سەرکەوتی جیهاز & بەختیار نامیق: کۆنگرەی حیزبەکان و هاوکێشەی هەرێمایەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە جیوپۆلەتیکی ناوچەکە بە گشتی لەبەردەم گۆڕانکاری خێرادایە، لەبوارەکانی جیوپۆلەتیکی و ئابوری و جوگرافی و تەکنەلۆژیاو و سیاسی و یاسایی و کۆمەڵایتیدایە بە پێی بونی هێز، واتا لەبەردەم ئەم گۆڕانکاریانەدا هێزەکان دەتوانن هاوکێشەکان یەکلایی بکەنەوە. بە ڕونتر بڵێین دوای سەرەتای دەرکەوتنی فرە جەمسەری و لاوازبونی سۆپەرپاوەری ئەمریکی و هاتنە ناوەوەی خێرای چین و ڕوسیا و ڕێککەوتنی هێزە گەورەکانی وەک تورکیا و ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پشێوی سەرەتای ئەم دەرکەوتنانە دروست بو. لەم بۆشایی و پشێوییەدا کۆمەڵێک گۆڕانکاری دروست بو کە گرنگترینیان ڕوخانی سەدام و دواتریش بەهاری عەرەبی بو. ئەو هێزانەی لەم ماوەیەدا دەرکەوتن تا ئاستێک توانیان بە هەندێ ئەنجامی سەرەتایی بگەن، کە دەکاتە تێکچونی ڕژێمە هەرێمایەتییەکان هەر لە ئەرمینیاوە تا ئازەرباینجان و کەمێکیش پاکستان و دواتر ئەفغانستان و لەمبەر ئاویشەوە عێراق و لوبنان و لیبیا و یەمەن و تا گەیشتە سوریا. ئیتر زل هێزە جیهانییەکان بونە سێبەری ئەو حکومەتانەی کە دڵخوازی خۆیانن و نەیان هێشت بڕوخێن کە لە ڕژێمی بەشار ئەسددا خۆی بینیوە. گۆڕانکاییەکان هەم جوگرافی و هەم ئابوری و هەروەها سیاسی بون، هەرێمی کوردستان لەم قۆناغەدا کە شانسێکی بەرکەوت تا ئاستێک توانی خۆی بسلەمێنی، ئەویش وەک ئەمری واقع. بەڵام دواتر ئێران و تورکیا کاریان لەسەر کرد و کردیانە دوو زۆن لەسەر بنەمای (ڕێککەوتنی ستراتیژی) و بەرژەوەندی گرێدراوی تورکیا و ئێران. بۆیە هەرێم درێژکراوەی قۆناغی شاخ بو کە دوو بەرە هەبون مەلایی و جەلالی. پاشان هەمان دوو بەرەکە دابەشبون بەسەر دوو دەستەڵاتی هەرێمایەتیدا، تورکیا و ئێران زۆنی زەردو زۆنی سەوز. لەم قۆناغەدا کۆمەڵێک ڕێککەوتن و شەر هەبوە، دواجار لەسەر بنەمای ڕێککەوتنە هەرێمایەتییەکە، ئەم دوو هێزە لە ژێر گوشاری دانوستان و بەرژەوەندی وڵاتانی زل هێزی ناوچەیی و جیهانیدا ڕێککەوتن. دوای مەرگی مام جەلال و دەرکەوتنی نەوەی دووهەمی سەرکردەکانی شاخ، هەرێمی کوردستان کەوتە بەردەم دوو گۆڕانکاری گەورەوە:
1. گۆڕانی هەرێمایەتی: لە ئێستای بارودۆخی هەرێمایەتی و جیهاندا بۆ داڕشتنەوە و خۆگرتنەوەی وڵاتەکانی دوای قۆناغی پشێویی و فرەجەمسەری وڵاتە هەرێمایەتییەکان لەبەردەم خۆ گرتنەوەدان، لەم نێوەندەدا عێراق بەشێکە لەم نەخشەیە، کە عێراق جارێکی تر بە پێێ دابەشکاری ڕەسمی هەرێمایەتی و بە گڵۆپی سەوزی وڵاتە زل هێزەکانەوە ناوەند بەهێز دەکرێتەوە بە هەژمونی ئێرانییەوە، لە قۆناغەکانی پێشتردا هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە خاوەنی بەرنامە و پلانێک بێت کە خۆی ئامادە بکات بۆ گۆڕانکارییەکان. واتا لە ماوەی 32 ساڵدا لە ڕوی ئابوری و سیاسی و جوگرافییەوە نەبوەتە هێزێک کە نەتوانرێت دەستکاری نەخشەکەی بکرێت، بە پێچەوانەوە هێزە کوردییەکان سەرقاڵی شەڕی ناوەکی حیزبەکان و شەڕی حیزبەکان لەگەڵ یەکتر بون، هێندە کاری بۆ ئەگەری ڕوبەڕوبونەوەکانی هەرێمایەتی و جیهانی نەکردوە، وەک کارتێک بەدەست وڵاتانەوە بەکارهێنراوە. بۆیە کە پێ دەنێتە قۆناغی توندوتوڵکردنی وڵاتەکانەوە و لە ناویشیاندا عێراق، کورد لە هەرێمی کوردستان هێندە لاوازە، زۆر بە ئاسانی دەستکاری نەخشەکەی دەکرێت بێ هیچ بەکارهێنانی سەربازی، یان کارتی گەورەتر. بۆیە بە ناچاری دەبێت ڕوو لە بەغداد بکات و سیادەی خۆی لەدەست بدات، تەنها وەک کارگێڕییەکی بەشێکی عێراق بمێنێتەوە.
2. گۆڕانی ناوخۆیی: لە ناوخۆدا سەرجەم حیزبەکان دەکەونە بەردەم قۆناغی گواستنەوەی دەستەڵات لەسەرکردەکانی شاخەوە بۆ نەوەکانیان ئەمەش دوای ئەوە دێت کە قۆناغی دوای مام جەلال و دەرکەوتنی خوێنی یەکەمی سەرکردەکان دروست دەبێت، لەم قۆناغەدا هاوسەنگی هێز لەسەر ڕێککەوتننامەی ستراتیژی تێک دەچێت بە هۆی فرە گروپی ناو حیزبەکانەوە، تا ئاستێک هەمو حیزبەکان دەکەونە بەردەم ئەم حکومەوە، هەر بۆیە ولاتانی خاوەن هەژمون ئێران و تورکیا لەسەر بنەمای دابەشکاری دەکەن وە کار لەسەر ئەم قۆناغە دەکەن نەوەی یەکەم و خوێنی یەکەمی سەرکردەکان دەهێننە پێشەوە و پشتگیری تەواویان دەکەن، لەم قۆناغەدا هێزەکانی دەرەوەی خوێنی یەکەم لیستێکیان بۆ دەکەنەوە بە ناوی ( بەرەی بەیعەت) کە لە ژێر گوشاری هێزدا و بە پاڵپشتی هێزی ئیقلیمی هەمو دەستەڵاتەکان دەخرێتەوە ژێر دەستی خوێنی یەکەم.
لەم ڕوانگەیەوە ئەگەر سەیری کۆنگرەی حیزبەکانی هەرێم بکەین لە قۆناغی دوهەمدا کە دەکاتە قۆناغی نەوەکانی سەرکردەکانی شاخ و دابەشکردنی دەستەڵات بەسەر هێزەکانی خوار دەستەڵاتی یەکەم، هیچی تر نیە. بە مانایەکی تر کۆنگرەکان هی هەمو حیزبەکان، تەنها بۆ گواستنەوە و شەرعیەتدانە بە هێزی یەکەم کە دەکاتە نەوە و خوێنی یەکەمی سەرکردەکانی شاخ، بە تایبەتیش لە ناو یەکێتی و پارتیدا. کۆنگرەی 14ی پارتی تەنها بۆ گواستنەوەی دەستەڵات بوو، لە مەسعود بارزانیەوە بۆ مەسرور بارزانی، بەڵام بە هۆی بونی مەسعود بارزانی باوکەوە، بێ کێشە هەمو هێزەکان لە کۆنگرەدا بەیعەتیاندا بە مەسرور بارزانی بە هاوکاری تورکیا و گڵۆپی سەوزی ئێران، بەتایبەت نێچرەڤانی ئامۆزا. بەڵام لە یەکێتیدا ئامۆزاکان بەیعەتیان نەدا بە بافڵ و خۆێنی یەکەم بە کێشەیەکی زۆرەوە بافڵ بەهاوکاری ئێرانییەکان سەرکەوت. لەم نێوەندەدا کۆنگرەکان تەنها بۆ شەرعیەت دانە بە گواستنەوەی دەستەڵات و پاشان هاوسەنگی ( ڕێککەوتنی ستراتیژی) لە درەوەش تەسلیم بون بە بەغداد تەواو دەستەڵاتەکانیان کەم دەکاتەوە.
لە ناوەوەڕا پەیڕە و پڕۆگرامەکان (پارتی 24 دەروازە و یەکێتی 64 ماددە) جگە لە مکیاجێک هیچی تر ناکات، چونکە بە پێێ پەیڕەوەکان بێت بە دەرکراو و پەراوێزخراوەکانیشەوە دەبێت بکەوێتە ململانێی حیزبییەوە، بەڵام ئەمە تەنها بۆ تێپەڕاندنی دۆخەکەیە و گواستنەوەی دەستەڵاتە وەک مۆدێلی خلیجی و وەلی عەهدی و دەستەڵاتی ڕەهای سەرۆک و سیستەمی سەرۆکایەتی پشتاوپشت.
لە گشتدا دۆخەکە ئەگەر لە ڕوی مێتۆدەوە بە خراپ ناوزەند بکرێت بۆ ئێستای دۆخی ئیقلمی و بەرژەوەندی هێزە ئیقلیمییەکان ناوخۆی حیزبەکان و فرە گروپی لە خراپتر باشترە و لە گروپ گروپی دژ بەیەک و تاڵان کردنی زیاتری گروپەکان باشترە تا ئاستێک، وەک قۆناغی مام جەلال ئەگەر چی دنیایەک کێشە و کەم و کوڕی و گەندەڵی هەبو، بەڵام لەم دۆخەی ئێستا باشتر بو. ئیتر لەو دویو ئەم نەخشە و پلانەی ئێرانەوە، هیچ هێزیک ئەگەر نەبێتە بەشێک لە ڕێککەوتنامەی ستراتیژی و پاشان ڕێککەوتنەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق هیچی پێناکرێت، ( نەوشیروان مستەفا و سەدر)، ئەگەر چی هێزی نیشتمانی بن و بیانەوێ سیادەی هەرێم و عێراقیش لە هەژمون و پاشکۆیەتی ڕێککەوتنەکانی نێوان تورکیا و ئێران ڕزگار بکەن، نەک هەر هیچیان پێ ناکرێ، بەڵکو سفریش دەکرێنەوە.
ئەگەر کورد بە گشتی نێوماڵی خۆیی ڕێک نەخات و یەکێتی ناوەکی بەهێز نەکات، ئەوا هەمو ئەگەری کەوتنەکان لە بەردەم سیادەی هەرێمدا کراوەیە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت