هەژار نامیق: دەرگای قوتابخانەکان دابخەن..

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ڤیکتۆر هۆگۆ: بە کردنەوە دەرگای قوتابخانەیەک دەرگای زیندانێک دادەخرێت.
لە هەرێمى کوردستان ئەوەی ئەهەمیەت و بایەخی نەبێت و پشتگوێ بخرێت قوتابخانە و فێرکردنە. لە تەواوی دنیا دەرگای قوتابخانەکان بە ڕووی خوێندکاران کراوەتەوە، بەڵام لە هەرێمى کوردستان ڕۆژ دوای ڕۆژ دوادەخرێت و بەشێوەیەک خوێندکاران ڕێگای قوتابخانەکانیان بیرچووەتەوە..
نیشتمانێکى زۆر سەیرە دەرگاکانى تر کراونەتەوە لە دەرگای مزگەوت و فەرمانگەکان بیگرە تا دەرگای کافتریا و تیاتڕۆخانەکان، بەڵام بە کردنەوەی دەرگای قوتابخانەکان مەترسی دەبێت؟! تۆ بڵێت ئەو خوێندکارانەی ئێستا لە ماڵەوەن کوڕ و کچی کێ بن وا مەترسی لە سەر تەندروستیان دروست دەبێت بە کردنەوەی درەگای قوتابخانەکان؟ ڕۆژ دوای ڕۆژ خوێندن و فێرکردن بێ ئەهەمیەت ئەکرێت میللەت زیاتر بەرەو تاریکى و گەمژاندن دەبرێت.
پەروەردەیەکى بەهێز دەلالەت لە کۆمەڵگایەکى تەندروست دەکات و کۆمەڵگایەکى تەندروست دەلالەت لە وڵاتێکى بەهێز دەکات ئایا بەڕاستى پەروەردەی ئەم وڵاتە لە چ ئاستێکە؟ بەڕاستی تا چەند پەروەردە کاریگەری هەیە لە سەر بەرەو پێش بردنى وڵات؟ کێ بەرپرسیارە لە ئەم هەموو دواکەوتوویی و نەزانیە لە بەڕێوەبردنى وڵات؟ دەسەڵاتداران یان نەبوونى پەروەردەیەکى بەهێز؟
بەکردنەوەی دەرگای هەر قوتابخانەیەک ڕمێک ئەکەوێتە دەست کۆمەڵگا بۆ سنگی خیانەتکاران، بە فێرکردن و پەروەردە کردنى هەر منداڵێک چرایەک ڕووناک دەبێتەوە دزەکان بە دەر دەکەون، بە بەرەو پێش بردنى فێرکردن عەرشی دەسەڵاتى نەزان و نەفامەکان دەکەوێتە لەرزەوە چەند کۆمەڵگا لە فێرگە و زانستگەکان نزیکتر بێتەوە هێندە له ئێوە دووردەکەوێتەوە، چەند ژمارەی کتێبخانەکان زیاد بکات هێندە کۆمەڵگایەکى تەندروست باشمان دەبێت، چەند زانستمان زیاتر بێت هێندە ئێش و ئازارەکان کەم دەبێتەوە، چەند زیاتر گرنگی بە فێرکردن بدرێت هێندە وڵات سەقامگیر دەبێت.
بێگومانم کە ئێوە باکتان بە کردنەوەی قوتابخانەکان نیە و نابێت، چونکە کچ و کوڕەکانى خۆتان لە باشترین فێرگە و قوتابخانەکانى دنیا دەخوێنن. بێگومانم کردنەوەی قوتابخانەکان هێندەی پێکێکى شەوانە ئەهەمیەتی نیە لە لای ئێوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت