بەختیار نامیق & سەرکەوتی جیهاز: ئەمریکا و ئێران، دوو هاوپەیمانی شاراوە و دوو دژەیەکی ساختە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەرژەوەندی باڵا لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا زۆر گەورەترە لە دژایەتی و ململانێیان، ئەمریکا بۆ ڕاگرتنی یەکێتی ناوەکی خۆی پێویستی بە زیاد لە هێزێک هەیە وەک دوژمن، لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئێران وەک دۆستی نزیکی خۆی ڕۆڵی ئەو دوژمنەی بۆ دەبینێ. لە ئێستادا ئەمریکا بەدەر لە قۆڵی شەڕی ڕوس و ئۆکراین و ململانێی لەسەر تایوان و کۆریای باشور، جەنگی حەماس و ئیسرائیل بوە بە ئەولەویەتی، ئەوەی مەترسیە لەسەر ئەمریکا ترسی فراوانبون و گواستنەوەی شەڕە بۆ وڵاتانی تر و بە تایبەتیش عێراق، وەک چۆن نەیانهێشت جەنگی ئۆکرانیا بڵاوە بکات و بچێتە وڵاتانی ترەوە و قەتیسیان کرد لە ناو ئۆکرانیا، ئاواش دەیانەوێ جەنگەکە لە غەززە تێنەپەڕێ. لە عێراقدا ترسی سونەکان بۆ ئەمریکا دوو فایلە ( قەوم چییە عەرەبە سونیەکان بەهەمان فۆرمی بەعس، ئیسلامی سونی کە هێڵێکی ئیخوانەکانن و دەچێتەوە سەر حەماس و قاعیدە )، لە ئێستای ترسی فراوانبونی جەنگی حەماس و ئیسرائیل بۆ عێراق، ئەمریکا شیعە زۆر بە باشتر و نزیک لە بەرژەوەندییەکانی دەبینی، وەک لە سونەکان.
دژایەتی ئێران زیاتر ئیعلامی بوە وەک لە جەنگی گەورە، تەنها پێکدادانی بچوک هەبوە، تا ئەو ڕادەیەی کە ئاغای سلێمانی کوژرا پەرچەکردارییەکان لە یاری منداڵان دەچو، وەک ئەوەی ئێران خۆی گڵۆپی سەوزی بۆ ئەمریکا هەڵکردبێ، ئیتر ئەوەی دەوترێ ئەمریکا جەنگ دژی ئێران بەرپا دەکات، ئەگەر ڕێککەوتنێکی ئیعلامی نەبوایە لە نێوان خۆیاندا، دەبو لە کوشتنی سلێمانی و موهەندیسەوە جەنگەکە ببوایە و بە قسەی هەندێ محەلیل؛ ئێستە ئێران وێران بوایە.
بە کورتی ئەمریکا لە عێراقدا بۆ ئەوەی ئیسلامییە سونە توندڕەوەکان و وێنەی دوەمی حەماس و قەومچی عەرەب و بەعسیەکان دروست نەبنەوە. پێویستی بە ئێران هەیە. لەم کاتەی جەنگدا ئەم سیناریۆیەی زەرەری کەمترە، هەر بۆیە گڵۆپی سەوزی بۆ شیعەی ئێرانی لە عێراقدا هەڵکردوە تا درۆنەکان و هەڕەشەی قاعیدە و حیزبی نوێی تری ئیسلامی سونە و حەماسی عێراقی نەهێڵێت و ڕێگر بێت لە گواستنەوەی جەنگ بۆ عێراق و هەڕەشە بێت لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە عێراقدا. ئێرانیش چەندین ساڵە سونە بەکاردێنێ و ئەم حیزبانە وەک مریشک بەخێو دەکات لە پێش هەمویانەوە حەماس و ئێستە لەسەر سفرەی میوانداری ئەمریکا سەریان دەبڕێ، پێشتریش لەسەر سەدر ئەم ڕێککەوتنە کرا و سەدر فرۆشرا، ئیتر هەڵبژاردن و کورسی زۆر درۆیەک و مکیاجێکی ناشیرینە و هیچ ناکات، ئەگەر لەسەر هێڵێکی ئیقلیمی نەبێت. لە ئێستادا دوای ڕێککەوتنی نهێنی ئەمریکا و ئێران کە دەزانین عێراق لەژێر هەژمونی ئێراندایە و سوریاش بۆ تورکیایە، درۆنەکانی عێراق و مەترسی ئەگەری دژە ئەمریکا و ئیسرائیل لای سونەکان و حەلبوسی، بۆ ئەم مەبەستە چی ڕودەدا:
1- دادگای فیدڕاڵی حەلبوسی و سونەکان ڕاپێچی دادگا دەکات.
2-کڕینی غاز لە ئێران درێژ دەکاتەوە.
3- بانکەکان پڕ دەکاتەوە لە دۆلار.
4- پارەی بلۆککراوی ئێران دەداتەوەو… هتد.
لە بەرامبەریشدا بۆ ئەوەی ئێران بازنەی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا نەبڕێ و نەبێتە هێزێکی گەورەی چینی بۆ ڕێگای ئاوریشمی گەمارۆی زیرەک و گەمارۆی کۆمپانیا و کەسایەتیە دەستەڵاتدارەکانی ئێران بەکار دێنێ، واتا ئێران لە چوارچێوەی بازنەیەکدایە و بۆ پێویست بونی ئەمریکا بە ئێران ( بچوک ببێتەوە هاوکاری دەکات، ئەگەر گەورەتربو هێڵی سوری بڕی لێیدەدات ) شیعەکان سیاسەت دەکەن و دەزانن چۆن مەلەفەکان بەجیا کاری لەسەر دەکەن، دەکرێ لە مەلەفێکدا شەڕیان هەبێت و لە مەلەفێکی تردا هاوپەیمانی. لە ئێستای پەیوەندی نێوان ئەمریکا و ئێراندا ئەوەی لەسەر شاشەکان دەگوزەرێ هیچ نیە، جگە لە بە کارتکردنی ڕاگەیاندن و سیناریۆ، بەرژەوەندییان گەورەترە لە ناکۆکی و ململانێیان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت