لاوک کونجرینی: هەوڵی بەرزانی بەرەو سەرۆکایەتی کۆمار؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

* ڕێکەوتن لەگەڵ سەدر لەسەر تێمای مەرجەع.

* پلانی بەرزانی بۆ بەدەستهێنانی پشکی کورد لە تەواوی دەسەڵاتەکانی بەغدا و کوردستان، تا یەکێتی و حیزبەکانی تر لەهەموو ستاتوسەکانی دەسەڵات بێ بەش بکات.

* کورتکردنەوەی تەواوی دەسەڵاتەکانی نێچیر بەرزانی زاواو برازا لە ڕێی بەدەستهێنانی دەستووری هەرێمی کوردستان.

سەدام ڕووخا، بەڵام ڕەوشی عێراق بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی بەرەو خراپتر هەنگاو دەنێت، ئەوەی چاوەڕوان دەکرا پێچەوانەکەی وردە وردە بەدی دەکرێت.

ڕێکەوتی 6- 4- 2005 تالەبانی بووە سەرۆک کۆمارو، ڕێکەوتی 13- 06- 2005 مەسعود بەرزانی بووە سەرۆکی هەرێم. ئەم دوو ڕێکەوتە لە دیدی هەندێک کەسەوە تا ڕۆشنبیر و سیاسەتوان، بەرێکەوتنێکی سیاسی و ستراتیژی نێوان تاڵەبانی و بەرزانی دەزانرێت. بەڵام تێگەیشتن لە ئاستی سینارۆکانی ئەمریکا بۆ سەر عێراق، هەمیشە کورت بینانەو نا لۆژیکانە قسەی لەسەر دەکڕێت، خوێندنەوە بۆ هەڵسەنگانی کەسەکان و تەکتیکی ئەمریکا پشتگوێ دەخرێت. پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا ئەمریکایەک بەو هەموو تەزحییە زۆرەی جەستەیی لەشکرەکەی و سەرفکردنی داراییە زۆرەوە، هەروەها کۆی توانا سیاسی و سەربازییەکانی لە داگیرکردنی عێراق، هەر بەئاسانی دەڵێت فەرموو تاڵەبانی و بەرزانی ڕێکبکەون لەسەر کڵێشەی دەسەڵاتە لوتکەییەکانی عێراقی دوای سەدام؟

 ماوەیەکە جموجۆڵە سیاسیەکانی سەرانی کورد بەرەو بەغدادە لەدوای ئەنجامی ڕیفراندۆمی نسکۆیەکی سیاسی شەرمنانە، ڕیفراندۆم ئەنجامێکی دۆڕاو و هەنگاوێکی سیاسی کوشندەی بێ بەرنامەو بێ دەستکەوت بوو، جگە لەوەش کۆی پرۆسەکە مەبەستی سیاسی جێبەجێکراو بوو، نەک داڕێژراو. چوونکە ئەقڵی سیاسی سەرانی کورد هێندە ئازایانەو بە بەرنامە نییە لە ئاست پرۆسەیەکی وا گەورەدا. گەر بچینەوە بە ڕێکەوتنە نهێنییەکەی نێوان سەرانی کورد و بەغداد لە بەشداریکردنی پرۆسەی لەناوبردنی داعشدا، کە بەپێی پڕۆتۆکۆڵەکە، هێزی پێشمەرگە لەو پرۆسەدا بەشداریی دەکات بە بەهای نیو ملیار دۆلار و، پاش پرۆسەکە دەبێت هێزەکانی پێشمەرگە بکشێنەوە. کشانەوەی هێزی پێشمەرگە بڕیارێکی گرانە، لەبەر ئەوەی لەو جەنگەدا جگە لەوەی زیاتر لە 2 هەزار شەهید و هەزاران بریندار وچەندین جار زیاتر لەو پارەیەی کە وەریان گرتبوو لەسەر بەشدار بوونیان، هەروەها هەڵایەکی زۆریی میدیایی و شەقام و فشەوفێشاڵێکی زۆریی سەرانی کورد بۆ ئەو پرۆسەیە، پێویستی بە سیانرۆیەکی ترە، ئەویش سینارۆی 16 ئۆکتۆبەر بوو. لەخوارەوە گرتە ڤیدیۆیەکم داناوە لە زاری سەرکردەیەکی یەکێتی چۆن باسی پرۆسەی بەشداریی کورد دەکات لە ڕاماڵینی داعشدا.

ئێستا پرۆسەی ڕیفراندۆم و 16 ئۆکتۆبەر بۆتە مێژوو، لە زەهنی تاکی کورددا کاڵ بۆتەوە. دیوێکی تری سیاسی بۆ شانسی سەرانی کورد فەراهەم بووە، ئەویش هەڵبژاردنی داهاتووی عیراقەو، چەند مانگێکی ماوە. ئەم هەڵبژاردنە بۆ سەرانی نسکۆی ڕیفراندۆم و حیزبە کوردییەکان لەوە دەچێت شانسێکی گەورە بێت بۆ ئەوەی بێنەوە مەیدان و ئەسپی سپی تاوبدەن و تەپوتۆز لەشەقام هەڵبسێنن. بەڵام تا جەندو بەکێشی چۆنایەتی تاکی کورد بەدوای هەڵای ئەمانە دەکەوێت، ئەوە لە ئێستادا زووە بۆ قسە کردن لەسەریی.

جەعفەر ئیمینكی: پارتی لە زۆر ڕوەوە نزیکە لە سەدرییەکان، چونكە هەردولا مەرجەعی خۆمان هەیە.

ئەم وتەیەی ئیمینکی” لە دوای ئەوەی زۆرێک لە مێدیا کوردی و عەرەبییەکان قسەیان لەسەر ڕێکەوتنێکی ژێر بەژێری پارتی و ڕەوتی سەدر کرد. چاودێران باسیان لەوە کرد، کە پارتی تەنازولێکی زۆریشی بۆ ڕەوتی سەدر کردووە لەپای ڕێکەوتن. لای منەوە ئەوە یەکەمین جارە پارتی وا بەئاسانی تێبکەوێت، چونکە لە خۆپێشاندانەکانی سەردەمی کابینەی عەبدولمەهدی و دواتر کازمی، ڕەوتی سەدر باوەڕی خۆی بەتەواویی لەشەقام لەق بووە. کەواتە ڕەوتی سەدر ئەو کێش و نرخە زۆرەی جارانی نەماوە تا پارتی بەهاوکێشەیەکی سیاسی گرنگی بزانێت تا لە گۆشەی قەتیسی سیاسییەوە بە پردی ڕێکەوتنێک بیگەیەنێتە خەیاڵەکانی ئێستاو داهاتوی.

دیوێکی تر وتەی سەرکردەکەی پارتی ئەوەیە، بەمێژووی 30 ساڵی رابردوو، پارتییەکان، ماڵی بەرزانیان بە مەرجەعی کوردایەتی و شۆڕش و نەتەوەی کورد زانیووە، ئەم قسەیە ئاستی ئەم بنەماڵەیەی دابەزاند بۆ ئاستی مەرجەعێکی شیعەو هێزێکی توندڕەوی دینیی.

چەند جارێکە کەسە سەنترالەکانی گەیاندنی قسەوباس لە لوتکەوە بۆ خوارەوە بۆسەر مێدیاکانی پارتی و، پاشا بۆ میدیاکانی تر، قسە لەسەر نەبوونی دەستوور هۆکارە بۆ کێشەی سیاسی لەناوخۆی هەرێم دەکەن. پەڕلەمانی کوردستانیش لەهەوڵی ئەوەدایە ئەم بابەتە زیندوبکاتەوەوبیهێنێتە سەرباس و لە بەرنامەکانی خۆیدا جێگیریی بکات، گوایا لە دەمی زۆر کەسی شارەزاشەوە گۆڕانکاریی لەپلەی دەسەڵاتەکانی نێچیر و پاشان هاتنە پێشەوەی مەسرور، مەسعوود بەرزانی بە بەرنامە ئەمە دەکات و کۆکردنەوەی تەواوی دەسەڵاتەکانی هەرێم لە پێگەی کوڕەکەیدا کۆدەکاتەوەو سەرۆکی هەرێمیش وەک شۆخ و خاوەن پێگەیەکی لاواز بهێلێتەوە بۆ برزا و زاوەکەی. ئەمەش خۆی لە خۆیدا کەمکردنەوەو لاوازکردنی  سەرۆکایەتی هەرێمە کە لە ئێستادا لە دەستی نێجیرڤان بەرزانی دایە. جگە لەمەش، زۆر لەمێژە یەکێتی و بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەوە دەکەن، کە دەبێت هاوشیوەی کڵێشەی سیاسی عێراق سەرۆکایەتی هەرێم، پێگەی شۆخ و حکومەتیش پێگەی دەسەڵات بێت. بەڵام بە حوکمی ئەوەی مەسعود بەرزانی لەو پێگەیەدا بوو، پەسندی ئەو بڕیارەی نەدەکرد و، لە ئێستادا خۆی لە دەرەوەی دەسەڵاتی حکومی و پێگەی شۆخدایە لە پێناوکوڕەکەی ئاماژەکانی یەکێتی و گۆڕان بە نرخی ڕۆژ بە کورد و حیزبەکانی تر دەفرۆشێتەوە.

پلانی مەسعود بەرزانی تەنها بۆ ناوخۆی حیزبەکەی و هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو هەنگاوەکانی داهاتووی لەسەر بنەمای فراوانکردنی دەسەڵاتەکانە بۆ دەرەوەی هەرێم. دەیەوێت بگات بە سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق، لەو ڕێگەیەشدا ئامادەیە نرخی زۆریی میلەتەکەی پێ ببەخشێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت