی و گۆڕان.ئازادیی لەسەر هەموو ئاستەکان و گۆڕانیش لە ئاستێکی قووڵ و ڕیشەییدا وەکو پڕۆسێسی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا. لێرەوە سیستمی حوکمڕانێتیی، خۆی پارێزەرێکی کۆنەپارێزیی چەقبەستوویی دەزگایی، کۆمەڵایەتیی و سیاسیی بووە.
ئەم دەسەڵاتدارێتییە نەوەکو بەوەوە نەوەستا کە بۆ هەر نووسینێک و وتارێکی ڕەخنەیی ڕۆشنبیران، هەر چالاکیی و میتینگێکی ناڕەزایەتی چالاکوانانی مەدەنیی و کەمپەینە جۆراوجۆرەکانی ڕێکخراوە مەدەنییە نێوخۆییەکان کۆمەڵێک لە کادێر و جنێونووسەکانی خۆی بە چەندین دەزگای مێدیایی جۆراوجۆرەوە تەرخان کردبوو بە ئێستاشەوە، بۆ سووکایەتیپێکردن، ڕیزکردنی تۆمەت و تەشهیر، بەڵکو دەستەیەکی لە ئاستی وەزارەتدا دامەزراند بۆ وەڵامدانەوە و ڕەتکردنەوەی بەردەوامی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکانی ڕێکخراوە جیهانییەکان و هەر ڕاگەیاندن و بەیاننامەیەکی کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی کە سەرنج و ڕەخنەیەکی تێدا هاتبێت دەربارەی پێشێلکاریی مافە ئینسانیی، یاسایی و مەدەنییەکان، گەندەڵکاریی و ئەدای خراپی دەسەڵاتداران. ئەو ڕێکخراو و ناوەندە سیاسیی، کولتوریی، ژینگەیی و مرۆییە جیهانییانەی کە خۆیان بەشیک لە پاڵپشتیی و هێزی دروستبوونی دەسەڵاتدارێتیی لە هەرێمی کوردستان بوون.
لاوازبوون و ئاوابوونی هەرێمی کوردستان و دەسەڵاتدارێتییەکەی نە لە نووسین و ووتاری ڕەخنەکارانەی نووسەران و ڕۆشنبیرانەوە، نە لە خۆپیشاندانی چین و توێژەکان و کەمپەینی چالاکوانان و ڕێکخراوە مەدەنییەکانەوە، نە لە ناڕەزایەتی گشتییەوە لە مێدیا و سۆشیاڵمیدیاوە، نە لە حزبی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆنەوە لە هەندێ قۆناغدا بە ئۆپۆزیسیۆنی پەرلەمانییشەوە و نە لە لێدوانی پەرلەمانتارانی بەغدا بۆ هەندێ مێدیای قەومیی عەرەبیی عێراقیی و نە لە سکاڵای پەرلەمانتارە کوردەکانی بەغداشەوە لەسەر دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستانەوە هاتووە و دەستیپێکردووە.
لاوازبوون و ئاوابوونی ئەم دەسەڵاتدارێتییە لە 32 ساڵ لەمەو بەرەوە دەستیپێکردووە، ڕۆژ بە ڕۆژ و هەنگاو بە هەنگاو تا بە ئەمڕۆ دەگات کە خەریکە لاوازبوون و ئاوابوونی دەگاتە دوا قۆناغی کۆتایی خۆی.
لاوازبوون و ئاوابوونی دەسەڵاتدارێتییەکەی هەرێمی کوردستان لە ئەمانەی خوارەوە هاتووە، تەنها بۆ بیرهێنانەوە. ئەگەر دەسەڵاتداران، ماستاوچیی و ئینشانووسەکانیان بیریان نەماوە، ئەوا با بزانن خەڵکی کوردستان زۆر بە باشی هەمووی لە بیرماون و وەکو نەخشی سەر بەرد لە یاداوەریی خەڵکدا هەڵکۆڵراون. هەڵوەرینی بتەکانی دەسەڵاتدارێتیی کوردایەتیی و کەوتنی حیکاتەکانی، بەشبەش و ڕۆژ بە ڕۆژ لە ئەمانەی خوارەوە هاتووە:
– لە ئاودیوکردنی شۆفڵ و ئامێرە پیشەسازییەکانی کارگەکانی هەرێمی کوردستانەوە بۆ وڵاتانی دەوروبەر بە قاچاغ، بەشێکی لێ ئاوابوو
– لە دەستبەسەرداگرتنی خاڵە گومرگییەکان و مەرزەکان و بە حزبییکردنیان و بگرە بە بنەماڵەییکردنیشیان، بەشێک لە کەسێتیی و کاریزمای خۆیان دۆڕاند.
– لە شەڕی نێوخۆدا، بەکوشتدانی هەزاران ڕۆڵەی ئەم نیشتمانە و جەرگسووتانی دایک و باوکیان و بێباوک کردنی منداڵەکانیان تەنها بە میزاجی سیاسییە پلە یەکەکانی حزبخێڵە دەسەڵاتدارەکان، بەشێکیتری گەورەی پاڵپشتیی و خۆشەویستیی خەڵکیان بۆ خۆیان لەدەستدا.
– لە پێشلەشکرییکردنی سوپای وڵاتانی دەوروبەر و داگیرکەرانی کوردستان، بەشێکی گرنگی دیکەی قورسایی و پاکیی خۆیان لەدەستدا.
– لە پاڵپێوەنان و دەرگا بەڕوودا داخستنی بنەماڵەی شەهیدانی هاوسەنگەریان، لایەک لە مۆڕاڵ و بەهای خۆیان لێکەوت.
– لە فەرامۆشکردن و نەناسینەوەی کەمئەندامانی هاوسەنگەری خەباتیان، بەشێکی دیکەی وەفا و ئەمەکداریییان لێبزربوو.
– لە بێئەمەکیی و بێنمەکیی لە بەرامبەر ماڵە هەژارەکان و گوندەکانی کوردستان کە جگە لەوەی نان و خوانیان لەبەردەمی منداڵەکانیان هەڵدەگرت و دەیانخستە بەردەمی مەفرەزە و پۆلە پێشمەرگەکانی نیوە شەوان و بۆیان دەکردنە تێشوو و بۆیان دەپێچانەوە بۆ ڕێگا و دواتریش بوون بە سووتەمەنیی شۆڕش و خەبات بەوەی کە ماڵ و ژیان و گوندەکانیان سووتێنران، خاپور و چۆڵکران، بەشێکی بەهاداریی دیکەی جوانیی، سادەیی و ڕەوایەتییان لەدەستدا.
– لە تێرۆرکردنی بەکر عەلییەوە لە سلێمانی، شاپور عبدالقادر، قابیل عادل، صلاح هەورامی و سەردەشت عوسمان لە هەولێر، سۆرانی مامە حەمە و د.عبدالستار طاهر شریف لە کەرکوک، ویداد حسین لە دهۆک و کاوە گەرمیانی لە کەلار بەشێکی زۆر گەورەی ئەخلاقی بەپرسیارێتیی و مرۆڤبوونیان دۆڕاند.
– لە سوکایەتیپێکردن، لێدان و گرتنی ڕۆژنامەنووسان و ڕاگەیاندنکارانەوە بەشێکی گەورەی دیکەی ڕۆحی سەردەمیانەی بەرپرسیارێتیی لە ڕێزگرتنی جیاوازیی و ئازادیی بیروڕایان لەدەستدا.
– لە چەند ساڵ زیندانییکردنی چەندین چالاکوان تەنها بەهۆکاری خۆپیشاندانی هێمنانە و مەدەنییانە بەشێکی گەورەی متمانەی نێوخۆیی و دەرەکییان لەدەستدا.
– لە تراژیدیای خانەنشیان لە سەرەی وەرگرتنی مووچەکانیاندا، چەندین جار بە دڵشکاوی و دەستبەتاڵیی گەڕانەوە بۆ ماڵەکانیان، پاڵەپەستۆی قرچە قرچی گەرمای هاوین و سەرما و سۆڵەی زستان و تا ڕاددەی بوررانەوە و لەهۆشخۆچوون و تەنانەت مردنیش، بەشێکی هەرە گەورەی دیکەی ئینسانییەت، پێزانین و وەفادارییتان لەدەستدا.
– لە بێزاریی زۆری خەڵک لە ئەو هەموو بازگەیەی نێوان شار و شارۆچکەکانی کوردستان، بەشێکی دیکەی بەرپرسیارێتیی لە دابینکردنی ئاسایش و ئارامییان لەدەستدا
– لە ئەو هەموو جیاکارییەی نێوان کادێر و ئەندامە حزبییەکانتان لە بەرامبەر هاونیشتمانییانی سەربەخۆی کوردستان لە هەر فەرمانگەیەک و دەزگایەکی حکومییەوە بیگرە تا دەگات بە وەزارەتەکان، بەشێکی دیکەی ڕۆحی بەرپرسیارێتیی لە مافی یەکسانیی هاونیشتانییانیان لەدەستدا.
– لە قۆرخکردنی بازاڕ و بازرگانیی و پڕکردنی کوردستان بە خۆراک و کاڵای خراپ و بێکواڵیتیی و بوونی کوردستان بە زۆنی باڵادەستبوونی نەخۆشیی شیرپەنجە و نەخۆشییە قورس و درێژ خایەنەکان، بەشێکی دیکەی بتەکانیان هەڵوەرین.
– لە فەرامۆشکردنی و بەرەو وێرانەیی بردنی کەرتی گشتی لە بواری تەندروستیی و ئەو هەموو سەنتەر و نەخۆشخانە ئەهلییە سێبەرەی لێپرسراوە تێرنەخۆر و چاوچنۆکەکان بە نرخی خەیاڵیی و قۆرخکردنی بازرگانی دەرمان و پێداویستی پزیشکی، ڕاستگۆیی و ڕەوایەتییان درزی گەورەی تێکەوت.
– لە خاوەندارێتییکردنی بەرپرسان و منداڵە کۆمپرادۆرەکانیان لە زانکۆی تایبەتیی و کۆرپۆرەیشنەکان، بتی بێتەماحیی، خۆنەویستیی و پارە نەویستییان بەتەواوی هاڕەی کرد.
– لە دیقە دیقپێکردنی مامۆستایان، فەرمانبەران، خانەنشینان و هەموو مووچەخۆرانی کوردستان لانیکەم لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا و ئەو هەموو پاشەکەوت و لێبرین و فەوتانی مووچەی تەواوە، ئیتر چییان لێمایەوە نەیدۆڕێنن!
– لە کردنی لایەکی هێزی چەکدار بە پاسەوانی خۆیان و خێزان و منداڵەکانیان، کردنیان بە پاسەوان و باخەوانی باخ و ڤێللاکانتان، ئیتر دەسەڵاتداران جگە لە بوونیان بە مۆتەکەیەک بەسەر ژیانی خەڵکەوە هیچیدیان لێمایەوە!
– لە داگیرکردن و دابەشکردنی هەر بە ئارەزووی خۆیان، هەرچی زەوی ناوشارەکان و تەنانەت دەوروبەری شارەکان و بەشێکی زۆری دەرەوەی شارەکانیش، جگە لەوەی بوون بە تاڵانکار و داگیرکار چیدیکەیان لێمایەوە!
– لە زەلیلکردنی یاسا و دادگاکانەوە بیگرە تا بە خوێندنی باڵا و بە نوقڵکردنی بڕوانامەکانی ماستەر و دکتۆرا دەگات. چییان لێپەیدابوو!
– لە دامەزراندنی ئەو ئمپراتۆرێتییە ئیعلامییانە لەسەر داهاتی گشتی کوردستان و بودجە زەبەلاحەکانیان و مووچەی قەبەی هەر کارمەندێکی ئاساییان تا دەگات بە مووچەی خەیاڵیی پێشکەشکار و بێژەرە زمان نەزانەکانیان و داهێنەرانی ڕستەی شێواو و ئاست نزم و تەعبیری تێکشکاو. چ بوونەوەرێکیان لێ خولقا!
– لە وەڵامدانەوەی هەر ناوەناوەی ڕاپۆرتەکانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەمنستیی ئینتەرناسیۆنال، ڕۆژانەمەنووسانی بێسنوور، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و یەکێتیی و ئەوروپا و… هتد، ناوهێنانیان بە ناڕاست و چەواشەکراو… هتد هیچ ڕاستیی و ڕاستبێژییەکیان لێمایەوە!
– لە سەرو برۆ تاشینی چەندین کەس، لێدان و زەلیلکردنی چەندینی تر لەبەر زوومی کامێرا و بڵاوکردنەوەی لە سۆشیاڵمێدیا، لێدانی پزیشک لەنێو حەرەمی نەخۆشخانە، لێدانی مەلا لە نێو حەرەمی مزگەوت، لێدانی مامۆستا لەسەر شەقام و… هتد، ئیتر بت لە دوای بتیان هەڵدەوەری.
– لە هەر خۆپیشاندانێکی هێمنانە و مەدەنییانەی خەڵک، بە تێڵا و کوتەک مامەڵەکردن، بە پێداڕشاندنی غازی جۆراوجۆر و دواتریش تەقەلێکردنیان بە فیشەک وبریندارکردن و شەهید کردنی گەنجانی خاوەن هیوا و ئاوات، ئیتر جگە لە بوونیان بە جەللاد و خوێنڕێژ چیدیکەیان لێ هاتەدەر!
– لە گەندەڵیی بێشومار لە هەر بوار و سێکتەرێکدا، بە ملیاردلێر بوونی ئەوانەی لە بڕیاربەدەستانەوە نزیکن، جگە لە بوونیان بە کلیپتۆکرات هیچیدیکەیان لێ سەوز بوو!
– لە کردنی کادێری حزبەکانتان و کادێری دەزگا مێدیاییەکانتان بە بوونەوەی بێکاراکتەر، ماستاوچیی و پێداهەڵدەر، چگە لە وێرانکەری ڕۆحی ئینسانی کورد چیدیکەیان لێمایەوە!
من هەر ئەوەندەم ڕیزکردن کە دڵنیام هەر خوێنەرێک چەندین خاڵی دیکەی لە یادە لەلای گرنگن و ڕیزیان دەکات کە لەگەڵ هەر یەکێک لەوانە، هەروەها لەگەڵ هەر یەکێک لەو خاڵانەی لەسەرەوەش ڕیز کراون بەشێک لە سیحری دەسەڵاتدارێتییەکەی کوردایەتیی بەتاڵ بووەتەوە. لەگەڵ هەر یەکێکیان بەشێک لە ڕەوایەتیی لەدەستداوە و لەگەڵ هەر یەکێکیان بەشێکی لێ مردووە، لەگەڵ هەر یەکێکیان بەشێک لە بتەکانی هەڵوەریوە، لەگەڵ هەر یەکێکیان بتێکی ئاوا بووە. ئێستا لە قۆناغی کۆتاییدا خەریکە مردن دەبێتە گشتێکی تەواو و خەریکە هەموو بتەکانی بە تەواوی هەڵدەورن و هەموو بتەکانی ئاوا دەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت