عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سیی و یەک.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە یادی 60 ساڵەی دامەزرانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستاندا, ئەو پەڕی سڵاو و رێز بۆ مامۆستایانی شەهید و هەموو شەهیدانی گەلی کورد و کوردستان .
دوێنێ یادى دامەزرانی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان بووکە لە 15ى ئایاری 1962 دامەزرا. ئەو یەکێتییە تێکۆشەرە قوربانیدەرە لە بارودۆخێکی زۆر هەستیاردا دامەزرا کە جارێ ساڵێک بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلولدا تێنەپەڕیبوو و رێکخستن و پتەوکردنی ڕیزەکانی چین و توێژە جیا جیاکانی گەلی کورد پێویستییەکی هەرە بە پەلە بوو بۆ پشتیوانیی شۆڕشی تازە هەڵگیرساوی کوردو هاندانی ئەو چین و توێژانە بۆ پشتگیریی شۆڕش و وەدیهێنانی ئامانج و ئاواتی گەلی کورد. مامۆستایان کە هەمیشە لە ڕیزی پێشەوەی خەبات و تێکۆشاندا بوون, ڕۆڵی سەرەکییان لە هەموو بزووتنەیەکی نەتەوەیی و نیشتمانیدا هەبووە. بۆیە ئەو یادە بەرز دەنرخێنین. لەو یادە پیرۆزەدا زۆر بەرپرسی باڵاى سەرەوەو هی خوارەوەش پیرۆزباییان لە مامۆستان کردووە و دەستیان خۆش بێ, بەڵام ئەگەر لێم تووڕە نەبن و ڕقم لێ هەڵنەگرن دەڵێم: گەلێک لەئەوانەی یرۆزباییان لە مامۆستایان کردووە لەو مێژووەدا جارێ ئەم دنیا پڕ لەگێرەو کیشەیەیان نەدیبوو و هێشتا, وەکو کورد دەڵێ لە پشتی باوکیان بوون و دوای ئەوە بە چەندان ساڵ چاویان بەم دنیایە کەوت و سەرەنجام لەسەر حازری هاتنە سەر ئەو خوانە پیرۆزەی کە مامۆستایان بە خەبات و قوربانیدان و خوێنی خۆیان ساز و ئامادەیان کردبوو و پێیەوە ماندوو بوو بوون. لێرەدا, ئەگەر لێم وەربگرێ کەمێک لەسەر بەیانەکەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەوەستم کە لە فێسبووک خوێندمەوە و ئەگەر ناڕاستییەک هەبێ, ئەوە فیسبووک کردوویەتی و لێی بەرپرسە و من تەنیا بەم کوردییە شەقوشڕەی خۆم لە عەڕەبییەوە وەرمگێڕاوە.
ئەمە سەرباسی بەیانەکەیە. ( نێچیرڤان بارزانی: معلمو و مدرسو کوردستان یستحقون ظروفا معاشیة و حیاة أفضل ) دەڵێم ئەوانەی کە کردوویانە بە عەڕەبی ڕەنگە ( مدرس ) بوو بن کردوویانە بە ( معلم و مدرس) و دەڵێم, ناوی ڕێکخراوەکە یەکێتــیی مامۆستایانــی کوردستانــە کە( معلم و مدرس و ئوستادانی زانکۆش ) دەگرێتەوە بۆیە پێویستی بەو جیاکردنەوەیە نەدەکرد. دەقی بەیانەکە وەک لە فێسبووک خوێندمەوە دەیکەم بە کوردی.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی رؤژی یەکشەممە بەیانێکی بە بۆنەى یادى شەسـت ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی مامۆستایان دەرکرد و لەو بەبەیانەدا گوتوویەتی: یادى شەست ساڵەی دەمەزراندنی یەکێتی مامۆستایان پیرۆز ڕادەگرم و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازییان بۆ دەخوازم و بە هەموو ڕێز و تەقدیرو سوپاسگوزارییەک ڕۆلی گرنگ و پیرۆزو ئەرک و تێکۆشانی مامۆستایان لە بواری فێرکردن و پەروەردە و گەشە پێدانی نەوەی ئێستا و داهاتوو بەرز دەنرخێنم. هەروەها لەسەر قسەکانی دەڕوا و دەڵێ: بەرپرسایەتی و ئامادەیی و ڕۆڵی پیشەنگایەتیی مامۆستایان لە کات و ماوەی شۆڕش و لە سەردەمی ئازادیی هەنووکەدا شایانی پیرۆزبایی کردن و سوپاسن, چونکە مامۆستایانی دأسۆزی کوردستان لە قورسترین و ناخۆشترین ڕۆژکاردا ڕووبەڕووى هەموو ئاڵنگارییەک بوونەوە و لەسەر بەجێهێنانی ئەرکی فێرکردن و پەروەردەیی خۆیان ڕۆیشتن و بەردەوام بوون و ڕادەستی بارودۆخەکە نەبوون . هەروەها لەسەر قسەکانی دەڕوا ودەڵێ: نەوەی ئێستا و داهاتوو ئەمانەتن لە ئەستۆی مامۆستایان و لەبەر ئەوە مامۆستایان کلیل و بنچینەی هەموو کۆمەڵگایەکی پێشکەوتوون و ڕۆڵی خۆیان هەیە لە گەشە پێدانی ڕۆشنبیری و یەکدی قبووڵ کردن و لێبوردەیی و پێکەوە ژیان.
مامۆستایانی کوردستان شایانی ڕەوشی گوزەران و ژیانێکی باشترن و ئێمە جەخت دەکەینەوە لەسەرهەموو پشتگیرییەکی خۆمان بۆ ماف و داواکاری و شایستەکانیان و بە چاوی ڕێز و سوپاسگوزاری دەڕوانینە ڕۆڵ و خزمەتی یەکێتیی مامۆستایان.
منیش دوو سێ قسەم هەیە و لێشم تووڕە بن هەر قسەی خۆم دەکەم و دەڵێم: باوەڕ ناکەم ئەو توێژەی کۆمەڵگا شایانی ئەو هەموو ستایش و پێدا هەڵدانە بێ و ئەگەر جەنابی سەرۆکی هەرێم و هەر جەنابێکی دیکە هاوڕان لەسەر ڕۆڵی بایەخدار و گرنگی مامۆستا و ئاوەها پێی هەڵدەڵێن وبە شان و باڵیدا هەڵدەدەن, نابێ ئێوە ئەوە بزانن کەژیانی مامۆستایان لە ئەستۆی ئیوەدایە؟ ئەدی بۆ مووچەیان دەبڕن؟ بۆ بە ناڕەوا چەندان مانگ هەر لەسەر دەمی جەنابی سەرۆکی هەرێم کە ئەوسا سەرۆک وەزیران بوو, مامۆستایان فلسێکی قەڵبیان وەرنەگرت؟ بۆچی بەناوی پاشەکەوتەوە نیوەى مووچەکانتان بڕێن؟ ئەومووچە بڕین و پاشەکەوتە لە سەردەمی جەنابی بەڕێزیدا داکەوت و لە هیچ شوێنێکی دیکەی جیهان ئەو ستەمە لە فەرمانبەر نەکراوە. بۆ ئەی ئەوساش مامۆستا هەر پێشەنگ و ڕابەر نەبوو؟ ئەو لی بڕین و ئەوى دیکەش با نیڵێم, لە کابینەی نۆش هەر بەردەوام بوو و ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئێوە ئەو قسانە هەر بۆ چاوبەستەکێ دەکەن و بڕواتان بە قسەکانی خۆتان نییە, بەڵام بەخوا مامۆستا وئەوانی دیکە ئەو جۆر قسانە بەگوێیاندا ناچێ.
بەڕێزینە ئەوەی ئێوە و هەر بەرپرسێکی باڵای دیکە دەفەرموون هەر قسەیە و سەتان ملیۆن سوپاس پێزانین و قسەی گەورەو زڵ پارووە نانێک ناهێنن بۆ دەمی منداڵی مامۆستایان هەر منداڵێکی برسیی دیکە. تۆ سوپاسی مامۆستا مەکە و مووچەکەی بدەیە. حەز دەکەی لیی تووڕە بە, بەڵام بە سی رۆژ مووچەکەی بۆ ئامادەکە. مامۆستا چی لە سوپاس و وشکە ڕێز لێنان بکات لە کاتێکدا منداڵەکەی 250 فلس لە گیرفانیدا نەبێ و هی ئێوەش شوێن نەبێ پارەی تێ بکەن؟ من لە نووسینێکی دیکەمدا گوتوومە تۆ مووچەکە بە ڕێک و پێکی بەو خەڵکە بدە و حەز دەکەی جنێویان پێ بدە وبڵێ یاخوا بە سندان و قوزەڵقورتتان بێ. بەڕێزینە زەمانی سوپاس و موپاش زیللۆخ, واتە گوزەشت و ڕؤیشت. منداڵان بە قسە تێر ناخۆن و سوپاس نابێتە جل و پۆشاک بۆیان. ئێستا لەم کاتەدا کە نرخی نەوت بەرز بۆتەوە و فڕیوە, ئابووریناسانی عیڕاقی دەڵێن لەوەتی عیڕاق هەیە پارەی وا زۆری بەخۆیەوە نەدیوە و لە ماوەی چوار مانگدا 10 ملیار دۆلارى زیادەی دەست کەوتووە بە پێی ئەو ڕێژەیە ئێوە دەبێ دوو ملیار و نیو دۆلارتان جەست کەوتبێ. باشە بۆ دەسکەوتی ئەوان ڕوو لە زیادییە و هێ ئێمەش هەر ڕوو لەکەمییە؟ دەڵێن کابرایەک لە ئێران باخێکی میوەی هەبوو و هەر کەسیک یچوایەتە ئەو باخە بۆ میوە خواردن, دەیانکێشا و دوای ئەوەی تێر میوەی دەخوارد کە دەهاتە دەرەوە دیسان دەیانکێشایەوە و چەندی زیاد کردبا پارەی ئەو زیادەیان لێ وەردەگرت. کابرایەک هەندیک بەرد دەخاتە باخەڵی و دەچێ بۆ باخەکە و دەیکێشن. کە دەچێتە ناوەوە تێر میوە دەخوات و بەردەکان فڕێ دەدات. کاتێ دێتە دەرەوە و دەیکێشن, سەیر دەکەن کەمی کردووە . سەریان سوڕدەمێنێ و دەڵێن: سنگین نشدى سبک چرا = سەنگین نەشودی سوبوک چرا, واتە ئەوە قورس نەبووى , ئەى بۆ سووک بوویى و کەمت کردووە. هى ئێمەش لە جیاتی ئەوەی بەو پارە زۆرییە بەشێک لە مووچە قرتێنراوەکانمان بدەنەوە, هەر دەڵێن پارە نییە و وەک جاران دوای دەخەن تا دوا جار ساڵەکە دوو مانگی لی کەم دەبێتەوە. قسەم زۆر پێ ماوە, بەڵام هەندێکی بۆ ئێوە جێ دەهێڵم و تکایە هەر مەڵێ دەست خۆش و دوو قسەش بکە. ئیدی خواتان لەگەڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت